ئای هەوری لار
نەجات ئەحمەد/شاعیر / ھەولێر
من لەم تەلانی غەریبییەدا هەناسەم بۆ نادرێ
لەم جەنگەڵە تاریکەدا، غوربەت دایپۆشیوم
ئاخر چۆن سێڵاوی ئەشکم عالەم ڕاناماڵێ؟
“جێم نییە تیا بسرەوم خاکم وەسەر، بێ لانە خۆم”
لە بن سواندەی تەنیاییمەوە چۆلەکەکان تانەم لێدەدەن
لە دامێنی ئەم ڕۆژە غەمینانەوە زەردەخەنە بژار دەکەم
ئاخر چۆن شەق نەبات گۆزەڵەی سینەم ” موستەحەقی تیر و تانەی ئاشناو بێگانە خۆم”
بە ڕێی پڕ دڕک و داڵی غەریبیمدا دێم و دەچم
باوەش بە نەسیمی غەمگینی سبەینانمدا دەکەم
بەدەم ئەم هەناسە تەنیایانەمەوە لەبەرخۆمەوە دەگریم و دەڵێم:”کاری ئەمن و تۆ هەوری لار کەوتۆتە کێشە”