فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هایکوو

هایکوو

ڕێبوار فایەق./ شاعیر / سلێمانی

لەو دیو تاریکییەوە،
هەر نوور نییە –
گڕیش دەمسووتێنێ !

کە هەنگاو بۆ ڕۆیشتن دەنێ،
خۆڵ دەگری –
بایش دەبێتە گێژەڵووکە!

ئاو هەر ئاوە،
ئەی فرمێسکت
بۆ بە مرواری دەچێ !

گەردن بەرزە چیا،
لێ گەردنی تۆ
پلوورەی بەفرە !

هێلانەی هەڵۆ،
بەرز بەرز دەبمەوە –
چاوت لە ئاسمانە!

مێشوولەکان هەراسانن،
” با ” بە پیری نەی دەژەنێ –
دووکەڵ!

چەمی چاو،
خوڕەی ئاوێکی گەرم –
دڵ فێنک دەبێتەوە !

٠کەوانەی خەم،
تیرێک بە دڵەوە
چ هاوکێشەکی هێزە!؟

گۆڕێک لە تەنیایی،
کێ دەربەستە
پێ بنێ بە دڵدا؟

هەژموونی ژان،
ئەم هەموو پێکەنینە
کرمی گریانە !

بەهەشتێکە،
بە ئاوی کەوسەر لێوڕێژە –
ئامێزی تۆ !

با و مشتەکۆڵە،
سێوەکان دەوەرن –
ئاوی جۆگە پەنگ دەخواتەوە !

پەڕینەوە،
هەوڵەدەم نەخنکێم –
مەلەی بوون!

بێ خشپە،
لەو دیو کەلەوە هەڵدێ –
مانگ !

پڕ نەشئەم بە خوڕەت،
تۆ هەناسەی ژیانەوەیت –
کچی باران !

خەیاڵم لە سەر قەیتەرانە،
کەمۆڵەی سینەت پڕ دەبێ –
بە چکاوی قژت !