بۆ کام ئاسمان ئارەزووی فڕینت کردم
ئاوێزان نوری/ شاعیر
میوزکت باش هۆ میوزک ژەن
وەرە حاڵیمکە و پێم بڵێ
ئاوی چی خەتایەکت کرد بە گەروومدا و
چ ئەوینێکی ئەفسووناویت چپاندە گوێم..!
بە نیگا نەرمەکانت چ داستانێکت بۆ خوێندم و
بە نەشئەی کام خەیاڵ ئارەزووی فڕینت کردم
لە خەونی کام هەوردا
گیرفانەکانمت پڕ کرد لە نوقڵە باران
بە خەندەی لێوی کام گوڵی باخچەی سۆزت
پێشوازیت لە پەروانەم کرد
بە نیگاکانی کام چنار
تەماشای باڵات کردم و
بە فڵچەی کام نیگارکێش لە زمانی ڕەنگەکانم حاڵیبووی
دە بۆ لەحزەیەک بمبەخشەو
ساتێک بۆ عەدەم بمژەنەو
شیعرەکانم بهێنە سەماکردن
تا چی لە ئەرشیفی ڕابردوومدا هەیە پەڕپەڕی بکەم
کە پڕە لە بێدەنگی و
لە تەنیایی و
لە بۆنی سووتاوی حەز و لە نامۆیی
وەرە بۆ ساتێک بمژەنەو
ئاوازەکان یەکە یەکە بڕژێنە نێو کاسی مەستبوونم و مەستترم بکە
بە زمانی دۆ، ڕێ، می یەکەم پیتی ناوم بێنەو
بە هەستی فا،سۆ، لا، سی هەناسەم بهەژێنە
وەرە بۆ ساتێک بمژەنەو
ماچی لێوی (نای)یم لەسەر
ملوانکەی (کەمانچە) لە گەردنم بکەو
سۆزی (ساز)ێکم بدەرێ
تۆ لەگەڵ دەنگی نۆتەکان
گوێکانی ئیشقت کردەوەو
لە نێو ئاسەواری مەرگ منت گەرانەوە ئێرەو
لە ئەدرێسی دۆڕاندا مەدالیای سەرکەوتنت دایە دەستم
لەگەڵ ریتمی پیتەکان
سەفەرێکت لەگەل شنەبای وشەدا پێکردم
لەگەڵ قەد و باڵای شەوێک ئامێزت بۆ ئەستێرەکان کردەوەو
بە تریفەی سەر لێویان
ماچت لەگەڵ پەنجەرەی ژوورەکەمدا دەگۆریەوە
تۆ پێت وتم
ئەگەر ئێمە ناشرین و خراپ نەبین
دونیا جوانە ژیان باشە
ئەگەر ئێمە خاوەن لولەی تفەنگ و چەقۆ نەبین
جەللاد هیچە
ئەگەر ئێمە کوفر لەگەڵ نوستن نەکەین خەونی ناخۆش نابینین
ئەگەر گوێ لە ئێزگەکانی ناوخۆ بگرین
لەم شارە بێ ئاگا نابین
کە هەموو دەم فەلسەفەیەکی نوێتر و
مەتەڵێکی سەیرتر دەگێڕێتەوە
لەم شارەدا
هەموو شەوێک کوچەکانی تریفەی خەتای تیا دەڕێژێ و
بە رۆژیش شەقامەکان تەماشاکانی گومان لێی ڕادەوەستن
تۆ پێت وتم
لەم شارەدا
هەینیەکان خاڵین لە فەتوا و
میحرابەکان خاڵین لە نوور ،
عاشقەکان خاڵین لە پاکی و
بیرەکان پڕن لە یوسف
دەی میوزک ژەن
با هەردووکمان بە پەنجە لۆکەییەکانی پەپولە گوڵ بژەنین
دەسماڵەکانی هەنگ بدەینە سەرشانمان
ببینە مامانی ئەو هەورە ئاوسانەو
چاوەکانی خاک تێربکەین بە بینینی دڵۆپە باران نەک خوێن
با بە گریانەکانی خودا
گەرووی درەختە تینوەکان تەڕ بکەین
بە فاتیحای وەفایەک وەرزەکان لە یەکدی مارە بکەین
دەی میوزک ژەن وەرە بۆ ساتێکی شەرمن بمژەنەو
بە ئاوازە خوێن گەرمەکان
شیعرێکی ئەسمەرم پێ بنوسەوە
لە کەرنەڤاڵی خۆکوشتن رزگارمکەو
سەبەتەی خەیاڵم بەتاڵ بکەوە لە سێوەکانی حەوا
دەی میوزکژەن
وەرە پڕمکە لە هەست و نەغمەی خۆت و
خاڵیم بکەوە لە خۆم