فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گەشتی ئێوارانی بڵوار

گەشتی ئێوارانی بڵوار

ناسر وەحیدی/ چیرۆکنووس و وەرگێڕ / بۆکان

قەتم وەک ئەم ئێوارێیە نەدیت بوو، قەتیش باوەڕم نەدەکرد ئاوا بێ، تەنانەت
ئێستاش کە بە چاوی خۆم دیتوومە. کابرایەکی دەسفرۆش و سێ چوار کوڕە
جحێڵە ئاگایان لێ بوو، لەوانەی ئێواران خۆیان تیفتیفە دەدەن، بۆ چاوەچاو
دێنە بڵوار. کابرای دەسفرۆش لەگەڵ هەرای شتومەکەکەی پێدەکەنی،
دەم وفڵچی بۆ کۆ نەدەبۆوە. یەکی بۆزی چاوشین بوو، لایەک لە خلێنەی
خوارەوەی نەمابوو. ددانی تەنیشتی و خلێنەی سەرێی کرمۆڵ بوون. یەکێک لە
کوڕە جەحێڵەکان بارانییەکی بۆری دابوو بە سەر دەستیدا، بە پەنجەی پێی
لەسەر ڕیتمی دەستی ئەو ئاهەنگی لێدەدا؛ وەک ئەوەی ڕێبەری سەمفۆنی بێ
و سیانەکەی تریش سەیریان دەکرد و دەتریقانەوە.
پیادەڕەوەکانی بڵوار زۆر پان و بەرفەریحن. جامخانەی هەموو دووکانەکانی
بە جوانترین شێوە و بە سەلیقە ڕازاونەتەوە. ئێواران دەبێتە قەرەباڵغییەکی سەیر،
سەگ ساحەبی خۆی ناناسێتەوە. ژن و پیاو لە ناو پیادەڕەوەکەدا شەپۆل
دەدەن. دەبێ وەک مەڕ سەر بنێیەوە وەدووی ئەوی پێش خۆت بکەوی، ئەگینا
دەرچوون مەحاڵە. شەپۆلی مرۆ وەبەر خۆت دەدا، ڕاتدەماڵێ. ئەگەر بتەوێ لە
سووچێکەوە بچییە سووچێکی تری پیادەڕەوەکە، شانت وە دەیان شانی دیکە
دەکەوێ، لاتراسکە دەبەستی. جەماوەر چەشنی مێش لەم پیادەڕەوە پوورە دەدەن.
جوان ترین کچ و ژنی ئەم شارە بۆ سەودا و کڕین ڕوو لەم شوێنە دەکەن. وەک
ئەوەی بڕیارێکی نهێنی لە ئارادا بێ و ماڵ بەدەریان کەن، دەڕژێنە ئەو
پیادەڕەوانە. جوانترین لیباس لەبەر دەکەن، وەک ئەوەی بچنە شایی. هەموو
جۆر ئاڕایش: تۆخ، سووک. بە مۆدی جۆراوجۆر، قژە سەری ڕەنگاورەنگ.
ئافرەتی سوور، سپی، کاڵ، سەوزە، ڕەشئەسمەر، گۆشتن، باریک، باڵابەرز،
کورت، ناسک و ترووسک. حەیا لە پیاو هەڵدەگرن. کوڕانیش بۆ خۆڕانان
دانامێنن و چی وا لە ژنان کەم ناهێنن. سەر ڕەنگ کردن، قژ درێژکردن و دانانی
ڕیشی سەیر و سەمەرە. هەڵواسینی موتوموورووی ڕەنگاوڕەنگ و هەمەجۆر
تەنانەت دەموچاو هەڵگرتن و سووراو و سپیاویش؛ بە چەشنێ کە هەڵواردنی
نێر و مێ کارێکی ئاستەمە. پیادەڕەو دەبێتە تالاری فەشەن و خۆڕانان، پیادەش
دەبێتە مانکەن. بۆنی عەتر و دەرمانی ژنان و ئارەقە و هاسکەهاسک بە
کەلەبەرەکانی پیادەڕەودا کوولان دەکات.
چاوەکانی بەڵەکن و زەق، بە قەرایی هەڵماتێکی زل. بە کل دەیانڕێژێ، بۆیە
گەورەتر دەکەونە بەر چاو. سەری کوڵمی خڕ و سوورە وەک تەماتەیەکی
دەستەی تورت. کۆتێکی پەشمی شین، کڵاوی کاموا، جووتێک پێڵاوی چەرم
کە چوار نمرە لە لاقی زلتر لە پێ دەکا، لە ڕۆیشتندا دەیخشکێنێ. سمێڵی نییە،
ئەغڵەب وردەڕیشێک بە دەموچاوییەوە دەبیندرێ. دەستەکانی چکۆلەن.
لاوێچی دەکات و بەرەو ڕووت دێ، دەینێتە بەردەمت. گنەگنێک دەکات،
هەست دەکەی دەمی یان لووتی دەبێتە شارە زەردەواڵە، وزەوزێکی لێ دێت.
ڕەنگە هەر لووتی بێ، چون دەمی ئەوندە ناکاتەوە کە بزانی بە دەم قسە دەکات.
تەنیا چرکەساتێک لە بەردەمت دەوێستێ و دەڕوا. کوتە کاغەزێک، قونچکە
سیگارێک لە هەر سووچێکی پیادەڕەوەکان بکەوێ، هەڵیدەگرێتەوە دەیخاتە
