فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە مندا باخ وادەڵێت

لە مندا باخ وادەڵیت..

شەرمین وەلی/ شاعیر / ھەولێر

لە ئامێزی مناڵیمدا
مناڵی دەمگرێتە باوەش
بەدەم نەرمە گریانێکەوە
بەرەو (ڕووت) دێم

ژیر نابمەوە
تا ئەوەی لە سوچێکی گەورەبوونی تۆدا
نەبمە تاجی مەملەکەتی ئێستات و
لە خانەقای ئاسۆی تۆیا
نەبمە بیرەوەرییەکی
ڕووت ڕووت..

کاتێکیش ئاوڕ دەدەمەوە
ژیان لە مندا
گۆرانی دەڵێ..
ئاسمان لە مندا
نزا دەکا..
زەویش لە مندا
لەنجە دەکات و
بە نیگایەکی
پڕ لە مەغزای جوانی
بۆ تۆ
پێدەکەنێ و
ماچ دەیگرێ و
دەبێتە باخ…

ئۆگەستی ٢٠٢٤