گیرفانەکانی شەو
ماریا ئەحمەد/ شاعیر/ هەولێر
من بەناو قوڵایی روحی خۆم
رووچووم و
لەسەرەخۆ دەستم بۆ
گیرفانە دڕاوەکانی شەو برد
کە پڕ پڕ بوو لە خەونی زڕاو و
مێژووی سەربڕاوی ژانی
ئەو ژنانەی کە لەناو
جامی یاخیبووندا ڕژان و
ئیتر قەت کۆنەکرانەوە !
پڕ پڕ بوو لە پارچە تەتۆکەی
دڵی شکاوی ئەو کیژانەی
وێڵگەڕانە بەدوای بۆنی
بارانی موحیبەت و هەناسەکانی ئۆخەی دەگەڕان !
کەچی قەت نەیانهێشت گوێیان لە ڕیتمی گۆرانی
ئەو ژیانە بێت
کە خۆیان دەیانویست !
دەستم بۆ گیرفانە قووڵەکانی
شەو برد و
چنگم لە گۆزەی تلیزبردووی
پڕ پڕ لە ئاقیقی تەنهایی
کیژە کەزی شۆڕشەکان گیربوو
من لە تاریکی گیرفانی
ئەو شەوە سامناکە و
لە قووڵایی رۆحی خۆم شۆڕبوومەوە
چواردەورم پڕ پڕ بوو لەو پیاوە دەست بە چەقۆ و
دەم بە خوێنانە !
لەولاشەوە تەرمی کیژە بێکەسەکان !!
کە سەیر کەوتبوونە بەر
سێرە و دەسڕێژی
ئەو چەتانەی هەمیشە تەریفە !
کە بە خوێنی ئەوان نەبوایە
نە ئۆخژنی دڵیان دەهات و
نە دڵیان ئاوی دەخواردەوە !
من دەستم بۆ گیرفانە نەگبەتیەکانی شەو برد و
ئەوان پڕ پڕ بوون
لەو ڕووبارە ژەهراویانەی
کە دەبوو ژنەکان بەویست و بێویستی خۆیان بیخۆنەوە !
تا شەپۆڵەکانی مەرگ
لەگەڵ خۆی گەڕاپێچە و لوولی دان و دەیبردن !
ئیتر من کەوتمە
بنکی بنەوەی شەو و
تاریکی قوتی دام ….