فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەزویەکی چەخماخە ئاسا،،،،،،،

 

تەزویەکی چەخماخە ئاسا،،،،،،،

 

سۆران باساکی/ لێکۆڵەری بواری فیکر و فەلسەفە/هۆڵەندا

 

دەمەو ئێوارە و لەکاتی گەڕانەوەی مێگەل و گاگەلی دێکەمان لەسەر باننیشەکە دانیشتبوم لەپڕا بووبە تەپ وتۆزی گەڕانەوەی مەڕ و ماڵات و قاڕەقاڕی مەڕو بزن و ھەڵڵایەکی سروشتی نابووەوە،گەماڵەکانیش بەدەوری مەڕەکاندا ھەر ڕایان دەکرد و سەرقاڵی پاسەوانی بوون، دوای گەیشتنی ڕانەکە لە نزیک دێ مۆڵدران و کیژە بێریيەکانیش بە تەقەتەقی سەتڵ و جیڕەی دەسکی سەتڵۆکەوە لەبەردەمی ماڵی ئێمەوە بەڕێدەکەوتن و حیلکە و پێکەنین و بۆنی مێخەک و سمڵی تازە بە ملوانکەکراو تێکەڵ بە سروشتی زەردە پەڕ بووبوون، لەپڕ چاوم چووە سەر شۆخێکی ڕەفتە سوور زۆر بە پەنھانی بەچاوێکی زۆرسەر سوڕماوی سەیری دەکردم و چاوی نە دەترووکان،،،منیش ئەوەندە دیمەنەکەم لاسەیر و جوان ئامێز بوو بزەیەکم کرد و ھەستامە سەر پێیان دەستێکم ھێنا بە گودلەکەمدا وچاوێکم لێی نوقاند و بەبێ سێ و دوو خێرا وەڵامی دامەوە، بە جۆرێک دڵم دەکوتا خەریک بوو لەسینەم دەکەوتە خوارەوە،، بێریيەکان بەگاڵتە و گەپ و خڕەی خڕخاڵ و زڕەی گەردانە و بازن بەرەو شوێنی مۆڵدراوی ئاژەڵەکان دەجوڵان،،ھەر لەشوێنی خۆم بە واق وڕماویەوە بەجۆرێک چەقیبووم بەپاڵیش نەدەکەوتم چاوەڕێی گەڕانەوەیانم دەکرد،،لەناکاو گوێم و شانم بەیەکەوە ڕاچڵەکی ئەوەندە بە توندی تێیان سرەواندم،، بەدەنگێکی بەرزی نامۆ وتی حەمە ئەوە بۆ واشڵەژاوی،، وتم ھا جەبار ھەر زانیم لەم کەرێتیيەت ناکەویت مردوت مرێت،،خەڵکی ھەمووی عاقڵ بوون تۆيش دەڵێیت بڕیاری کەرێتیت تا مردن داوە،،،، (جەبار ھاوڕێی دێرینم و برای شیریشم بوو ھەمیشە بەیەکەوە بووین زۆرم خۆشدەویست بەڵام تۆزێک مەکینەکەی خوار بەسترا بوو لەپڕ لەقەی دەھاویشت) -وتم جا کەرە بەو ھێزە بکێشی بەردیشدا ناشڵەژێت؟؟؟تو دینت!! نا حەمە ئەوە یەکەم جار نیيە دات دەچڵکێنم بەڵام ئەم جارە زۆر ڕۆچوبوویتە نێو داڵغەوە بۆیە زۆر کاريگەر بوو، ئەترسم تیر دڵتی سمی بێت!!؟ -دوای کەمێک دایکم ھاواری کرد حەمە ھۆ حەمە ئەوە کەڕ بوویت سەد جارم بانگم کردیت؟ -ھا چیيە دایکە گیان بەخوا گوێم لێت نەبوو؟؟ -وتی کوڕم تا خوشکەکەت دێتەوە کات درەنگ دەبێت ھێشتا جێ و جلمان دانەخستووە بڕۆ خێرا بەڕەو کلیمەکەی ژوورەوە بھێنە و دای بخە و دۆشەکەکە و بالیفەکانیشی لەسەر دابنێ و ئامادەی بکە ھاکا باوکیشت لە مزگەوت ھاتەوە، ئا جەبار گیان تۆيش دەستێکی لەگەڵ بەرێ با خێرا ڕاخەرەکان بھێنێت و نانێک بخۆین ئەمڕۆ زۆر ھیلاکین لە ڕەزەکە بووین پاچەکۆڵەی بن مێوەکانمان دەست پێکردووە و حەمەيش لەشار بوو دایکی بمرێت ھا کا ڕۆژێک ھات بەلادا بەڕێی شارەوە ئەم معامەلاتە ھەر تەواو نەبوو ھەر جارە و پەڵپێکمان پێ دەگرن،،، -باوکم بەدەم بسملا بسملاوە ھاتە سەرەوە و سڵاوێکی کرد و من و جەباریش سڵاوەکەیمان سەندەوە و ئیتر دایکم سفرەکەی ھێنا سفرەکە پارچە خامێک بوو نانی تیا تەڕ کرا بوو داخراو قاپ و قازان و مڵاک و ھەندێک تەڕەی تازە و شۆراوە و سوراحیيەک دۆی خەستی کوڵکنی ھێنا و خوشکەکەيشم لەبێری گەڕایەوە و دەستکرا بەنان خواردن… دوای تۆزێک پشودانی دوای نان خواردن و ھاتنی پیاڵە و قۆری و چاخواردنەوە دەستی پێکرد….

