رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨٣٣
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
تەنیا خۆم، کەسی تر نازانێت لەگەڵ کێمە! باسی کێ دەکەم، کام بنیادەم، شار، ئاوەدانی، بوون دەکەم. ناوەکەی نادرکێنم، ناگێڕمەوە، داستانەکەی باس ناکەم، چونکە نهێنییەکی گەورە و مەزنە!
شەوانە، لەگەڵ یەکەم خوڵانەوەی سەر و مەستبوونی پاش خواردنەوە، لەگەڵ یەک دێری نووسین، هەنگاوەکانی ناو دارستانێکی ئەفسووناویی، ونبوونی ناو خەیاڵەکانی لەگەڵ خۆمە هاوڕێ، هاوکەس، هاوبین! من و تۆ یەک کەس، هەناسە، بوون، هاتن و چوون! خۆم ناتوانم، تۆش بۆت ناکرێت جیای بکەیتەوە، هاوێریی بکەیت!دوێنێ، کۆششی زۆر دەکەم ناوێکم بەبیرنایەتەوە، کە نازانم ئەوەی بەرانبەرم دیوە، یان هەرگیز ئەوەی من دەناسێت، نەمدیوە!
لەگەڵ تۆمە، کە دروست نازانم کێیە! بەڵام دەڵێم؛ تۆی هاودەم، هاوراز، هاوڤین!