فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەنگێ لە تاریکی قسە دەکات

دەنگێ لە تاریکى قسان دەکات

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/  شاعیر/ هەولێر

پێنجى نۆڤەمبەر
بۆ هەندێکان بێ مانایە، بۆ زۆران بێدەنگ، بۆ من نا
کۆدى لە دایکبوونم پێنجى نۆڤەمبەرە
وەک ئەوەى خۆ بە شنەیەکى رەوتەنى هەڵبواسم
رۆژى جەڵتەى مێشکم بیر دەکەوێتەوە
کاتێ لەسەر جێگاى سپى نەخۆشى
باخچەى خەیاڵم پسا
ئەو رۆژەى دایکم ئاو و ئاو چوو
ئێوارە دانەنیشتنى 2014 لەگەڵ هاوڕێکانم
گوتیان تا ئێمە نەمرین تۆش مەمرە
پێنجى نۆڤەمبەر
تاقیکردنەوەیەکى چۆل بوو
یانزەى سێپتەمبەر تاقیکردنەوەیەکى قەرەباڵغ بوو، بۆ من نا
لەگەڵ قەرەباڵغى ئارەزووى برادەرێتى ناکەم
سوپاسى ئەو خەیاڵە رووتانە دەکەم کە ژیانیان پێبەخشیم
وەک کوندەپەپوو بەر لەوەى تاریکى دابێت
خۆم دایە دوو باڵى تیوار
لە هەموو چرکەیەکدا مرۆڤ لە دایک دەبێ
لە هەموو وڵاتێکدا زیندووان بە مردووانەوە سەربەرز نیین
پیاوان بە شکۆى شەوانەوە خۆ بادەدەن
بمرە و بڵێ مردن نییە
پێنجى نۆڤەمبەر
ئافرەتێک لە وێنەکە دەشنێتەوە
لە مردنیش خۆشم دەوێت
ماڵێک بۆ ئەو ئافرەتە دەچنم
لە پەنجەرەى وێنەکەوە دەست لە ژیان رادەوەشێنێ
دڵم دەکا بە ئاو
پێنجى نۆڤەمبەر
دڵ لە هاوارێک زێتر ناکا
عەشق هەمان شتە
لە ترپەى دڵ و فرمێسک
باران دەبارێت
دەنگێ لە تاریکى دێ
لە نێوان یانزەى سێپتەمبەر و پێنجى نۆڤەمبەر
عەشق مێژووى نییە
مردن مێژووى نییە
مرۆڤ بە تەنیا دەمێنێتەوە
لە هەموو چرکەیەکدا دڵم دەبێ بە هەتاو
ژیان بەڕێوەیە.
هەولێر 18/9/2016