 

-بەشی یەکەم——- –

من لەناوەوەی خۆم گینگل دەدا و مێشکم بوو بووە سندوقێکی ژاوەژاو وەک ئەوەی لەڕادیۆدا بەدوا ئێستگەی گەلی کوردستاندا بگەڕێیت (ژژژژژژ ززززززززز) و ھەر وەرنەگیرێت نەم دەزانی چی لە دەورم ڕودەدات،،لەپڕ دەنگی باوکم ھات….. -ھا حەمە کوڕم بۆ معامەلاتەکەی ئەمڕۆ بە کوێ گەیشتی؟؟ -باوکە گیان چی بڵێم بەخوا واسیتەیەکی باشی بۆ نەدۆزینەوە ناکرێت وا من گیانم دەرچوو بەڕێی شارەوە، کارمەندەکانی شارەوانی ھەر جارە و شتێک داوە دەکەن. بڕوا بکە باوکە ڕقم لە خۆيشم دەبێتەوە کە دەچمە ئەو فەرمانگایانە… یان وازی لێ بھێنە یان کەسێکی بۆ بگرە و با کارەکەمان بۆ جۆر بکات. -باشە با بزانم چۆن دەبێت….

لەپڕ دایکم وتی -باوکی حەمە ئەوە کوڕەکەی شێخ عەبدول پارێزەر نیيە؟؟بەو خوایە وابزانم لە شارەوانی کار دەکات؟؟…. کام شێخ عەبدول گوڵێ؟؟ -کوڕە شێخ عەبدولی شێخ عەلی کلک بڕ!!… -ئافەرین گوڵێ، بڕوا بکە من ئەوانم ھەر لە بیر نەبوو،، -بزانم خۆم دەچم بۆشار و سەردانێکیان دەکەم ھەنێ دیاری و شتیش دەبەم، وەلێ ئەگەر خۆیشیان نەتوانن بەخوا خەڵک دەناسن دەمێکە لەشار دەژین….. -من شەوم لێ بووبووە دێوەزمە خەریک بوو لە جلەکانی خۆم دەردەچوم بێ ئارامیيەک گرتبوومی ھەستم دەکرد تەنور بە گڕەکەیەوە لەناو سکمایە زووزوو خەیاڵ دەیبردمەوە و لەپڕ دەستێکم دەھێنایەوە بە گودلەکەمدا و بزەیەکم دەکرد وەک بڵێیت بەرامبەرم وەستاوە… جەباریش زووزوو دەیگوت حەمە دۆمینەیەک نەکەین؟؟ -لەپڕ نەڕاندم دۆمینەی دۆمینەی چیتە کەرە لەبەر فتیلە و دۆمینە تۆ بە ڕۆژی ڕووناک دەدۆڕێیت ئەنجا نۆڕەی شەوە!!… ئەوەم وت و ئیتر جەبار زانی کەوتومەتە داوی عەشقەوە چونکە خۆیشی تجروبە گەلێکی ھەبوو بێدەنگ بوو بە جۆرێک بڕیاری دا فزە نەکات…. -حەمە من دەڕۆمەوە بۆ ماڵەوە دیارە تۆ دڵت لای من نیيە!! -باشە بەیانی یەک دەبینین…. جبار ڕۆیشت و جێی خەو داخرا و ئیتر ھەریەکە و لەسەر جێی خۆی درێژ بوو ھەتاکوو ڕۆژ بۆوە من سەیری ئەستێرەکانم دەکرد و یەکمان دەدوان،، تۆ بڵێیت بەڕاستی بێت؟؟ ھا خێرا وەڵامی سەلامەکەی دامەوە و زەردەخەنەیەکی شێوە قاقای پێوە دیار بوو.بۆ نا خۆ منیش کوڕێکی قۆزم و لەچیم کەمە،، بەم ورتە ورتەوە ڕۆژم کردەوە و بەیانی لەگەڵ باوکم چووین بۆ مزگەوت و نوێژمان کرد و ئیتر دنیا وڕوناک بۆوە و دیسان ھەروەک جاران چووینەوە سەر کار و بنکۆڵ کردنی مێو و ئاودان و خۆ خەریک کردن خواخوام بوو کاتی بێری بێت و بچمە سەر باننیشەکە و ھەمان وێنە ببینمەوە، بەدەم وڕێنە و لە بەرخۆوە قسەکردن شتومەکەکانمان کۆکردەوە و ئەوەندە بەخێرایی خۆم گەیاندە ماڵەوە دەتوت لەدەم گورگ ڕزگارم بووە!!

