لەو نیشتمانە ساردەدا..
شێروان عوسمان/ شاعیر/ کەنەدا
بە ‘ئومێد’ی گەورە
بە ‘خەون’ی کەتەوە
بە ‘وزەیەک’ لە بروسکەوە
خۆمان دەکەین بە مەنفاوە.
لە هەوەڵین چرکەساتدا،
بەر دیوارێک لە ساردی دەکەوین
سەرمان لە شاخەسەهۆڵێک دەدەین
عەیامێک دەبورێینەوە و دەکەوین..
هەندێکمان.. بەینێک، سڕدەبین
کە نزیکە لە تەمەنی ئاوزینگدان
هەندێکیدیش.. تا ساتی گیاندان.
تا ئەو دەمەی هۆشمان دێتەوە،
هەموو ‘ئومێد’و ‘خەون’و ‘وزەکان’،
دەچنە دۆخێک لە متبون و ڕچین..
لەو پەناگە ساردەوە،
خۆمان لێ ون دەبێ
ئێستامان لە ڕابردوو دەترازێ..
لێرە؛
ژیان بەڕێ دەکەین، بەڵام ناژین
تێر دەڕازێین، بەڵام خەونابینین
دەم بەشدەکەینەوەو
قاقامان ڕۆژە ڕێیەک دەڕوا،
وەلێ دڵ پێناکەنێ..
لە “هەنوکە” هەناسە دەدەین،
بەس هێشتا لە ڕابردوو دەژین
لەو نیشتمانە ساردەدا؛
بە ڕێگا دەڕۆین و دوو کەرتین
ئەڤین دەکەین و دوو دڵین
دەست لە سینەمان دەدەین،
هەست دەکەین بێ دڵین..
لەو شارە ساردانەدا؛
بەو دەستانەی،
لەناو زایمان*ی نیشتمان،
گەرممان دەکردنەوە،
دەست لەهەر شتێک دەدەین،
یەکسەر دەمەیی و دەبەستێ..
بەو تام و بۆ و،
نیگا سووتاوانەی،
بە گرپەو تیژاو*ی ئەوێ،
تیژمان دەکردنەوە،
لەهەر کەسێک نزیک دەبینەوە،
بە هەستێکی کول و بریندار،
لێی دەردەچین..
بە سەرێکی کفتی قوڕسەوە،
لێوڕێژ لە بارگەو ژاوەژاوەوە،
بە غەمێکی نێژراو لە سینەوە،
ڕێ دەکەین..
تا ئەو سەرە،
بە سەرێکی هێمنی ئاوەزێ
نەگۆڕینەوە،
کە هۆش قوڵپەقوڵپ بدا
مەحاڵە،
بەخۆ بێینەوە و خوڕە بزێ
ئەو بەستەڵەکە دابشۆرێ..
ئەستەمە،
ئەمڕۆی زوقم
بە دوێنێی گەرم
ببەستینەوە..
دەبێ تازە بڕۆین
مێژوو بژار کەین
ڕێ ڕێ لە کۆڵی کەین
بە ‘خەون’و ‘ئومێد’و ‘وزە’ی تازەوە
ئەو شارانە گەرم بکەینەوە
کە لەناو دڵ هەڵمانگرتووە
*زایمان: منداڵدان
*تیژاو: تێکەڵەیەکە لە ئاو و خۆڵەمێش(مشکی) بۆ پاککردنەوە بەکاردێ. لە گوندەکان، لە دروستکردنی مێوژ بەکاردێ، تا ترێ پاک و زوو وشک بێ و مێش ومەگەزو زەرگەتە نزیکی نەکەون.