سەرگوزشتەی بون بە بەرد
ماجيد هەرشەمی/ شاعير / هەولێر
بەردیش ڕوحی هەیە
هەندێک لە ڕابردوو ماسی بونە
لە ڕەهێڵە باران و لافاواندا
لە پەسوانی دیوارو
چەقێنی ڕێدا
گلارە دەبنەوە بۆ باوەشی ڕووبار شۆڕ دەبنەوە
هەندێک لەبەرد لە ڕابردوو باڵندە بونە
بۆ عیشقی ڕوناکی لە ترۆپکی شاخ دەنیشتنەوە
هەندێک لەبەردەکان لەزوو دا مرۆڤ بونە
ئەی نابینی لەگۆڕستاندا خۆیان لەنێو خاکن وکێلە سەری بەردیان قوت بونەوە
هەندێ لەبەرد دڵ بونە
ئەو ملوانکە بەردەی سەرسینگت
ڕەنگڕێژی ئەوە
هەر بۆ نمونە ئەی نابینی
بەرد چەپەرە ، گۆڕە، ئامرازی شەڕە،
حەشارگەی حیکایەتی دوا داستانی گەڕان بۆ نەزری بونە
بۆ ئەوەی ببن بەبەرد
بێستون نەخش دەکەن و بۆسۆراخی ئەوین تاقیان تێدا هەڵچنیوە
بۆ بڕینی سەختی ڕێگا
دوور لەشەڕە بەردی
جەنگی سێیەمی جیهانی
با دیسان بۆسەرەتای بە بەردبونمان بچینەوە
لەسەردەمی پێش بەردینیمان
وەرە ئەلقەی بەردینیمان بگۆڕینەوە
مانگ مات دەبێ
ڕۆژیش تارای ڕەش لە ڕوو دەگرێ
لەخولگەی خۆیان دەمێننەوە
بەڵام دڵە بەردەکەی مەعشوق هیچ نایجمێنێ بیتوێننەوە
لەتیۆری خولقاندندا باسی خۆڵ و قوڕە
بەڵام لە خوڵگەی بەردی ڕەشدا دەسوڕێینەوە
وەلی لەناخندا بەردە
پەیکەرێکی سپیە نابینرێ و نایدۆزینەوە