فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مێخەکی هەست لەچەند گوڵە شیعرێک دا

مێخەکی هەست لەچەند گوڵە شیعرێک دا

هێمن ڕەفیق/ شاعیر / ھەولێر

 

شیعر زەنگوڵی بەئاگاهێنانەوەی دڵی یارە
بۆ جێ ژوان

هەور قەتیس ماوی فرمێسکی ئاسمانە لەچاوی باران دا

شەپۆل تووڕەیی دەریایە بۆ لەنگەر گرتن لە کەنار

نیگای تۆ کردنەوەی کۆدی هەموو نهێنیەکانە

وەکو دێوانەیەک ڕێی ڕاستی ژیان دەگرم
یان تێدەگەم یان پێدەگەم

ئاوازی دەنگت ئیقاعی سروشت و سەمفۆنیای ئەوینی منە

گولفرۆش هەموو ڕۆژ ڕازی خودا دەگەیەنێ بە کڕیار
تا کڕیار زێدەتر بۆنی موحیبەت بکات

ڕۆیشتن بەرەو پێچەوانەی ئاڕاستەی ڕوبار
نوسینەوەی مێژووی شکستە

خۆشەویستی چرایە بۆ دڵ،جیابوونەوەش کوژانەوەی ژیان و ڕێ کردنە بەناو جەنگەڵی تاریکی دا

گوتیانە گەریدەیەک چی فێربووی لە ڕۆیشتن بەکوچەی شاران دا
گوتی نیازباشی هەژاران و غروری سامانداران

عیشق نەبێ ژیان کرمی بێ هەستی لێی دەدا

تا بێدەنگتر بی زیاتر بیرت دەکەم
تا دوور تر بی تیژتر نیگا دەبڕمە ڕێی هاتنەوەت

میهرەبانی دەستنوێژی تەنیایی دەشوشت
کاتێ بینی دڵڕەقی و بێ مروەتی بازاڕیان گەرمە