فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باوەڕی خۆت بۆ خۆت

باوەڕی خۆت بۆ خۆت

زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا

ئەگەر گوتی:
بە هەژانی شاخم گوت: بوەستە، وەستا.
بە مانگم گوت: دوو لەتبە، دوو لەت بوو.
ئەو ئازادە، تۆ هیچ مەڵێ.
ئەگەر گوتی:
_گورگ و ئاسک و حوشتر بۆم دوان.
_لە شەوێکدا 7 تەبەقەی ئاسمانم بڕی.
_مەڕێکی برژاو پێیگوتم:
ژهراویم، مەمخۆ.. نەمخوارد.
_نێوان پەنجەکانم بوونە کانی،
سوپایێک لێیان خواردەوە.
_بە غوسلێک 7 ژنی جیا جیا تەواو دەکەم.
_چاو لەنێو لەپ دەردێنم و
دەیخەمەوە شوێنی.
_لەگەڵ درەخت و کەڤر و دار و بەرد دوام.
ئەو ئازادە، تۆ هیچ مەڵێ.
بەڵام
بەڵام
کاتێ پەنجەی دەشەقێنێ و دەڵێ:
دەبێ باوەڕ بە باوەڕم بێنی
دەبێ بە زەبری شمشێر و
تەیری ئەبابیل و
موشەکی زولفەقار و فاتیح و فەتاح
ئیمان بە ئیمانم بێنی
ناچاری ڕەگ و ئەفسانە و
داستان و مێژووی
عەجیب و عەنتیکەی بسووتێنی.
ناچاری دیرۆک و
تەخت و تاراجی بوراق و
هەژانی شاخ و زمانی مەڕ و
مانگی دوو لەت و
7 تەبەقەی ئاسمانیشی بپڕووکێنی.
باوەڕی خۆت بۆ خۆت
من ئازادم، تۆ هیچ مەڵێ.
زانا خەلیل