فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وامدەزانی

وامدەزانی

 

بورهان بەرزنجی/ شاعير / کەرکووک

وامدەزانی

کە گیانم ببێ بەکەشتی ،

ڕۆحت دەکەیتە ڕووبار و

لەئامێزتا هەڵمدەگری .

وەک دەروێشان

زڕەی زنجیری دەفم بووی ،

جەستەت دەبوو بە خانقام .

سەرمام دەبوو ،

فووت لە نێوی دەستی ئەم عیشقەت دەکردم و ،

دڵت دەبوو بەئاگردان .

دەبووی بەئەستێرەی بەختم و

بەڕووی ڕیشۆڵەی ئەوینما پێدەکەنیت .

ئێستا …

وەکو ئاوی ڕژاوی ئاورشێن ،

نە خەندەت دێتە میوانیم ،

نە ڕۆژگاری بریندارم تیمار دەکەیت .

کەڵەشێری بەختمان خەوی لێبکەوێ ،

نەڕۆژگارمان ،

لەخەوی خاو

هەڵدەستێنێ ،

نە چۆلەکەی چاوەکانمان،

جارێکی تر ،

لەسەر داری بەخت دەخوێنێ .!

 

٢٠٢٤/٩/٢٥