رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨٢٩
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
لە هۆلە هونەرییەکەی نمایشی ”میدیا”، چوومە سەردانی پێشانگەیەک بەناوی ”شۆڕشگێرەکان”. لەوێ زانیم خاتوونێکی هونەرمەند بە کەرەستەی ورد، بەشەوق، لەسەر شووشە، لەناو تابلۆی رەشی دار بە کریستالی ورد، وردتر لە خوناو، ناسکتر لە شیلەی گوڵ، دانەدانە، وردورد، یەک بەیەک بە دەنووک و گوڵاڵەی پەنجەکانی ”دیقەتی دەستوپەنجەشم دەدا” فۆتۆی کەسایەتییەکانی کوردستانی کردووە.
تابلۆکان یەک بەیەک مێژوویەک دەگەیەنن، رووداو، خەباتێک باسدەکەن، هەموویان ناسراون.
لەگەڵ ”هاوژین موحسین”، کراوە، شیرین وەک هونەر، پیرۆز، ئارەزوو دیسان وەک هونەر، قسەمان کرد. لەو دیدارە کورتەدا، هیوامان بۆی خواست بە کەرەستەی تر؛ رۆح، دڵ، مێژوو، گیانی کەسایەتی، ئامراز، رەمزی تری نەتەوەکەمان بنەخشێنێیت. ”هاوژین”، هونەرمەندە، با ”ژین” بە زۆران ببەخشێت.