فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شيعر

شيعر

سدیق عەلی/ شاعير / رانيە

 

ده‌ست به‌ خه‌یاڵی تۆوه‌

ڕووه‌و دوایین هه‌ورازی عومرێكی ماندوو

قه‌ده‌رێكی لێڵ ئاقیبه‌تێكی ون

گه‌نجینه‌ی گه‌نجێتیه‌كی خاپوور

به‌ده‌ست بێده‌نگی تۆوه‌

به‌ره‌و شه‌پۆلی ده‌ریاچه‌یه‌كی نیگه‌ران

پێچی ڕووبارێكی دڕدۆنگ

لۆفه‌ی گه‌رده‌لولێكی سه‌رشێت

له‌و سه‌ر ڕێگایانه‌ی پاییز

پێیاندا بۆ ئێره‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌

ده‌سته‌ویه‌خه‌ی خۆم ده‌بووم

له‌و سێبه‌رانه‌ی چاوه‌ڕوانی تێیاندا هه‌ڵده‌كورما

شه‌ڕێكی نه‌بڕاوه‌م له‌گه‌ڵ خۆمدا هه‌ڵده‌گیرساند

به‌سه‌ر نه‌عشی خۆمه‌وه‌ شینم ده‌كرد

به‌سه‌ر ڕۆحی خۆمدا ده‌په‌ڕیمه‌وه‌

وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێكم لای تۆ به‌جێمابێ

ده‌مه‌ویست بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای حه‌قیقه‌تی خۆشبه‌ختیم كه‌ تۆ بووی

ده‌مه‌ویست بگه‌ڕێمه‌وه‌

جه‌رگه‌ی ئازارم كه‌ خۆتی

پێمخۆش بوو بچمه‌وه‌

ژێر ئه‌و كڕێوه‌یه‌ی تۆ ده‌ستت بۆ ده‌كرده‌ چه‌ترو

من روحم له‌به‌ر راده‌خست

حه‌زم لێبوو به‌ ته‌نیشت ئه‌و گۆرانیه‌دا بڕۆمه‌وه‌

كه‌ مشتێك یاده‌وه‌ری سه‌رده‌می زوڵاڵیت بوو

به‌لای عه‌تری قسه‌كانتدا بچمه‌وه‌

ئه‌و ده‌مه‌ی باخی پڕ به‌رامه‌ی داڵغه‌ی من بووی

له‌ژێر ئه‌و قادرمانه‌ی ته‌قه‌ی پاژنه‌كانیان ده‌گه‌یانده‌ ئه‌وسه‌ری روح

ده‌مه‌ویست سازش بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ بكه‌م كه‌ به‌بێ تۆ به‌سه‌رمدا تێده‌په‌ڕین

بۆ ئه‌و شه‌وانه‌ ده‌ست به‌ سینگه‌وه‌ بگرم

كه‌ نه‌یانده‌زانی من له‌ كوێی تاریكی دام

له‌ كوێی فه‌رامۆشی تۆدا دێڕ به‌ دێڕ به‌دوای مردندا ده‌گه‌ڕێم

به‌شوێن تارماییه‌كانتدا ڕاده‌كه‌م

له‌ پشت ئه‌و مێزانه‌ی هه‌ڵمی قسه‌و هه‌ڵمی نیسكافه‌و بخوردی نیگایان ده‌گه‌یشته‌ ژوروی خه‌یاڵ

به‌وپیری سه‌ریه‌ به‌و كه‌ماڵی ویقاره‌وه‌

ده‌ستم ده‌خسته‌ مۆخی شیعر

خوێنم ده‌كرده‌ وشه‌ی ئاڵ

هه‌ر ده‌مارێك به‌ ڕسته‌یه‌كی ئاگردار

هه‌ر په‌نجه‌یه‌ك وه‌ته‌رێكی مه‌ست و

هه‌ر ده‌ستێك كه‌مانێكی دڵبریندار

ده‌مه‌ویست له‌سه‌ر ئه‌و شه‌قامانه‌ی نه‌سیمه‌ سارده‌كه‌ی خالقی پێیاندا ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ پاییز

له‌ سێبه‌ری شیعرێكی چڕدا ڕاكشێم

به‌ ده‌ست نه‌غمه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ هەمیشە هه‌ڵبله‌رزم.

 

.