فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تۆ دوور بیت من لەسێبەری خۆم دەترسم

تۆ دوور بیت

من لەسێبەری خۆم دەترسم

.

بێکەس حەمە قادر/ شاعیر/ هەولێر

.
ئەمڕۆ تۆ لێرە نەبووی
ژنێك بە چاوانی
ئاماژەی بۆ کردم
من ترسام
ژنێك بوو
باسی وەرینی گەڵاکان نەکات و
لە دەنگی با بترسێ
من حەزم دەکرد
ئەمڕۆ زیاتر
لە ترسی پۆلیسی ھاتوچۆ و
دیواری ژوورەکەم و
بێدەنگی تۆ دوورتر بڕۆم
ئەمڕۆ
ژنێك کراسێکی نیلی پۆشی بوو
من لە ڕەنگ و دەنگ و جوانی ژن
فێر دەبم
ژیان بەس بەخشینە
چیتر ڕەنگ و دەنگ و
ژیان بێ تۆ
ئەو جوانییە نییە
کە تۆ بە من دەیبەخشی
ئەمڕۆ تۆ لەوێ نەبووی
من رەنگ و سەماو بێ دەنگی تۆم
بە با سپارد
تۆ لەوێ بووی
من خۆم بەتۆوە ھەڵواسی
ئەھا ژیان چی بە من دەکا
ئەمڕۆ پێکەوە باین
گوێمان لە گۆرانی دەبوو
یان بە شەرمەوە
پێم دەگوتی لە دووریت دەترسم
ئەمڕۆ بێ تۆ بووم
بیرم لای خۆم بوو
تۆ دوور مەکەوە
من لە سێبەری خۆم دەترسم