فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەناسە بڕکێی هەڵهاتن لە ئێوارەیەکی کپ

هەناسە بڕکێیی هەڵهاتن لە ئێوارەیەکی کپ

دانیال هۆشمەند/ شاعیر/ ھەڵەبجە

ماندووبوون لەسەر ئەو ڕێیانەی
ناسنامەی هیچ شوێن پێیەکیان لەسەر نەبوو…
خەڵکی لە نیگاکانتەوە دەڕواننە قوڵاییت
نیگات بڕژێنە ناو کوچەکانم،هەزار لقم لێدەبێتەوە!
هەڵەبووم و لە پاروویەکی فەلەتدا سەراسیمەییم قوتدا.
ناتوانم ژیان لە ناو هەڵەکانی خۆمدا ڕاستبکەمەوە
لە نێو پاشماوەی ئەو ڕوانینانەی هەریەکەیان تەرابوون بەرەو تەم
شێوەم،چووەتە شێوەی ئەو گەڕیدانەی دونیا ونیکردوون!
توڕەیی ڕۆژە درێژەکان تینووی ئێمەن..بەختەوەری نا
ئەوە کاتە پەڕاگەندەبووەکانی زەمەنە هەمیشە تینووە..
ساتی لە دایکبوونەوە لەنێو خۆزگەیەکدا نــــا…
گورگەکان و دڕندەیی ئەوان تینوون..لێوەکانی من و تۆ نا
ئەوان تینوگەلێکن خەون بە خواردنەوەی ڕوونی ئاوەکانەوە دەبینن.
لە باوەڕیاندا ئاو تەلیسمێکە
هەموو شتێک دەئافرێنێ،ژیان نەبێت!

دەمخنکێنێت بێدەنگی..لە بۆشاییەکی نادیاردا
بیرکردنەوەم بەسەر سێبەرەکەی خۆمدا دەپرژێت؛
دەلاقەی ئاوڕێک بەسە بۆ ئەوەی شتانێک ببینیت کە پێشتر نەتدیووە
ئەم بیابانە تینووە..تینووی ڕۆحی ئێمەیە و
لە شێوەی شارستانیەتێکی ساختەدا خۆی دەنوێنێت
تا فریوو دەرخواردی مرۆڤە وەفادارەکانی بدات.
هەتا چاوەکانت هێزی وردبوونەوەیان تێدا ماوە،بمڕوانە..
ئەوەی دەیبینی تەنیاییمە لە نێو بەرداشەکاندا
ئەوەی دەیبینی چونەوە نێو خۆمە لەبەردەم دروشمەکاندا
بێهودەیی خوێنێکە وشک نابێتەوە
بێهودە زمانم بەخشییە هەنگاوەکانم
هیچیان نە سەرەتا و نە کۆتا هەنگاو پێیان نەگوتم؛
ئەوەی بەسەریدا تێپەڕیم..ئەوەی جێمهێشت
لە کوێی بیرەوەریمدا هەڵبگرم.

لەم نزیکانە ڕێگەیەک بوو بە ڕووبار؛
خەیاڵ و پێڵاوەکانمی تێدا خنکان.
رێگاکان درێژنین بەڵکو قوڵن،منی مرۆڤم چیرۆکی درێژ!
من بە پێوە دەژیم..لە ژیانێکدا هەموو شتێک خێرا
مرۆڤانێک دونیا بەڕوویاندا مۆنە
ڕاناگەن بچنەوە نێو پێخەفەکانیان،ناچار بە پێوە دەنون..
لایان؛خەو هەڵهاتنە لێرە و هەڵهاتنەوەیانە لە شوێنێکی دیکە..
بەڕوویەکی گەشەوە.
من فریای ئاوڕدانەوەیەکی دی ناکەوم
ناچارم مەکەن،دووبارە ڕووناکی بنوسمەوە
رۆژێک پشت ئەستور بە خێرایی تێپەڕینی خۆی،تێپەڕی..
من لە نهێنیەکانمەوە چەکەرە دەکەم..من پڕ بەخۆم نهێنیم!
زێدی من گەوزانە منێک مانەوەم بەئازارترە لە گەڕانەوەم
گەڕانەوەیشم بە ئازارتر لە ڕۆشتن.
ڕۆشتنم هەوڵێکە بۆ زیندوو مانەوە کەچی بە ڕێگاوە
مردن دڵۆپ دڵۆپ خۆی پڕدەکات لە من.

دەمێنمەوە و
ژیان جوانیەکانی خۆی دەفرۆشێت
لە نزیک گۆڕستان ماڵێک بە کرێ دەگرێت.
گەر هەموو ئەوانەی ڕوودەدەن تۆپێک دەزووی ئاڵۆسکاوبن
من هەناسەیەکم دیل..دیلی هەموو تەنگییەکان
رەشبینیش لەمندا دەزێ و مێروویەکی ژەهراوییە؛
نەفرەت لە رۆژگارم دەکات،لەمندا رێی رزگاری نیە…
بۆ ئەوەی لە برسا نەمرێت ناچار ناخم دەخوات.
ئاوێنەکان هەرگیز ڕاستی نابینن
وا خۆر دەمارەکانم تۆختر دەکاتەوە و ئازارەکانیش کاڵترم دەکەنەوە
لە نێوان دوو دڵدا ئێشێکی بە سۆم.
دڵێکیان تاریکیە؛دڵە ناشادەکەی جیهانە و
دڵێکیان ترسە؛ترپەی دێ و هەستدەکەم
چەندێک نزیکم لە پەراوێزخستنەکانەوە.