پێرسێفۆنیی. *
سیسی دوچیو
وهرگێرانی لە یۆنانییەوه: ئومید قەرەنی/ شاعیر/ هەولێر
پێرسێفۆنیی لە هادیس گەڕایەوە؛
– ئەمە سەرەتای بەهارە
کچێک دەگەڕێتەوە لای دایکی
تاکو پێکەوە سەمابکەن.
ئەو لەگەڵ شاعیرانێک گەڕایەوە
لە ئازارێکی بۆماوەیی ئەژنۆیەکانیاندا دەناڵێنن.
خۆشبەختیی گۆڕەپانێکی جەنگە.
خواوەند پێرسێفۆنیی؛
– فەرمانڕەوای هەموو شتێک
بە لەشی پیرۆزی
ڕووەکی کێویی بە ناخی دڵمانەوە دەنووسێنێ،
دڵخۆشە بەو نووسەرە شەکەتانەی
بە ناشارەزایی دەگەڕێنەوە
لە دوا بارانی بێدەنگیی خۆیان لە باوەشی دەنێن
بێدەنگییەکی قووڵ
هەموو ئەو کەسانەی نهێنییەکانیان دەزانی
بە عیرفانێکی دینییەوە یەکسانییان بەخشی
زێڕێکی بێ ئەژمار دەڤەرەکانی جیهانی تەنی.
پێرسێفۆنیی گوێی لە کۆترەکانە کە ئاخ هەڵدەکێشن
دەڵێن ڕێیان ونکردوە.
لە دوڕ قەڵایە کۆنەکاندا دەست بە دیوارەکان دادەخشێنێ
وەک ئەوەی جەستەی دەریا بێ
یان کراسی ئارەقاویی کچێک
یان هەناسەی ئۆرکێسترایەک.
سەد زەبوور..
مرۆگەلێکی سەرگەردان
بێ وشە گۆرانی دەچڕن
تەنیا وەک دەنگدان و خرۆشاندنی ئاژەڵان.
کوندەپەپۆیەکان قۆمەتیان لە دەسکەوتی مردووەکانمان چێکرد **
لە نێوان ئاسکەکان و رووگە بلوورییە نەرمەکان نوستن.
هاواری رۆژگارە زیندووەکان
سێ پەرتووکخانە ڕەشەکەی وەئاگاهێنا
ڕۆژی لەدایکبوونی، ڕۆژی لەدایکبوونم.
تەنیا لێرە کاتژمێرەکان بە هەور دەچوون
بە بوختان قسەیان لەگەڵ پشکۆی ئاگرێک دەکرد کە بوونی نەبوو.
پێرسێفۆنیی
کە لە رێیاندا ئاسکە مردووەکان دەبینێ
فاڵێکی خراپن و ترس بیرکردنەوەکانی دادەپۆشێ.
دەنکە برنجێک و
هۆنراوەیەکی لەدایکنەبوو
بە جلی سپییەوە لە تەنیشت کۆڕاڵێکەوە مێژووی ئێستا دەدڕێنن.
شڵپەی ئاسمان هەمیشە شینە.
هەموو یاسەمینەکان بریندارن و بەهار دەدرەوشێتەوە
– هیچ دەرمانێک نییە – هیچ ملکەچییەک نییە، رابوونی شار نزیک دەبێتەوە.
هەر ئازارێک لە سێدارە دراوە.
هەر کەسێک بەردێکی هاوێشتبێ شەقامەکان ئازاد دەکا
لەپی دەستی هەژارەکان تەخت بوونە، لە هەموو ڕوخسارەکاندا
ئەوانەی ترس دایپۆشیون و بە نیگاری خامۆش گەمارۆ دراون.
پێرسێفۆنیی
پەیکەری ئەژدیها لەسەر شەپۆلەکانی دەریایەکی بێکۆتا دەنەخشێنێ
کچە تاقانەیەک لە ژێر چارشێوی سپیدا شاردراوەتەوە،
بەخششێکی گرانبەها بۆ دایکە زەوی
بۆ زەماوەندێک کە دە ڕۆژ دەخایەنێ.
