بمخوێننەوە
تاهير مهابادی/ شاعير / هۆڵەندا
بە خەونی خۆرەتاو
کە من خووساوی خۆزگەی گزینگم
بمنووسنەوە بە سوورەتاو
کە سێبەر تەسک و پسکە بۆ یاغی بوونم
بمچێننەوە لە چاوەڕوانیتان
کە من پێش چەواشەیی چڕۆم چرایە
بمنێژنەوە لە قاپیلکی لەمێژینەم
کە هاژەی ژەنگی روحم لە گەرووی برایە
مەمشێوێننەوە هاورێیان
لە شیرنایی ئەو تاڵییە
کە لە هەوارم رەوایە
لە قسری دا بزرم
لە بزری دا هزرم
وەدیمبێننەوە هاورێیان
بە ودمی دایکانی سک سووتاو
کە ناڵەیان لە خەونی (دغدۆ)یە
کەس نییە لە چریکەم دا گوێچکەی بپشکوێ
کەس نییە لە روحی برشاو کەڕڕوو کڕ
بێ دیسان بمخوێننەوە
بە خەونی خۆرەتاو
کە من خووساوی خۆزگەی گزینگم
دیسان بمنووسنەوە بە سوورەتاو
کە سێبەر تەسک و پسکە بۆ یاغی بوون
لە کتێبی [شەوێک میوانی گڵکۆی دایە گەورەم]