 

-بەشی دووەم ——-

دەی کوا بۆ دیار نەبوو نەھات؟ زۆر شپرزە بووبووم لەپڕ دەنگێکی نای ئاسا شمشاڵ ئاسا دوزەلە ئاسا باڵەبان ئاسا بە چرپەیەکی تۆزی بەرز وتی حەمە ئەوە کوا بەھيیەی خوشکت؟ نازانم مابووم یان نا وتم بەھ بەھیيە چیيە؟؟ وتی بەھیيەی خوشکت ئەوە بۆ لاڵ بوویت حەمە؟؟ وتم بەھیيە بەھيیە؟؟ ئەی تۆ چی؟ وتم ھا وەڵا نازانم چوو بۆ لای دۆشینی ماڵاتەکەوە ، ئائا ماڵاتەکەوە..بەئەسپایی وتی حەمە تۆ منت خۆشدەوێت؟؟ چەخماخەیەک لە تەوقی سەرمەوە ڕۆیشت بۆ بەری پێم چاوم بووبوون بەگڵۆپ لەشو لارم دەتگوت تەلی عەمودەکانە ڕەشەبا دەیجوڵبنێت،،،بەپرتە پرت وتم زۆ زۆ زۆر !! کەو ڕەفتارانە و بەپێکەنینێکەوە چێی ھێشتم و ڕۆیشت،،، چۆن بەردێک دەخرێتە گۆمێکەوە منیش وام لێھات،بەجۆرێک سەرم لێشێوا بوو نەم دەزانی لەکوێم، لە تاسەوە چوو بووم گوێم لە دەنگی دڵی خۆم بوو کەلێی دەدا،،ئای لەو ھەستە،،نازانم مرۆڤ چۆن دڵی ناوەستێت، دەڵێن ڕۆح لە شوێنێکی سەختە و دەرناچێت بڕوام کرد،،،، ئای عەشق چۆنە!! جاران بەیانیان بە زۆر لەخەویان ھەڵیان دەستانم کەچی ئێستا خۆم ھەڵدەستم دەم و چاوم دەشۆم لەبەر ئاوێنەکە ماوەیەک لەخۆم ڕادەمێنم و قژم شانەدەکەم دەموچاوم پاک دەکەمەوە و ڕیشم دەتاشم و بۆن لەخۆم دەدەم،،ئەنجا یارمەتی دایکم و خوشکەکەم دەدەم بۆ ئامادەکردنی خواردن و بە ئارامی قسەلەگەڵ باوکم دەکەم و ھەرچیم پێدەڵێن لە فەرمانیان دەرناچم بەجۆڕێک ئارام بووبوومەوە دەتگوت ماستی مەیوم…. –

