لەگەڵم وەرە تا بازاڕ
حەسەن ساڵح/ شاعیر / سلێمانی
حەزەکەم
ڕاخەری چاوەڕوانی زستانی ئەمساڵیشم
هەر بەدڵی تۆبێت و
ئەزانم
تۆ جوانتر ڕێکی ئەخەیت لەگەڵ ڕەنگی پەردەی پەنجەرەکانی
ژووری خەوزڕانەکانم .!
وردی لەهەڵبژاردنی ئەو جۆره فەرشانەی
پڕن لە
گوڵی درۆینەی جوان جوانی ئومێدی
هاتنەوەت و
بێ ئەوەی بیانبڕیت …پڕ بەدڵم ئەبن ….!
خۆت ئەزانی
من تۆزێ ڕەنگکوێرم و وەکو تۆ
نازانم
کام ڕەنگە زیاتر لەم هەموو بێڕەنگیەی
بێ تۆییەم دێت و
هێشتا حەزەکەم ناوماڵەکەم
لەگەڵ پاپوجی سەرفەرشی خەیاڵی هاتنەوەی
تۆ ڕێکەوێت
نەک
ئەو هەموو ماتییەی تەنیاییەکانی خۆم…..!
من خۆم ئەناسم
لەگەڵم نەیەیت حەیای خۆم ئەبەم و
قەرەچیانە
ماڵەکە پڕئەکەم لەڕەنگی عاجباتی سەوزو
سووری زەقی
داڵغەی تۆلێرەبوون و
قاقاکانی گاڵتە پێهاتنی تۆ بەعەقڵم …!
لەوانەیشە
بمخەڵەتێنن و لەجیاتی
فەرشێکی کاشانی پێنج سەدشانەی چاوەڕوانی
هاتنەوەی تۆی
گوللە نەبڕ
دیسان کومبارە شڕەیەکی کرچ وکاڵی بێ ئومێدی گەڕانەوەت
بدەنەوە بە کۆڵم دا…..!!
…..پایزی .2024