فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئاسودەگی جۆری هەیە: بەڵام تۆ… هەمووانیت

ئاسودەگی جۆری هەیە:
بەڵام تۆ…. هەمووانیت

شنیا عەبدولمەجید/ شاعیر / ھەولێر

 

لەم ئاڵۆزیەیی ژیانەدا،
بیرم نایە چرکەیەک مێشک و دڵم
لە تۆ بێ ئاگا کرد بێ…
دەست و بردی زۆرم دەکرد،
تا بە نیوە ناچڵی ئەم ماڵە پڕ لە ئەوینەمان،
جێ نەهێڵین!
نازانی چەندە لەخەمی بێ یەکبوونمان بووم!

دەمزانی دوایی تۆ،
دەبمە ژنێکی کەم ئەندام!
لە جەستە نااااا
وەلێ لە ڕۆح
دەتزانی من لە ئازار ناترسم و… دەمێکە خەم خواردوومی
تاکە شتێ کەپێی ڕانایەم،
بێ تۆییە!
دانی پیادەنێم، چون تۆ نیوە تەواو کارەکەمیت
تا نەهاتیتە گۆ
دڵم، لە مشتما بوو، لە خۆمم دەپرسی:
تۆ بڵێی لەمن بگەڕێ؟
پشتگوێ خستن ناڵێم
گەڕان بەشوێنما ئەڵێم جانم
بە هەبوونت…
ئەگەر لە لێواری مەرگیشدابم،
هەر بۆم دەلوێ…
کە جوانترین هەست بژەنم!
تۆ وایت! بە هەبوونت دەتتوانی
ڕۆحی ژاکاوم سەر لەنوێ، ببووژێنیتەوە، ئۆخژنیت بۆ دڵی ژارم
هەناسەیت بۆ سینەی ژانم
پەناگەیت بۆ بێکەسیم
دوانگەیت بۆ بێدەنگیم
تۆ وایت.

لە گەڵ تۆدا…
منداڵیم بیر دێتەوە!
ڕێک ئەو ڕۆژانەی کە نەخۆش دەبووم و.. هەموویان دەخەوتن،
جگە لە دایکم نەبێ!
خودا دایکمی بردەوە…
وەلێ تۆی پێ بەخشیم!
هەر ئەوەیە کەدەڵێن خودا ئەگەر دەرگایێکت بەسەر داخا، هەزاڕانت بەڕوودا ئاوەڵڵا دەکا

هەمووان دەیانگووت:
چای سارد، گەرم ناکرێتەوەو… دەڕژێ!
من دەمزانی چاکەی من،
هیچ کاتێ نەسارد دەبێتەوەو… نەدەشکرێ بیڕێژم، چون من لە خوێنیا بووم.
بەخۆڕایی نەبوو ئەو جەنگەم بۆت هەڵگیرساند!
دەمزانی شایەستەیت، .
بۆیە دنیام هەژاند

نەبوونیتم پێ هەزم ناکرێ و
بەرگەی ناگرم!
چرکەیێکم بە نزیککراوەیی…
سەدەیێکە!

ئۆی من ئەو ڕۆژانەم چەندە خراپ بەڕێ کردن، کە تۆ لەسەفەردا لێم بەجێمایت!
هێندە مەدهۆش بووم
تەنانەت پاپووجەکەیشم بەرەواژ لەپێ دەکرد!
هۆشم لە وێ بوو…
هۆش لەکەللەی سەرما نەمابوو.

ئاخر من هیچی تۆم لا نەبوو،
تا وەک موفەڕکێ دەهامێزی بگرم و… بۆن و یادی تۆوەی پێوە بکەم،
تا دڵم ساکن بێ!
لەو غەریبیە خەریک بوو باڵم دەگرت
لە هیچ پەسێوێ، تووتکەم نە ئەگرت
وەک شاعیر گوتەنی:
” کە ئەو بۆ سەفەر چوو
ئەمن بۆ سەقەر چووم! ”

ناکرێ لە ڕابوردوودا جێ بمێنین،
دەنا پێم دەوتی کە من چیم چەشت لە تاوی ناوت!
ئێستا کە خۆر هەڵدێ…
هەر بەڕاستی لێم هەڵدێ!
لە دڵەوە ئاسودەم، ڕێک وەک ئەو ڕۆژانەی کە نوێژی بە یانم نەچووە!

وێنەکانت سەبوریم نادەن،
من بیری دەنگت ئەکەم!
هەموو بەیانیێ
حەزەکەم وەک بانگبێژێ،
دەنگت بڕژێتە نێو ڕۆژەکانم!
تا ڕەنگڕێژی بکەیت ڕۆژگارەکانم،
کە وێنەکەت دەبینم،
حەز دەکەم کات بوەستێنم و…
خۆم فەناکەم لە تۆدا!

لە من مەگۆڕێ…
خۆ دڵپاکی گێژی نیە،
پەروەردەیێکی جوان و…
دوا پلەی مرۆڤ بوونە.
لێم دامەمێنە، من خۆتم
مرۆڤ چۆن دڵی لەخۆی دەڕەنجێ؟
مەمتارێنە و بێ خەتا…
حەواڵەی دۆزەخی، بێ خۆتم، مەکە

من کەی تەوارێکی هێندە بە فیزو..
بەرز فڕ بوومە؟
ئەگەر وانیە بۆ لەو بەرزیەوە بەو خێراییە کەوتم بەسەر تۆی هەڵۆداو..
وەک فیشەکێکی گەرم، بزر بووم لەو ئەرزەدا،
لە گۆشت و… گیانتدا،
ئێستا بڵێ:
من ، شام بەخۆ دێ؟
ئەگەر وابوو، چۆنم کردیتە ناسنامە
بۆ وجودم؟

ئەگەر لەدواساتی تەمەنیشما بم،
هێشتان یێژم،
دەستم بە خۆشنوی ڕاگەیشتووە،
مادام لە باوەشت گرتمەوە..
دەمزانی بۆت ناکرێ،
لە قوڵاییم خۆت بدزیتەوە،
ئاخر هەر لە زوودا،
وەک حەبێکی ئازار شکێن لەگەڵ قومێ ئاوا تۆم خواردەوەو…
ئیدی بۆ هەمیشە لەخۆمدا جێم کردیتەوە.