فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گردە زام

گردە زام

ئەمير ئەمين/ شاعير / سلێمانی

 

سەرێکیترم دەوێت

بۆ ئەم زامە کەڵەکەبوانە

هەر ڕۆژ لێم بەردەبنەوەو

لەبەر پێیەکانم دا دەبنە گردە زام !

بەسەر هەر گردێکەوە

گۆڕی یادەوەریەکی لێیە

هەموو هەینیەک بۆ ناشتنی یادەوەریەک

بەسەر گردێکیترەوە

دەچمە دیداریان

هەندێکیان ئێستەش

خوێنی پەشیمانیان تازەیە

هەندێکیان ئێستەش گوڵی چاوەڕوانی دەگرن و

هەندێکیتریان هەموو شەوێک خۆیان زیندوودەکەنەوە

بۆئەوەی خراپتر خۆیان بکوژن ،

 

دووپێی دیکەم دەوێت

بۆ پێڕاگەشتن بەو هەموو ڕێگایانەی لەیەکەم هەنگاوەوە لەدایک بوون

ڕێگاگەلی زۆرم دروستکردوون

ڕۆژانە بەدەم دروستکردنی ڕێگای نوێوە دەچمەوە سەریان

ڕێگا هەیە ئێستەش وەک بای بێ ماڵ درێژ دەبێتەوە

ڕێگا هەیە بەدیار هاتنی ڕێبوارێکەوە چاوەکانی کوێر بووە ئەوسەری خۆی نابینێت

ڕێگا هەیە ون بووە

ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر خۆی

ڕێگاکان شەوان لەدەوری یەک کۆدەبنەوە چیرۆکی درێژ بۆیەکتری دەخوێننەوە

دووپێی دیکەم دەوێت

بەڕێگاکان دا ڕابگات

تاخۆیان نەخستوەتە چاڵێکەوە .

 

دووچاوم دەوێت ئەم وێنە زۆرانە لەخۆیاندا هەڵبگرن

وێنەی زۆرم دیون وەک قولاپ چاوەکانمیان ڕاوکردووە

جارێک ویستم وێنەی گەڵایەکی سەوز هەڵبواسم

وێنەی سەربازێکی قاچ قرتاو

بەدیواری سەرمەوە کەوتە خوار

ئێوارەیەک ویستم وێنەی گوڵێک هەڵبواسم

بەدەم دواین تیشکی ڕۆژەوە پێدەکەنی

وێنەی هێمن بەدیواری دڵمەوە

دایە پڕمەی گریان

وەک ئەوەی بڵێ (بۆ بە ئێوارەی پایزیش هی واهەیە پێبکەنێ )

 

من وێنە گەلی زۆرم هەن

وێنەم هەیە ئێستەش ناوێرێت یادەوەری پشتی خۆی بخوێنێتەوە

وێنەم هەیە لەمێژە نەیتوانییەوە

بچێتە بەردەم ئاوێنەکە

وێنەم هەیە ئێستەش بەدوای ناونیشانی خۆیدا دەگەڕێت

شەوێک لەسەنگەردا لەبەر تەماشاکردنی مانگ

لەتفەنگەکەم غافڵ بووم

وێنەیەک پڕی دایە خۆی بکوژێت

بۆئەوە خوێنەکەی بەناو تریفەی مانگ دا بڵاوببێتەوە !

ئێستەش شەوان بەدزی منەوە

وێنەکان کۆدەبنەوە و ڕووخساری یەک دەسڕنەوە

بەئومێدی بەیانیەکی جوان کەنایەت

دوو دەستم دەوێت فریای ئەو وێنانە بکەوێت و

تابوتێکیان لێدروست بکات

بۆئەوەی گەر ڕۆژێک لەم گردە زامەوە بەربوومەوە

تێیدا بنوم .