فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقێکی شیعری

دەقێکی شیعری

دەرێا ھەڵەبجەیی/ شاعیر / سلێمانی

 

من تاڵەکانی قژم
لە پیربوونی تەمەنمدا سپی نەکرد..
چاوەکانم لە ڕوانین بە باڵای
ڕۆژە ڕەشەکانمدا کز نەبوون..
لەرزۆکی دەستەکانم
هەڵگرتنی خەمە قورسەکانم نیه..
بێ هێزی ئەژنۆکانم
ڕاکردن نەبوو بە دوای تۆزقاڵێک ژیاندا..
لە بێ بارانی و بێ ڕەحمی هەتاو نەبوو
تینوێتی ڕۆحم..
من ئازاری ئەو هەموو ساتانه
دەرزی ئاژنینیان کردم
کە چاوەڕێم دەکردی ئێواران
کاتژمێرێک زووتر بگەڕێیتەوە…
باسی ئەو ڕۆژە بکەین
کە بەسەرمان نەبرد پێکەوە..

کە باران دەباری
من دەچوومە حەوشەکە
دەترسام لەوەی لە دەرگا بدەیت و
درەنگ بێم بە دەمتەوه
تەڕ ببیت
سەرمات ببێت
خەمم لە هەموو شتێک دەخوارد
تۆ ئازار بدات
تەنها لە بیری تۆدا بووم
پێش ئەوەی قسه بکەیت
دەمزانی دەڵێیت چی
بێ ئاگا لەوەی تۆ
هەموو ژنەکانی دونیات خۆش دەوێت
من نەبێت..
ناحاڵی لەوەی حەز بە دانیشتن دەکەیت
لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی
لەسەر شەقام دەیانبینیت
هەمنشینی من نەبێت..
نابیست لەوەی
دڵت دەیەوێت گوێ لەدەنگی
هەموو ئەو ژنانە بگرێت
به بێ خۆش ویستن بانگت دەکەن و
سارد ناوت دەهێنن
سەدای دەنگی من نەبێت..
نابینا لەوەی
ڕەنگی چاوی هەموو ژنەکانی سەر ڕێگا
سەرسامت دەکەن
نیگای چاوە گەرمەکانی من نەبێت..

ئاخر من
قسەی زۆرم هەیه بۆ وتن
کە دەریا ناتوانێت هەڵی بگرێت
ڕۆحم پڕە له وشه و
بەم دڵە پڕەوە
شتێکم بۆ ناوترێت..
گلەیی زۆر لە دڵمدایه
باس ناکرێت
ژنێتییم ڕێم لێ دەگرێت..
تەنانەت بۆ دایکیشم باس نەکرد
لە سوژدەکانیشمدا
بە خودام نەوت
شەرمم کرد…
ئەو شەوانەی درەنگ دەگەڕایتەوە
نزام بۆ دەکردیت
تووشی هیچ بەڵایەک نەبیت
پەنجەرەکەم دەکردەوە و
لە دڵی خۆمدا
هەنگاوەکانی هاتنەوەتم ئەژمارد
بۆنم دەکردیت
وەک هەناسەی ڕژاوی باران
کاتێک نزیک دەبوویتەوە لە تەنیاییم
دۆعاکانی دایکم بۆ هەزار بارە دەکردیتەوه
کاتێک باوکم درەنگ دەگەڕایەوە و
بیری دەچوو
دایکم لە تەنیایی خۆیدا
هەزار جار خەتمی مردنی خۆی دەکات..

ئاخر نەفام
من هێندە عاشقت بووم
وام دەزانی
تۆ خاتیمەی هەموو پیاوەکانی دونیایت
وەها فکرم دەکرد تەنها هی منیت
دوای مردنیشم
بۆ عەشقی من دەژیت..

هەزاران شەو
هەزاران نزام
وەک پەڕۆی سەوز هەڵدەواسی
بە بەرقاپی و پەنجەرەکانی ماڵی خوا
ئەپاڕامەوه تا له بەرچاوی ئەم عەشقەمت بخا
هەر تۆزێک تۆم لە بیر ببا
کەچی دونیام لەبەرچاو کەوت و
ئێستا و ئەوسا
تۆم بۆ لەبیر نەکرا…
وەکو ئەوەی ویستی خودا
سزای عەشقی تۆ بێت
بۆ من
هەر لەم دونیا.