فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕاز و خۆڵه‌مێش

ڕاز و خۆڵه‌مێش

عوسمان هورمزيار/ شاعير / هەولێر

 

گه‌رما چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌سازشكردن و پاڕانه‌وه‌ له‌ سێبه‌ر

باران چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵێكى چۆڵ

دایكم چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌نه‌خشكردنى به‌خته‌وه‌رى له‌سه‌ر ڕوومه‌تم

شه‌قام چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌و شكستانه‌ى دره‌نگ ئازاره‌كانیان گه‌یشت

پاییز چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ وانه‌ى وه‌رین وڕۆیشتنى گه‌ڵاى بێ ئه‌مه‌ك

یادگارى چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ى برینه‌ خه‌وتووه‌كان

دڵشكاندن چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌و پێكه‌نینه‌ى گریانى لێ چۆڕایه‌وه‌

به‌ڵێنشكاندن چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ چوونه‌وه‌یه‌كى نابه‌دڵ بۆ شوێنى ڕاسته‌قینه‌م

شۆڕش چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ ژه‌نگاوى كردنى بیروباوه‌ڕى ئاسنینم

به‌رائه‌ت چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ هه‌ڵه‌یه‌كى كوشنده‌ ونه‌گونجاو وبێ مه‌به‌ست

ڕاستگۆیی چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ فارگۆنه‌ به‌تاڵه‌كانى شه‌مه‌نده‌فه‌رى ته‌مه‌ن

گۆڕستان چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ فڕاندن وبزركردنى یه‌ك یه‌ك خۆشه‌ویستان

هه‌ور چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ ڕۆیشتنى خه‌یاڵ به‌ره‌و شوێنێكى نادیار

په‌نجه‌ چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ سڕینى فرمێسكه‌كانى نائومێدى

سه‌فه‌ر چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ ترسى دووباره‌ نه‌دیتنه‌وه‌ى ئازیزان

ناعه‌داله‌تى چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ نیگه‌رانى وهه‌ڵچوونى ده‌روونى

تاریكى چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ شاردنه‌وه‌ى خه‌مێكى نه‌بینراو و نهێنى

عه‌شق چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ مسۆگه‌ركردنى نه‌خۆشیه‌كى بێ چاره‌سه‌ر

نیشتمان چى پێ به‌خشیم !

جگه‌ له‌ نامۆیی وهه‌ناسه‌ساردى

ئاوێنه‌ چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ پیشاندانى لۆچه‌ بێ به‌زه‌ییه‌كانى ڕووخسار

په‌نجه‌ره‌ چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كى بێ هووده‌

ته‌نیایی چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ تێنوێتى و خنكان له‌ بیابانێكى نادیار

بێكه‌سى چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ نێچیرێكى لاواز وبێ هێزى به‌رده‌ستى ڕاوچى

مه‌رگ دوورى تۆ چى پێ به‌خشیم!

جگه‌ له‌ سۆزێكى به‌نگخواردوو و ژانێكى درێژخایه‌ن

خۆم چیم به‌خۆم به‌خشى!

جگه‌ له‌ كوشتنێكى به‌ئه‌نقه‌ست كه‌ تاوانبارى سه‌ره‌كى خۆم بووم.

 

(عوسمان هۆرمزیار) 2024/8/31

ئێواره‌یه‌كى تر له‌ ئێواره‌ غه‌مگینه‌كانى نیشتمان

 

 

M Shnya