بەشی سێیەم ——–

ڕۆژگار ھاتوچوو کات تێپەڕی و ڕۆژێک بەباوکمم گوت،،، باوکە گیان ئەوەتۆ لەتەمەنی چەند ساڵیدا دایکمت خواست؟؟ ئەی عاشقی دایکم بوویت؟؟ ئەی باوکە خۆشە ژن و ماڵت ھەبێت؟؟ باوکم لەمەبەستم باش تێدەگەیشت تا ڕۆژێک وتی حەمە من زۆر بەتاسەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەم کە ژنێکت بۆ بھێنم و تا لە ژیاندام وەچەکانت ببینم!! بەڵام کەسێکی شایستە شک نابەم تۆچی دەڵێیت حەمە؟؟ وتم باوکە گیان من ملم لەموو باریک ترە بۆ بەجێھێنانی فەرمانەکانت تۆ ھەرچی بفەرمویت؟؟ وتی باشە حەمە تۆ کەسێک شک دەبەیت؟؟ زانیم باوکم چونکە کۆنە عاشق بووە لەو سەری ھاتۆتەوە!! تۆزێک وەستام و شەرم و حەیا تیکەڵاو بووبوون سوور بوومەوە،،، وتم بڵێم چی باوکە گیان نازانم،،باوکم تۆزێک وەستا و بیرێکی کردەوە و ئەمزانی کە نایەوێت یەکسەر ناو بڵێت وردەوردە بۆی دەچوو بۆ ئەوەی خۆم قسەبکەم،،، وتی کچەکەی مام ھۆمەر چۆنە؟؟ وتم نا باوکە ئەوان دراوسێمانن ئێمە وەک خوشک و برا واین دایکیشم دەڵێت ئێوە بە منداڵی شیرتان خواردووە !! ئەی کچەکەی حاجی ڕەزا؟؟ وتم نا باوکە حاجی ڕەزا وەک مامەم وایە و کوڕەکانیشی زۆر ھاوڕێمن،، باوکم زۆر ژیر بوو تادەھات لەماڵی باوکی ڕەفتە سور نزیک دەبووەوە،،، وتی ئەی کچەکەی کاک شەفیق؟؟ وتم کام شەفیق؟؟چونکە دوو شەفیقمان ھەبوو، وتی شەفیقە لوتە!! منیش چاوێکی شەرمنانەم ھەڵبڕی و سەیرێک باوکمم کرد و وتم باوکە گیان کچەکەی شەفە لوتە زۆر منداڵە کەی ئەوە ڕەفیقی منە؟؟ ئیتر باوکم بێدەنگ بوو،،دوای تۆزێک وتی حەمە بەخوا من بەس ئەوانە شک دەبەم با سێ و دوویەکیش لەگە دایکت بکەم بزانم ئەو کەسی لەیادە و پرسیارێکیش لە بەھیيەی خوشکت دەکەم لەوانەیە ھاوڕێیەکی ھەبێت بابزانین چی دەڵێت؟؟ وتم باشە بابە گیان بەدڵی خۆت،،،،.

 

-بەشی چوارەم—-

ئیتر وای لێ ھات لەگەڵ ڕەفتەسور قسەمان دەکرد و بەدزيیەوە و بە کورتی تاکەس پێمان نەزانێت جارجارەيش کە دەھات بەشوێن بەھیيەی خوشکمدا فرسەتێکم وەردەگرت و دەستیم دەگرت بەڵام سوور دەبوومەوە و دڵم خەریک دەبوو لەسینەم بازی دەدا، گیانم ھەمووی دەنیشتە سەرئاو ئەوەندە شەرمەندە بووم،، ڕۆژ دەڕۆیشت و ڕۆژ دەھات و منیش ئارامم لێبڕا بوو خواخوام بوو باوکم یان دایکم شتێک بڵێن ھیچ نەدەوترا، خوا ھەڵناگرێت جارجار بەھیيەی خوشکم دەیگوت حەمە باوکم و دایکم بەتەمان ژنت بۆ بھێنن،،حەمە من ھەست دەکەم دڵت بە کچەکەی کاک سەلیمەوەیە،،،ھا چۆن؟؟ کاک سەلیم؟؟چۆن دەزانیت؟؟ ھا ساختەچی؟چیت ھەیە بیڵێ،، وتی زووزوو باست دەکات، جاران کە دەچوین بۆ بێری ھەرگیز نەدەھات بەشوێنمدا کەچی ئێستا بەبێ من ناڕوات تەنانەت کە دەچین بۆ قەزوان و ترش ڕنینیش بەجێم ناھێڵێت،، حەمە ئەو ڕۆژە چووین بۆ بەڵاڵوک و گۆیژ و ھەرمێ ڕنین وتی بەھيیە ئەوە بۆ ژن بۆ حەمە ناھێنن خۆ شوکور عازەبێکە؟؟ منیش وتم بەخوا باوکم چەند کچی بۆ ھەڵداوە ئەو بەدڵی نیيە ئیتر نازانم خوا کێی بە نسیب دەکات ئەوە قەدەرە قەدەر بەدەست کەس نیيە،، حەمە لە پڕ ھەناسەیەکی ھەڵکێشا و وتی ڕاستە قەدەرە،،، وتم تۆ کەس شک دەبەیت؟؟ قسەم لێی دەرھێنا!! کەچی ئەزانی وتی چی حەمە؟؟ وتی توخوا حەمە زۆر قۆزە و زۆر نەرم و نیانە خەساری مەکەن باخۆی بڕیار بدات….

