فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

یاد

یاد

گۆران ساڵح/ شاعیر /  کەرکووک

لەیادی
خۆمدا
درەختم دیوە
سەوز
پەڕەسێلکەم دیوە
سێبەری
دار توی کردۆتە هێلانە
لادێم دیوە
کۆڵانی پڕ کردووە
لە بۆنی گوڵاڵە سوورە
گوێم لە قسەی ژن بووە
چووکلێتی بەخشاندۆتەوە
ژنم دیوە وەک باخ
بەبارێ سێوەوە
ڕووبارم دیوە
بێستانی ئاوداوە
من بەر لەوەی بمرم
سڵاوم دیوە
جێگۆڕێکی
بەڕۆژ هەڵاتن
و
ڕۆژ ئاوابوون کردووە
قیبلەی گۆڕیوە
شارێکی کردۆتە پایتەخت
بۆ نێرگزەجاڕ
من لەیادی خۆمدا
ئەگەر کەمیش بێت
هەندێ
شتی جوان هەر شک دەبەم
بۆ مێژوو
هەندێ شت
لەژێر باران
تەنها بۆ شیعر