ونبوون…
ھاوسەر ھەورامی/ شاعیر/ ھەڵەبجە
دەمێکە دەمم بەستووە جەستەم
لەگەڵ بێدەنگی ڕاهاتووە
زمانم ژەنگی گرتووە
لێوەکانم قڵیشاون
دەستەکانیشم لەرزۆک و
پەنجەکانم هەڵوەریوون
لەوکاتەوە مرۆڤایەتیم لێ وونبووە
جەرگم یەک پارچه کوون بووە
دڵم لەجەستەم ناسرەوێ
شەوێک لەلای خۆم ناخەوێ
ئاخر ژیان سوژنێکی گەورەیە
لەهەمووسوچێکەوە تێمەژەنێت ..
ژەنینێک هاواری خۆم لەگەڵ
سەدای مناڵێکی بێناز و
دایکێکی جەرگ سووتاو و
باوکێکی پشت چەماوەدا و
خوشکێکی ڕەشپۆشدا
بۆ جیاناکرێتەوە
ئاهـــ بیرم کەوتەوە !
لێم وونبووە ئەو جێگەیەی
کە بەئاشتی دەژیام
جەنگ چنگی تێناوە و چینێکی
لێ لەناوبردم
چینێکی لێ چەوساندمەوەو
چەندین چەتەی بەسەردا
چەسپاندم
تۆئەی وونبوو کەی دەگەڕێیتەوە ؟؟؟
کەی سەرێک لەو وێرانەیە دەدەیتەوە
کە لەدوای خۆت جێت هێشتووە
تائێستاش منێک کە بەدواتەوەم
زیاتر لەنیوەی تەمەنم لەسۆراخت
لێ بزربووە ……..
کەی ئەو تەمەنەم دەدەیتەوە…؟؟؟
دایکم …ئا ئا دایکم گوتی لێم ونبووە
ئەو کراسەڕەنگاوڕەنگەی
کەبۆ گەڕانەوەی باوکت
لەبەرم دەکرد …
ڕەنگەکانی کراسەکەی دایکم
بۆچی ونبوون ؟
تۆپێم بڵێ ئەی ونبوو
پەلکەزێڕینە بۆ ئێستا دەرناکەوێت ؟
بۆچی پاسارییەکان ناجریوێنن؟
بەڵێ ، بەڵێ بۆچی
سەگەکان ڕاوی خاوەنەکانیان
دەکەن و گورگەکان لەبری خۆیان
دادەنێن ..؟؟؟
ئەرێ بەڕاست
هێشتا هەر بەتەمایت
ونبیت و خۆت ئاشکرانەکەیت ؟
ئەرێ بەڕاست ..
چیترت دەوێ لە ونبوون
ناشێ تۆش هاوبەشی زوڵم و
زۆرەکانی ژیان بیت….
ئاخر کوشتن ، ڕسوایی … خۆکوژی
هەموویان لەدوای نەمانی تۆ
پەیدابوون…..
لەم سەردەمە ونبوون
لەهەموو شتێک زیاترو
لەهەموو شتێک بەنرخترە
ونبوون لەخود ،، لەتۆ ، لەئێوە
لەئەو لە ئەوان …
ئێمە با ونبین لەهەموو شتێک
تەنیا لەخۆمان نا
باونبین لە ستەم لەزوڵم
لە زۆرداری
من خۆم دەدزۆمەوە بۆ ئەوەی
ڕەنگەکان بۆ پەلکە زێڕینە بگێڕمەوە
گوڵەکانی کراسەکەی دایکم ڕەنگ بکەمەوە
دەمم دەکەمەوە تا ئاوازی شادی بچڕم
نەغمەی دڵخۆشی بۆ مناڵە بێنازەکان و
دایکە جەرگ سووتاوەکان و
باوکە پشت چەماوەکان
دەڵێمەوە ……
ئێوەش ئەی ونبووەکان
کەرامەت، ویژدان
ژیان، کەسایەتی
مرۆڤایەتی
بگەڕێنەوە باچیتر ژیان، نەبێتە ژان و
ژین، نەبێتە مەرگ و کفن نەبێتە بەرگ
گەر هاتنەوە توند دەتان گرین
تاجارێکی ترلێمان بزر نەبن …