فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وەرزی مردن

وەرزی مردن

پشکۆ نەجمەدین/ شاعیر/ سوێد

وەرزێک دێ، دەمرم..
خۆزگە پاییز بێ و خوێنی گەڵایەک
بڕژێتە ڕووحی هەڵفڕیومەوە.
خەزانی دارێک،
تەرمی بێنازم لەئامیز بگرێ.
بە تیشکی زەردی دوا نیگامەوە،
پەلکەزێڕینەی ژیان جێ بێڵم.

وەرزێک دێ، دەمرم..
خۆزگە پاییز بێ و
دوابزەی نازی خۆرئاوابوونێک،
تابووتپۆشم بێ.
ئەستێرەیەکی ئاشق و سەرشێت،
وەک خۆم سەریاخی، ببێتە گۆڕم.

پشکۆ نەجمەدین
دیوانی من