دەیان کەڕەت
دیار نەسیم/ شاعیر / کەرکووک
دەیان کەڕەت
دەستبەرداربووم،
لەهۆنینەوەی هۆنراوە
بۆ ئەوەی هەستت نەژاکێ،
خامەکەم توڕ فڕێداوە
چوونکە وام خەیاڵ کردووە
شیعرێکی پڕ حەسرەتی من،
شەوێ تۆ بخاتە گریان
بتلێیتەوە تاکو بەیان
پشکۆی یادێ،
بەنوکی دڵتدا بچزێ
هەرچی خۆشی و شادی هەیە،
لێتی بدزێ
بتباتەوە بۆ ڕابوردوو…
بۆ ئەو خەون و خەیاڵانەی
لەدەستمان چوو
ئەڵێم ڕەنگە
بەخوێندنەوەی هەڵبەستێکم،
ماڵەکەت لەبەرچاو ڕەشبێ
جارێکی تر،
ژیلەمۆی خەیاڵی دیدار
لەسەرتدا گەرم و گەشبێ
نانا ئازیز
هەرگیز خەیاڵی من نەکەی،
با نەزانن ڕۆژێک منت خۆش ویستووە
با نەزانن لەپێناو من
هەزاران خەونت کوشتووە!
پێ بزانن
سەرت دەبڕن،
لاشەت دەخەنە ڕوبارێ
مەگەر شەپۆل بتهێنێتەوە کەنارێ
تۆ هەر لەوێ بمێنەوە
منیش هەر لێرە بۆت دەمرم
تۆ بادەی شادی بنۆشە،
ژەهر بۆمن،
من ڕاهاتووم
بەرگەی هەموو کۆستێک دەگرم
بەڵێ گوڵم
ترسم هەیە
شەوێ بەدیار شیعرێکمەوە
هێندە بگری
لە پەشیمانیا بمری
بۆیە هاشابێ سەد هاشا
لەوشیعرانەی
لەدڵتدا دەبنە ئازار
لەگەرووتا دەبنە هاوار
بەچاوانتدا دێنە خوار
با دڵی خۆم
پڕ لەخەمبێ
تەنها تۆ ئازارت کەمبێ
با قەزای تۆ لەخۆم و لەشیعرم کەوێ
سەرگەرمی ژیانی خۆتبە،
هەرچۆنێ بی و لەهەرکوێ بی،
تۆم خۆشەوێ
تۆ هەر لەوێ بمێنەوە
منیش هەر لێرە بۆت دەمرم
تۆ بادەی شادی بنۆشە
ژەهر بۆ من
من ڕاهاتووم
بەرگەی هەموو کۆستێک دەگرمرم