ئەم شەو
پەری عەبدە/ شاعیر/ سلێمانی
شەوانێکە لە شەوانی
ئەنفالی ڕۆح دەچێ
لە گریمانەیەکی بوون و
نەبووندا دەتلێمەوە…..!!
ئەم شەو لە گردی شەهیدان
وێڵ و سەرگەردان
دەخولامەوە بە دەوری
خۆمدا…!
بە پێنوسەکەم لەسەر تابلۆ
دڕاوەکان
ناوەکانم تۆمار دەکرد ..!!
سڵاو لە شەهیدانی کورد
گوێتان لێمە
هاتووم تکاتان لێدەکەم
وەرنە کۆڕی ئەو ئاهەنگە
لەم خەوە قووڵە
هەڵناستن..!!!
دەی
هەستنەوە سبەی جەژنە و
قوربانی دەوێ،،،
ئەوەی زیندووە مردووە هانام
بۆ ئێوە هێناوە
هێشتا
زووە خۆر لەودیو کەلە
پەیمان بدەن لەبری ئەوان
دەنگ بدەن بە
ئازادی..!!!!
ئەوان مەستن هیچ تێناگەن
کەڕو لاڵن هەر گوێگرن،،،
لەسەر خوانی درۆ تێرن
باوەڕ بە برسێتی ناکەن
ئەوان گێلن…!
پێچەوانەی ڕاستی
دەڕۆن هەنگاو
دەنێن دەڵێی کوێرن…..!!
ئەم شەو
ئاسمان بڕیار ئەدا
لە گەڵ زەوی
ئەوان شایستەی ژیانن
یاخود نەمان
ئەم شەو
درۆ گەمە لە گەڵ گشتیان دەکا
ناوی خۆشیان لە بیر دەبا
قاقا بە نە بوونیان لێئەدا
تۆ بڵێی لەم خەوە
هەستن…!
چۆن بتوانم ئەم پەیامە بگەێنم
ئێوە کوردن
ئەمان کورتن بۆ یەکڕیزی
گرێنادرێن
عەجەمن تورکن دەستەمۆی
دوژمنی کوردن….!!!
جنێوفرۆش شەڕانگێزن
حەیف بە ناسنامە
کوردن…!!
16/10/2024