فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دیجلە بێ بەلەم دەڕۆیشت

دیجلە بێ بەلەم دەڕۆیشت
بەختیار ئۆغەن/ شاعیر / ھەولێر

بەرەو شارەکە هاتن پیاوە دەمامکدارەکان
چوونە هەر باخچەیەک گوڵەکان مردن
بۆ هەر حەوشەیەک چوون خەونەکان کەوتن
بەهەر شەقامێکدا ڕۆیشتن ڕووناکی ڕوخسارەکان کوژانەوە

لە موسڵ هەڵاتم
وەک جەنگاوەرێکی جێهێڵدراو
وەک جوتیارێک کە کێڵگەکەی بووبێتە سەربازگە
ڕامکرد بەناو لەوەنی دەوئاوەکان و شۆیەکاندا
بەناو حەساری مەڕداران و دەشتە مینڕێژکراوەکان

برینێکم لەسەر شان بوو
تا ڕووباری خازر خوێنم لێهات
لە زوورگەکان بۆ دیلەکان گریام دایکە

وەک لقی درەختێکی وشک
بەدوای خۆم جەستەم ڕادەکێشا
دەنگم نەدەگەیشتە شوفێرەکان، نەدەگەیشتە ئۆتۆمبێلەکان

لە دەشتی نەینەوا
کە سەربازەکان هەڵاتن
کەسێک تازە بە میوانی چو بووە لای پەنجەرە
کەسێک تازە لە دەشتی ڕوخسارێک ماچێکی چاندبوو
کەسێک تازە کراسێکی کردبووە بەر ماڵێک و بۆی نەگەڕایەوە
لە کاتێکدا
دیجلە بێ بەلەم دەڕۆیشت
لە قورگم تەنیا گریان هەبوو، تەنیا هاوار

ئەی دیجلە
ئەی ئاوی خۆشەویست
لەبەر تۆزی شەڕەکان و هاواری نارنجۆک
مرۆڤێک ژیانی خۆی دەشاردەوە لە قۆرتێکدا
هەبوو بۆ قژی ژنێک دەگەڕا لە دەستی ڕژا بوو
هەبوو گۆرانییەکی لەپشت کێلی گۆڕستانێک دەگوتەوە

ئازار
بەردێکی قورسە
بۆ مرۆڤێک کە بە تەنیا هەڵگرێت
لەپشت دەنگی فڕۆکە و
جێهێشتنی تەرمە زۆرەکان