 

-بەشی پێنجەم ——–

باوکم چوو بۆ شارو ھەندێک دەست و دیاری لەگەڵ خۆی برد وەک(گوێز و ھەنگوین و نەختێ میوە و بڕێک ژاژ و کەرە و لۆرک و دوو کەڵەشێری تازە پێگەیشتويشی قاچ بەستن و بردنی) دوای دوو سێ ڕۆژ گەڕایەوە و معامەلاتی زەویيەکەی تەواو کر دبوو(زەويیەکان بە وەرەسە ھینی خۆمان بوون بەڵام میری ڕێگایەکی بە ناودا ڕاکێشا بوو زەویەکەی کرد بوو بە دوو بەشەوە، ئیتر شارەوانی بڕیاری دابوو قەرەبوو وبکرێینەوە بەڵام ھەر دەستی دەستیان پێدەکردین، شوکور سەفەرەکەی باوکم خێری پێوە بوو زەويیەکەيشمان یەکلابوەوە و پارەی قەرەبووەکەيشیان دابوویە کە ئەوەم بیست لە باوکم ئەوەندەی تر گەشامەوە وتم بەخوا خێری پێوەدەبێت….

 

. -بەشی شەشەم——

ڕۆژێکی خۆرەتاو لە بنکەنی مێوەکان تەواو بووبووین زۆ رھیلاک بووم دایکم وتی حەمە باوکت دەیەوێت ژنت بۆ بھێنێت، وتم دایکە گیان بەئارەزووی ئێوە،، وتی کەس شک نابەین کچەکەی کاک سەلیم نەبێت،،.ووتم کام سەلیم!؟خۆمم ھەڵەکرد،، وتی سەلیمی ناڵبەند،، وتم ئەھا ئەوەی کچێکیان ھەیە ڕەفتەیەکی سور دەبەستێت بە سەریەوە؟؟خۆمم لەگێلی دەدا،،، وتی ئائا خۆیەتی ناوی شەوبۆیە زۆر کچێکی چاک و سەلارە ھاوڕێی بەھیيەيشە،، وتم بڵێم چی جا تۆ بڵێیت بیدەن؟! چونکە تازە مامی وەفاتی کردووە،،، دایکیشم وتی ڕۆڵە حەمە ئەوە ساڵێک زیاترە خۆ ناکرێت ژیان بوەستێت لەدوای ھەر مردنێک،، وتم ڕاست دەکەیت ئێ باشە دایکە کێ دەڵێت خۆی ڕازی دەبێت؟! دایکیشم وتی ڕازيیە ڕازی خۆی بە خوشکەکەتی وتوە!! ئێ باشە بۆنا!!باش من ڕازیم ئەگەر باوکیشم پێی باش بێت؟؟پرسی باوکم بکە و کێ دەڵێت خێری پێوە نابێت،،چونکە باوکم زۆری کچ بۆ ھەڵدام کەچی بەمەیان خێرا ڕازی بووم

ھەھەھ دایکم وتی حەمە ئێمە گیامان بەکێوەوە نەخواردووە دەزانین ئێوە یەکتان خۆشدەوێت کوڕم….

 

-بەشی حەوتەم و کۆتایی——-

دایکم و باوکم قسەیان کرد بەیەک و بڕیار درا پچنە خوازبێنی، شەوی پێنج شەممە دەستنیشان کرا کە پیاوان بچنە پێشەوە دوای ئەوەی وەفدی ژنان بەسەرۆکایەتی دایکم و خوشکەکەم ھەفتەیەک بوو چوو بوون بۆ ماڵی شەوبۆ و دوای دوو ڕۆژ چرای سەوزیان بۆ ھەڵکرد بوون، ئیتر ھەموو شت سازا و بەڵام ماڵە خەزورانم وتبوویان ئاھەنگمان ناوێت بەھۆی ئەوەی ساڵێک زیاتر بوو مامی شەوبۆ وەفاتی کردبو،،ھەروا شەش مانگ دەستگیران بووین بڕیاری گواستنەوەمان دا کەوتە مانگی دەی ھەمان ساڵ و ئەوە پانزە ساڵی ڕەبەقە بەیەکەوەین و دوو وەچەی جوانمان ھەیە و تاکوو ئەم ساتە وەختەيش یەکترمان وەک یەکەم ڕۆژ خۆشدەوێت چونکە بە تەواوی ھۆش و بیرمان و ژیانمان پێک ھێنا..

 

 

30/06/2022