فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەوێکی پڕ لە هەڕەشە

شەوێكی پڕ لە هەڕەشە

بڵند باجەلان/ شاعیر و نووسەر / ھەولێر

 

ویستیان لە تۆ دوورمبخەنەوە
دەمزانی بێچووە پاسارییەكان هەرگیز بەبێ دایكیان ناژین!

هەست بە تیژی نیگای ئەسپە كوێرەكە ناكەم
ویستیان لە ژێرزەمینێكدا بمشارنەوە تۆ نەبینم
تۆم بینی،
بە باوەڕەكەم هەستم كرد كە دەتبینم
خێرا دەستەكانم بەرز كردنەوە بۆ ئاسمان.

بۆ بینینت دەمرم!

خێرا ڕۆژنامەكە دەخەمە گیرفانم كە بۆنی گوڵەگەنم دەدا،
گوڵەگەنمی هیوا!
دوو هەنگاو دەنێم بەرەو لای دەرگاكە كە بە چەقۆ بریندار كراوە
گوناه كودەتای ئەبەدی بوو بۆ گیانی من…!

هێشتا ڕۆژنامەكە بۆنی گوڵەگەنم دەدا
هێشتا كەسێك دڵم مۆمیا دەكا.

دایكم پێكەنی و گوتی:
دەبێ بیر لە شتێكی تر بكەیتەوە، لە شەقەی باڵی كۆترێك!

بیردەكەمەوە
كە ویستیان لە تۆ دوورمبخەنەوە
چی بكەم؟