فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باڵان هەڵۆ

باڵان هه‌ڵۆ

ڕاژان حیسامی/شاعیر و گۆرانی بێژ / تاران

باڵان هه‌ڵۆ!
له‌وه‌ به‌دوا چی ده‌ینووسم
چی دێته‌ نێو هه‌ستم، نێو پێنووسم
ته‌نیا بۆ تۆ
باڵان هه‌ڵۆ
ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ
جار له‌گه‌ڵ جار
باڵا ده‌کا، قه‌د ده‌کێشێ ڕیشه‌ی ئه‌م عه‌شقه‌ی کوتاوته‌
له‌ ناو مێرگی دڵی یار و خه‌ریکه‌ ببێته‌ دار
لق و په‌ل و پۆ ده‌ربکا
بگاته‌ به‌ژنی سه‌رچنار
جه‌نابی یار!
چاوان هه‌ڵۆ!
به‌ چاوی تۆ
چاوگه‌ی چاوی چاوه‌ڕوانیم
جگه‌ له‌ دینی هه‌یبه‌تت
له‌ هاتوچۆ له‌ ڕه‌وت و ڕۆ
بیر له‌ چ که‌س ناکاته‌وه‌
ئه‌م خه‌ڵوه‌نشینه‌ی خه‌ڵوه‌تت
گرێی خه‌می ئه‌م ژیانه‌ی
جگه‌ له‌ خه‌ڵوه‌تخانه‌ی خانقای خۆشه‌ویستیت
له‌لای چ شێخ و پیر و سالکێ ناکاته‌وه‌
به‌ڵام که‌ دێته‌ مه‌یکه‌ده‌ی ئه‌وینه‌که‌ت
که‌ دێته‌ نێو چاڵی پیاڵه‌ی ده‌مه‌که‌ت
مه‌یکه‌ده‌یه‌ک پێک له‌ دوای پێک ده‌خواته‌وه‌
ئه‌وسا هێورهێور گرێی خه‌می سه‌رله‌سه‌ر ڕانی خۆشه‌ویستیت ده‌کاته‌وه‌
تا سنووری مه‌یزه‌دگی ده‌خواته‌وه‌
باوان هه‌ڵۆ!
له‌ مێژ وه‌خته‌ ئه‌م ته‌واره‌ نگون‌به‌خته‌
نێچیری چاوی تۆیه‌ و تۆیش به‌م پاییزه‌ پڕ ناوه‌خته‌
باڵی هه‌زیانی خۆشه‌ویستیت
توندتوند به‌ستۆتن له‌ ته‌خته‌
هه‌ر چاوه‌ڕێی بزه‌ی تۆیه‌ ئه‌م سه‌رشێواوی بێبه‌خته‌
هه‌ڵۆی خه‌یاڵ!
هیچ ده‌زانی له‌ هه‌موو حاڵ
ژه‌نیاری تاری مۆسیقای زه‌مان له‌سه‌ر په‌رده‌ی هزر و بیرم
به‌ ئاهه‌نگی سه‌ر له‌ڕانی تا به‌یانی
چلۆن هه‌ستم ده‌جووڵێنێ؟
چلۆن خورپه‌م له‌ ڕووح دێنێ ده‌م‌خاته‌ بیری هه‌مده‌مانی هاوده‌میت ؟
مه‌نگ و مات و بێهۆش بۆی ده‌که‌وم
ئیدی هیچم پێ نامێنێ
گوێ هه‌ڵده‌خه‌م له‌ عاله‌می خه‌یاڵی خواییدا بۆ ترپه‌یه‌ک
بۆ ده‌نگی زه‌نگی ده‌رگه‌یه‌ک
نه‌فه‌س له‌ سینه‌ ڕاده‌گرم
ده‌ڵێم ئای
به‌ڵکوو پێشی گیرانی هه‌ناسه‌
بۆ جارێکی پڕ له‌ ئۆخه‌ی
پڕی باوه‌شی ئاخ و وه‌ی بیسه‌ری چپه‌ی ده‌نگت بم
بینه‌ری په‌ری ڕه‌نگت بم
سه‌رله‌سه‌ر ڕانی تاکوو به‌یانی
به‌ ویره‌ویر و گۆرانی
بملاوێنی له‌ ناو بێشکه‌ی خۆشه‌ویستی
کۆرپه‌ی حه‌زم بحه‌وێنی
خۆزگه‌ ده‌مزانی تۆ خه‌ڵاتیی کام چاکه‌می ؟
سوڵتانی پیرۆزه‌ عه‌شقی ئه‌م خاکه‌می
فه‌رمانفه‌رمای ده‌شتی هه‌واری ئاره‌زووی ئه‌م سینه‌ ساف و پاکه‌می
خۆزگه‌ جارێ پێت ده‌وتم له‌گه‌ڵ کام هه‌ور باریوی؟
چی گوڵاڵه‌ی مێژووی بیژووی ئه‌م چاخه‌ نه‌کبه‌ت باره‌یه‌
ته‌مت له‌سه‌ر تاراندووه‌
شه‌نگه‌شه‌نگه‌ خۆڕاده‌نێن بۆ ڕووانه‌وه‌، بۆ ژیانه‌وه‌
باڵان هه‌ڵۆ!
هیچ ده‌زانیت غه‌می دووریت
به‌ڕست بڕه‌ ؟
ناخ هه‌ژێنه‌
پشت چه‌مێنه‌ ؟
بگه‌ڕێوه‌
کووچه‌ کووچه‌
شه‌قام‌ شه‌قامی شاری دڵ چاوه‌ڕێته‌
ماڵی دڵم فه‌ڕشی پێته‌
که‌ هاتیه‌وه‌ نه‌رم‌نه‌رم، هێدی هێدی، تا به‌یانی بمدوێنه‌ به‌ گۆرانی