ناو سەتڵی زبڵ یان قاناوەکان. تەنیا ئیستێک لە بەردەمت دەوێستێ، هەر
ئەوندەی سپیایی چاوی ببینی. ملی بە لارەوە دەنێ، ڕوو دەکاتە کەسێکی تر. من ئەودەم و ئێستایش لام وایە دەتوانێ ببێتە هاوشارییەکی بەشەڕەف، ئەرکی
خۆی وەک سپوورێکی باش بەجێ بێنێ.
ئەو ئێوارێیە کۆتێکی پەشمی شینی لە بەردا بوو، دەستی لە ناو قۆڵەکانیدا ون
ببوو. کڵاوێکی کاموا و پاتۆڵێکی مۆری لە پێدا بوو. لەپڕ چاوم پێی کەوت. بە
سەر شانی ڕاستەیدا ڕوو لە باکوور ڕووخا و کەوتە سەر پشت. سێ چوار کوڕە
جحێڵە لە تەنیشتی بوون، سەیریان دەکرد. لەگەڵ ئەوەی قەتم بەم شێوەیە
نەدی بوو، چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد چاوەکانی سپی هەڵگەڕێ و بە مۆلەق
بوێستێ، کەف هەڵخڕێنێ و وەلینگەفرتێ کەوێ.
دەیزریکاند. ددانەکانی پێکدا دەدا، ڕیچەی دەکرد. وەک ئەوەی بیەوێ
هێرش بەرێ. ڕووی لە باکوور بوو دەیزریکاند. ڕەشایی کەلێنی ددانی و سپیایی
ددانی، هەر نیگایەکی کەمەندکێش دەکرد. چاوەکانی کلاوی دەتکاند،
دەوری چاوی ڕەش هەڵگێڕابوو. دەستی ڕاستەی گرت بوو بە ناوگەڵییەوە،
دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا یان پشکۆیەکی ئاگر
کەوتبێتە ناو نێفەکی پاتۆڵەکەی.
کابرایەکی بۆزەی چاوشین هێندێک وردەشتی لەسەر لێواری قاناوەکە دانابوو،
هەرای شتەکانی دەکرد. زوو زوو سەری بۆ لای ئەو وەردەسووڕاند، پێدەکەنی.
لایەک لە خلێنەی خوارەوەی نەمابوو، ددانەکانی دیکەشی ڕەش و کرمۆڵ
بوون. سێ چوار کوڕە جحێڵە لە تەنیشتی وێستابوون، سەیریان دەکرد و
دەتریقانەوە. یەکیان هەنگاوێک لەوانی کە لێی نزیکتر بوو، بارانییەکی بۆری
دابوو بە سەر دەستیدا؛ بە پەنجەی پێی لەسەر ڕیتمی دەستی ئەو، ئاهەنگی
لێدەدا. وەک ئەوەی ڕێبەری سەمفۆنی بێ و ئەویش لەسەر ڕیتمی پێی ئەو ساز
بژەنێ.
لە سەر پشت کەوتبوو، دەیزریکاند. ددانی لە ڕیچەوە دەبرد وەک ئەوەی
بیەوێ هێرش بەرێ. ئاوێکی ڕەش لە چاوی دەتکا. دەستی ڕاستەی گرت بوو بە
ناوگەڵییەوە دەیزریکاند. وەک ئەوەی شتێک لە ژێرەوە پێوەی بدا یان پشکۆیەکی ئاگر کەوتبێتە ناو نێفەکی پاتۆڵەکەی. ملی هەرامەکەی گرت بوو زوو
زوو دەیگوشی، دەیقوروسکاند. کونەلوتی هەراو و هەراوتر دەبۆوە، دەیمشاند.
خێرا خێرا دەستی دێنا و دەبرد، مشە دەبووە پڕمە. دەیقوروسکاند. چاوی لە
هیچ کوێیەک نەبوو. دەیقوروسکاند. زوو زوو ملی هەرامەکەی دەگوشی.
کابرای دەسفرۆش هەرای شتەکانی دەکرد و لە بنەوە دەیوت: ئای بۆ تۆزێک
خۆڵەمێش. سێ کوڕەکەی تر سەیریان دەکرد، لیکیان دەچەکاند و چەپڵەیان
لێدەدا. حەشامەت لەسەر سەکۆی فەشەن بەردەوام لە هاتوچۆدا بوون،
ئیستێک دەکەوتنە بەرچاو، دواجار لە ناو قاوەقاوی پیادەڕەوەکاندا ون دەبوون.
کەوت بووە لێوە لەرزە و لیک چەکاندن، سووکە موچوڕکێک و پاشان
خاوبوونەوە. سووک بوون پاش خاڵیکردنی حەژمەتێکی تاقەت پڕووکێن. هەستا
سەر پێ. گوێی نەدایە هیچ، هیچ کەس و هیچ شتێکیشی نەدی. ورد لە سەر
پاتۆڵەکەیەوە سەیری ناوگەڵی خۆی کرد، بۆ دڵنیایی دەستی بە سەر پاتۆڵەکەیدا
هێنا. پاتۆڵە مۆرەکە تەڕایی نەبوارد بووە سەرەوە. بێ ئەوەی داوای سواڵ بکا،
ملی لە ناو شانە کزەکانیدا حەشار دا، سەری بەلارەوە نا و لە ناو پیادەڕەوەکانی
بلواردا ون بوو.
2010