بەهەڵە هاتین..!
ھەتاو محەمەد/ شاعیر/ ھەڵەبجە
پۆلێک فریشتەی بێ باڵبووین
دەمەو بەیانێکی زوو
کەهێشتا ..
شەو خەریکی
وسڵ دەرکردنی تاریکی بوو لە خۆی،
خودا بە هەوری کەشتییەکی
بێ ناخوداوە
بەرەو مەملەکەتی بەردەکان
بەڕێی کردین..!
کەهاتین
لێرە باخچەکان نەخۆشبوون
کانییەکان تینوو
نان برسی..
بێ دەنگیمان هێنا و نەوامان
لەوێ لە بیرچوو
گۆرانییەکانمان بەچڵی بێکەسییەوە
بەجێهێشت
حاڵمانگرت و
دەفەکانمان لەتەنهاییدا
بێ هۆش مانەوە..
کۆمەڵێک فریشتەی تەریو بووین
تەرزەی نامۆیی کوتاینی و
ئێمە بە لقی حوزنەوە
هەر نەکەوتین
چلورەی بێ ئەمەکی تەزاندینی و
ئێمە هەر..
خەونمان بە بەهاری وەفاوە ئەبینی
لەبازگەی هەر ڕەشەبایەکەوە
تێپەڕین
جلەکانیان پێ داکەندین
بەڵام
بەئەوینی مانگەوە
ئ
بە ئومێدمان ئەوت:
ئاژوەری خەیاڵ بئاژو
تاحەساری مانگ بئاژۆ و
خەمی دڵتەنگی ئێمەت نەبێت
گوێ مەدە بەناڵەی
ئەو هەموو برینەی
کە زەمەنێکە لەگەڵ چەقۆکان
هەم دۆستن و هەم دوژمن
بئاوژۆ تا بەردەرگای باخ
بڕۆم هیچ مەڵێ
باخەڵت پڕەکەین لە نوقڵی پێکەنین
ئەوەندەت عەتری جوانی
لەشوشەی یادەوەریدا بۆ بەجێدێڵین
بەشی یەک سەدە
بێ هیوایت بکات
ئەوەندەت سێو دەدەینێ سێو…..!
دونیا ببێتە دۆزەخ و
تۆ هەر بڵێیت: وهل من مزید.؟!
پۆلێک فریشتەی پێکراو بووین
ئەو بەیانییەی ناردینیان
هێشتا چراکان ئێشکگری تاریکی بوون
بەجەنگەڵی ڕاوچییەکاندا هاتین و
پۆڕی کچێنیان کوشتین
پەڵەیەک گوڵە گەنمی ئەسمەر بووین
بەداسی بێ مروەتی قژیان بڕین
وەکو پۆلێک ماسی سەماکار
بەتۆڕی تەڵەکەبازییەوە بووین
درۆیان کرد
لێرە هیچ زوڵەیخایەک عاشق نەبوو
لەیلاکان تەنها دەنگی دەهۆڵ بوون
هیچ شیرینێک
شیرین نەبوو..
درۆیان کرد
کەهاتین ئێوە
کۆمەڵێ سەربازی بەزیوو بوون
لەکۆڕاڵی پێڕێکی بەد مەستدا
ڕیتمی سروودەکانتان شێواند بوو
پۆلێ واشەی پیر بوون
خەریک بوون
بەکۆمەڵ خۆکوژیتان ئەکرد
لەڕەوەیەک ئەسپی سەرگەردان ئەچوون
حیلەتان جگە لە پاڕانەوەیەکی بێ گیان
هیچی تر نەبوو..!
بەهەڵە هاتین ئێمە،
باڵەکانیان وەراندین و
فڕینیان لێ سەندینەوە..!!