فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بشمریت، لەمندا زیندوو دەبیەوە

بشمریت، لەمندا زیندوو دەبیەوە

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

هەمووتم خۆشدەوێت
خەمت، کە دڵتەنگی
دڵتەنگییت، کە بێزاری
بێزارییت، کە دەگری
گریانت، کە دەیشۆیتەوە
هەمووتم خۆشدەوێت
زەردەخەنەت، کە ئارامی
ئارامییت، کە بێدەنگی
بێدەنگییت، کە پڕیت لە قسە
قسەت، کە دەیخۆیتەوە
هەمووتم خۆشدەوێت
گەشانەوەت، کە ئاسوودەی
ئاسوودەییت، کە بەختەوەری
بەختیارییت، کە دڵخۆشیت
دڵخۆشییت، کە دەشنێیتەوە
هەمووتم خۆشدەوێت
تاسەت، کە دووری
دوورییت، کە دەترسی
ترست، کە دەلەرزی
لەرزینت، کە نایشاریتەوە
کۆتری دڵم هۆگرت بووە
لەبەر بالکۆنی ژوورەکەت،
لە هێلانەی خۆی تۆراوە
شەو بەدیارت وەنەوز دەدات
گزنگانیش،
دەنووک لە شووشەی پەنجەرەت دەکوتێ و
بۆسەر کار، بەسەرتەوەیە
بۆ پیاسە، بەدواتەوە
نە دووڕیان و نە دوومان لێی ونت ناکەن
کە مردیشیت،
لەگەڵت دێت،
لەسەر گۆڕت هەڵدەکوڕمێ و
بە گوێچکەتدا دەچرپێنێت:
ئەی لە خۆتدا مردوو
چاوەکانت دابخە و بنوو
ترست لە گۆڕی تەنگ و تار
لە مێروو و مار هەرگیز نەبێت
ڕۆحت،
لە ئاسمانی کۆترە شینکەی دڵمدا باڵەفڕیەتی
دڵت،
لەناو دەفەی سنگی ئەو لێ دەدا
مەترسە،
خوێنت لە مندا خوڕەی دێ و
لە مندا زیندوو دەبیەوە