فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شيعر

شيعر

سروە ساڵەیی/ شاعير / نەرويج

 

شەوەزەنگە،مانگ زیزبووە

ئەستێرەکان مۆڕەی

دووریتم لێ دەکەن

تا دەرنەکەوی ،ئاسمان نابێتە

کراسە جورجێتەکەی دایکم

پڕ لە گوڵە مێخەك نابێت

وشە دەرگای زیندان

لە خۆی

دادەخا،

بۆ هەتا لە قەفەزی سینەم گیژ دەبێت وهاتوچۆ دەکا

شەو و ڕۆژ دەبنە یەك گەر نیگاکانت

چرای ژیانم بۆ هەڵنەکا…

 

دڵ ناسرەوێ ،نە سوکنایی دێ

شەپۆڵی هاتنم بۆلات

ونەگەڕانەوەم

بەپێ،دێوانەئاسا

شەیدات بووە ،جڵەوناکڕێ

بیروهۆشی بارگاویم لەتۆ ڕۆژ هەڵناێێ،

شەو بۆ هەتا ڕەشماڵی بێداریم لێهەڵدەدا …

 

نه هاتنم بێهۆدا نیە

دەشزانم هاتنی من هیچ لە تەمەنی ئەوین زیاد وکەم ناکا

نوقورچی غەم ،نسگرەی نەبوونیت پەرۆشترم دەکا

وەرە با بۆجارێك ئەوین

سەر لەکەل

دەرکا،

با ماری شەویش لەسەر ڕێگا

پەپکە بدا،

گەر ڕۆژگاری تەمەن

کورتی هێنا

دەستی هاتنت دەگرم

لەژێر

نزاری ئەوینا،بەدەم گیانکێشانەوە

تا دوا هەناسە مەستی نیگا و

هۆگر بوونت ئۆقرەم دەدا…

 

دەزانم تۆ شنەبایەکی بێ وادەی

بەیانییەك بەهاتنت ئەژنۆی زمانم

دەشکێنیت ،پەیکەرئاسا

سارد وسوڕ لەبەردەمت

گاگۆڵە_ی

ناوتم پێدەکەی

ژوورەکەم پڕ لە عەتری هەناسەت و

شۆستە وشەقامەکان پڕ لە سروەی بەیان دەکەی

دەریا گەرووی وشكی دووریتی

تەڕ دەبێت

دڵۆپ دڵۆپ لەجاران

شیرینترم دەکەی…

 

قەولی هاتنت ئومێدێکە

پەریشانیم وردوخاش دەکا

تەمەن لە ئاوابوونە ،خۆری هیوام پەرش وبڵاو

وەرە با غونجەی

نەپشکۆی

ئەمڕۆم لە لاجانگت

ببێتە گوڵ

وەرە با دەستی تەمەنێك لە خۆزگە

بەردەین ،هەتاوی

ئەوین لە ئاسۆی

هەردووکمان

هەڵکەین …

 

بۆ هاتنت بێ ئۆقرەم

لەموولولە وشادەمارەکانم

هێزی بەرهەڵستکاری دژە

لەبیرچوونتم

ڕشتووە،

لە کەلەبەرەکانی

بیروهۆشم

تا هاتنت

سوێندی بێداریم

خواردووە،

لە نیونیگام خەو سەری

خۆی هەڵگەتووە

زمان لاڵی بێ تۆیی ،غەم

سەرتاسەر گەڵاڵەی

ڕۆژەکانمی کردووە…