فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەڵوەت

خەڵوەت

بەکر ئاڵەیی/ شاعیر و نووسەر / ڕانییە

—–

بە تاقی تەنێ لە خانوویەكی كۆنی گڵ دایە، جگە لە چەند مریشكێك و پشیلەیەك، هیچ بوونەوەرێكی دێكەی لێ نزیك نەبوو، هەموو ئێوارەیەك كە خەریك خۆرئاوابوون بوو خەمی داكردنی مریشكەكانی دەخوارد، چرایەكەی بە پەڕۆیەك خاوێن دەكردەوە، كوندەیەكی ئاو دەبردە ژوورەوە، شەوانە بۆ سەرئاویش نەدەهاتە دەر، سەرشۆركەیەكی لە قولینچكێكی ژوورە درووست كردبوو دوو مەنجەڵ ئاوی هەمیشە بەپڕی لە ژوورەكەبوون، سەر ئاورەیەكیشی لە ژوورەكە درووست كردبوو دوو ئامێز چیلكەو چاڵی لەسەر یەك دانابوون، یەغدانێكی كۆنەساڵی لە قووژبنی ژوورەكە پڕی كردبوو لە پێداویستی وخواردەمەنی، چیخێكی چندراوی بە بەنی ڕەنگاوڕەنگ بە قامیشان بە نێوقەدی ژوورەكەدا هێنابوو، ئەو بەنەی چیخەكەی پێ چندرابوو وەك كۆلكە زێڕینە شەبەقی دابوو بە ژوورەكە، سێ پەنجەرەی كەمێك گەورەی لە بن میچی ژوورەكەدابوون، یەكێكیان ڕووی لە ڕۆژهەڵات، دووەمیان قیبلە، ئەوەی دیكەیان ڕۆژئاوا، وەختێك ڕۆژ دەردەكەوت ڕۆشنی دەدایە هەموو ژوورەكە، جاجمێكی ڕەنگاو ڕەنگی بەسەر یەغدانەكە دادابوو وەك بوكێكی یەك شەو دەدرەوشایەوە.
شەوانە تا درەنگ ڕاوێژ و دواندن لەگەڵ پشیلەكەیی و هەندێك جاریش لەگەڵ دووڵدووڵەكانی ناو سندووقەكە، گوێم لێبوو بە هەستێكی پڕ خرۆشانەوە، دەیگوت: ئێوە بەمنەوە چوار كەسین، هەریەكەمان جۆرێك دەڕوانینە دونیا، من وەك دڵدارێكی شەیدا بە خودا ڕسمی هەموو ئەو ئاواتانە دەبینم دەمێكە لە بیركردنەومدا دێن و دەچن، هەموو قەرەباڵغییەكانم جێهێشتوون بۆ گەیشتن بەنوور، گەیشتن بە ڕوناهی، گەیشتن بە تەوڕاتی ژیان، ژیان گەیاندنی دڵەكانە بە ئاسمان، ئێرەم بۆ خاوێنبوونەوەی ڕۆح هەڵبژاردووە ئێوەشم بۆ تەنیایی و بەربوونەوەی خۆر هێشتۆتەوە.