فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شعر

شیعر

سەلیم عوسمان/ شاعیر/ بەریتانیا

‎بمکە بە هەموو ئەو شتانەی زمان نازانێت حەرەمیان بشکێنێت
‎بمنووسەرەوە، بمکوژێنەوە، لە ڕستەدا یاریم پێبکە، گوێ مەدەرە مانا
‎لەکوێدا ویستت خاڵ و ناوبەندم بۆ دابنێ
‎بمبە سەری دێڕ، بمخەرەوە کۆتایی دێڕ
‎بەکام پێنووسی بۆیە ویستت ڕەنگمکە
‎گوێ مەدەرە ڕەنگی چاوم، ڕەنگی قژم، ڕەنگی دڵم ..
‎گەر پێت خۆشبوو هەموویان بکە بە ڕەنگی خۆت
‎عەسران ئاوڕشێنی سەکۆی ڕۆحتم پێ بکە
‎بەیانیان بمکەرەوە گۆرانیەکی فەیروز
‎نیوەڕۆیان بمکەرەوە سەر خەوێکی کورت
‎گەر سەرمات بوو وەک شاڵێک بمدە بەشانتا
‎کە نەخۆش کەوتیت، دەوای دکتۆرەکان فرێدە و وەک گوڵە هێرۆیەک بمکەرە ئاوەوەو
‎سێ ژەمە بمخۆرەوە
‎بمخەر شوێنی قۆپچە کەوتووەکان
‎بمکەرە خەیاڵی ئەو شعرانەی نەتنووسیون
‎من زۆر شتم، چیت ویست لێم دروست بکە
‎ نازەنین.. ئەها من لەگەردی خەیاڵێکی تۆ
‎تەنها گەردێکت، چی درووست ئەکەم..