فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەگەورەیی کۆترەکەی منداڵیم دۆزیەوە  دەڕژێمە منداڵیمەوە

بەگەورەیی کۆترەکەی منداڵیم دۆزیەوە

 دەڕژێمە منداڵیمەوە

سەلام عومەر/ شاعیر/ قەلادزێ

منداڵیم کۆترێکی وێڵەو

لە گەڕەکی کارەبا

بەسەر لقی

درەختێکی نیوە سوتاو  هەڵنیشتووە

بەدیمەنی لەت لەت بوونی

دراوسێ و دەڤەرێکی وەک پشدەر

فرمێسکی خوێنینی رشتووە

کۆترێکی وێڵە منداڵیم

بەدیار شارێکی خاپوور و

هێلانەیەکی تێکدراو

هەڵکورماوە

دەفڕێتە سەر

کێلی گۆڕەکەی ( رەسوە شێت)

دەبینێ هێشتا خورجینە و گۆپاڵەکەی هەر لەوێن و

وەک خۆی ماوە.

++++++

منداڵیم کۆترێکی تەریکە

داوای ئەو پرچانە دەکا

کە لەسەر ورگی ( وەستا کاکە)

تاڵ تاڵ بەمردوویی کەوتوون

پرچێک هێشتا لە قوژبنی کەلاوەی شارێکی وێراندا

وەک پشیلەیەکی برسی

کەس نازانێ

داخۆ نووستوون یاخود مردوون؟

++++

منداڵیم کۆترێکی تەریکە

ئەو کۆلارەی  دەوێتەوە

کە تا ئێستاش

بەدارتێلەکانەوە گیر بووە

کۆلارەیەک

وەک ئەوەی من عاسێم کردبێ

زۆر توڕەیەو

هەر لەمنداڵی و لاویتیم نا

لە پیری و دووریشم زیز بووە.

کۆلارەیەکەو ئیدی

نەقەت دێتەوە نێو دەستم

نە ڕێگەشم پێدەدا

لێی کەمەوەو

لەبن لەنگەرە ماندوەکەی

نامەیەکی لێبووردنی لێ ببەستم.

+++++

منداڵیم کۆترێکی وێڵە

دەچێتەوە (جوتکانیان)

قومێک ئاوی

لەو دوو کانیە دەست ناکەوێ

سەرێک لە تانکیە قوپاوەکەی

قوتابخانەی ئاسۆس دەدا

بەسەر پەڕ پەڕ بوونی کتێبی

( ئەلف و بێیە) کوردیەکەی

ئیبراهیم باڵداردا دەکەوێ

کۆترێکی وێڵە منداڵیم

لە گۆڕەپانی بالە و بێڵایی قوتابخانەکەدا

پڕ بەگەرووی دەگمێنێ

هەتا مامۆستا( عارف و غەریب و عەبدوڵڵا بیلال)

لە خەوی قوڵ هەڵدەستێنێ.

+++++

کۆلارەیەکی زۆر شڕە منداڵیم

هێندە داوم لەدوو داوە

نە غەڕغەڕە و نە کندرەکەی دایکم لەنێو دەستم دا ماوە

کۆلارەیەکی پڕ لۆچە منداڵیم

خەریکە لە تاقی ئاسمان بزر دەبێ و

نە بەدەستە بچووکەکانی منداڵیم دێتەوە

نە بەچاوە کزەکانی ئێستا دەیبینم

کەچی کۆترەکەی منداڵیم

تەنیاو تەنیا

کۆلارەکەی دەوێتەوە

+++++

ئێستا منیش

وەک کۆترەکەی منداڵیم

وێڵ و تینووم

نە بەئاوی زێی گچکەو

نە بەڕوبارەکانی نێو شار

بڕم ناشکێ

لەسەر تەختی مۆنۆمێنتەکەی دەروازە

ئەشک دەڕێژم

وەک کۆلارە هەڵواسراوەکەی منداڵیم

رابردووی خۆم

لەژێر درەختەکەی کانیە شێخ

نا

لە دامێنی چیای قەندیل

هەر بەزیندوویی دەنێژم.