مارمێلکە کەونارە لەهۆشچووەکان رابوونەوە
وەک فریشتەکانی شار ریزیان بەست
بۆ پاراستنی لەشی ڕووتی دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێ.
پێرسێفۆنیی
دەبینێ دارەکان ئاو دەخۆنەوە و
بە تێنویەتی و یادەوەرییە ناسکەکەکانی مرۆڤەکان پێدەخەنن
دەسکەوتی قەرەباڵغیی
فسکەفسکی ژێر تەپوتۆزەکان خەونی گۆشتخۆرەکان دەشێوێنن
– رۆژ ڕاسپاردەیەکی لە ناو دارستاندا شاردۆتەوە.
دەتوانی ڕاوەستی، هەناسەیەک هەڵمژی
سەیری هەموو سەدەکانی پشت سەرت بکەی
نامەیەک بنووسی و
هەر رۆژ بە دەنگی بەرز بیخوێنیەوە
وەک هەرزەکارێک، وەک تارماییەک، وەک مرۆڤێک.
ڕۆناکییەک کە سۆمای چاو دادەڕێژێ
بەسەر دەستی سێ منداڵدا دەڕژێ.
دارستان جەژنی ئازادیی ئاژەڵەکان دەگێڕێ
کە شوێن پێیان لەسەری جێدەهێڵن.
ڕووبارەکە دەدرەوشایەوە
پەپوولەیەکی کێوی زاری هەڵپچڕی و
گوتی: ”هەرزەکارەکان لە گەشە کەوتن
کاتێک کۆشان مەتەڵی شارستانیەتی ڕۆژئاوا چارەسەر بکەن”.
ئاسکە کەونارەکان ددانەکانی ئایندەیان ناشت و
دەرکی پەناگەکانیان لە پێناو سۆزێک
بە ریخۆڵەی مرۆڤە ئازادەکان بەست.
– بەڵکو ئەو جارە
خۆشەویستیی سەرکردایەتی ڕێکەوتنەکە بکا
جیهان لەبەرچاوماندا بگۆڕێ
تێکڕامان هەمان نان بە هەمان چێژەوە بخۆین.
ئەمڕۆ دەریا پێڵووی چاوی
کچە خۆبەزلزانەکەی سۆژیاند.
پێرسێفۆنیی لە ئەسینا
کەمێک دوای جەنگ، سەرەتای بەهار.
ئەو هۆزانەی لە نامیلکەیەکی سەردەم کۆتایی هات
لە لاپەڕەکاندا هەڵدەلەرزی
تا لە پەنجەرەوە دەرچێ
لەو کاتانەی خەڵک لە کاتژمێر چواری سپێدان نوستبوون
کاتێک گالیسکەکە لە یانەی هۆزانڤانان نزیک دەبێتەوە و
منداڵێکی نەخۆش بە چاوی داخراوەوە
ماڵئاوایی لە ئەسپە شپرزەکان دەکا.
هۆزانی داهاتوو ناونیشانی ”دەریا و ماتەم” دەبێ
٥١٤ لاپەڕە دەبێ، لە من گەورەتر دەبێ، لە من پتر دەبێ
کاتێک من وندەبم/ دەسڕێمەوە/ دەمرم
ئەو بە شانازییەوە لەگەڵ ٥١٤ هاوسەفەردا دەوەستێ.
ئەوەیە بەهار پێرسێفۆنیی.
نیوە ڕۆناکیی
نیوە تاریکیی.
____________________________________
* پێرسێفۆنیی: لە میتۆلۆژیای یۆنانیدا خواوەندی بەهار و ژیانەوەیە. ئەو کچی دیمیتەر (خواوەندی بەرەکەت) و (زیوس)ە. بە پێی ئەفسانەکان هادیس (خواوەندی جیهانی ژێرزەمین) پێرسێفۆنیی فڕاند و بردی بۆ دۆزەخ. پێرسێفۆنیی دوای گەڕانەوەی ساڵانە شەش مانگ لەسەر زەوی و شەش مانگ لە ژێر زەوی دەژی.
** قۆمەت: خڕکردنەوە و کەڵەکەکردنی هەر شتێک لەسەریەک.