فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گوڵێک لەدەرەوەی باخچەیە

گوڵێک لەدەرەوەی باخچەیە
بورھان قەرەداغی/ شانۆکار و شاعیر/  ئەڵمانیا..

لەدوریتا دڵم بۆتە بەردی سەرگۆڕ
چاوم بۆتە شەوی زستان
چ پایزێک ڕێی پێگرتوم جوانی جوانان .

بەئومێدی تۆ بەناو زەمھەریرا ئەڕۆم
دەستی سپی نێرگز ئەگرم
دەرگا لەبەیانی ئەکەمەوە.

بەئومێدی تۆ ئێواران پیاسە ئەکەم
کتێبەکەم ئەخەمە سەرسەرم و
بەپێکەنینەوە بەژێر بارانا ڕائەکەم .

بەئومێدی تۆ عەترەکەت لەخۆم ئەیەم
خۆشەویستی تۆو ئەکەم
تەنیایی ڕاو ئەنێم .

(بەخەیاڵی تۆ ڕۆژەکانی ئەو ڕۆژ ژمێرە
ڕەشئەکەمەوە ،
کەچاوەڕوانی تۆم تیاکرد ).

بەخەیاڵی تۆ گوڵەکان ئاو ئەیەم
ئەچمە کافێیەک
دوو قاوە بانگ ئەکەم .

بەخەیاڵی تۆ ھەموو نۆی مانگێک
بەگوڵێکی سورەوە
لەفڕۆکەخانە چاوەڕێت ئەکەم .

بەخەیاڵی تۆ دەستم پڕئەکەم لەئەستێرە
ئەچمە بەردەرگای گوڵەباخ
میوانداری لەتریفە ئەکەم .
ئەڵێم :
بانقوم بین من و تۆ
لەشکۆفەی سوری ئەشقا.