فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نامەیەکی شکاو بە تۆزی جەنگ

نامەیەکی شکاو بە تۆزی جەنگ

ئەکرەم هەواس/ شاعير / گەرميان

 

منداڵەکە لەبەر هەیوانەکە

خەریکی درووستکردنی کۆلارەیە،

دایکیشی لەپەناوە هیور هیور دەگری.

ناتوانم ئەم نامەیە لە ئاوی ئەوین هەڵژەنم

هەرکات دڵ بخەمە نێو ڕستەیەکی ئەڤینییەوە،

جەنگ دەست دەخاتەسەر زیتەی خەیاڵم و دێڕەکانم تەسلیم دەکات و زمانم قووت دەچێ

سەر و ملی وشەکانم دەشکێنێ

خوێن بە سەروچاوی ناونیشانی شیعرەکەم دێتە خوارەوە

لەوسەری خەیاڵم جەنگ وەستاوە

وشە ئەویندارییەکانم کەلەپچە دەکا و دەیانخاتە ناو مەیدانی شەڕگەوە

جەنگ هەموو شوێنێکی گرتووەتەوە

تەنانەت هاتووەتە ناو کووچەی خەیاڵ و فەرهەنگی شیعرییشمەوە!

 

جەنگ هەموو جوانییەکی ناشت

ئەوین چووە ژێر باڵی دوکەڵەوە

پیاوەکانی کرد بە سووتەمەنی

ژنەکانیشی خستەسەر پشکۆی تەنیایی

لە بری گوڵ؛ بارووت بۆنی بڵاوبوویەوە

لە بری ئەوین؛ فیشەک پەنجەرەی بۆ واڵا کردین

لە بری عەشق؛ خوێن هاتە ژوورەوە

جەنگ هات و خوێن بەهای نەما.. بوو بە ئاو خاک بوو بە تەونی بارووت.. فیشەک تەراتێنی تیا دەکرد

تەرم قەتارەی بەست،

کەللەی سەر بووبوو بە تۆپ و جەنگ فوتبۆڵی پێ دەکرد.

گەرووم پڕە لە قسەی نەوتراو

پڕ هەستمە لە هاژەی نەبیستراو

پڕ سەرمە لە تەرمی نێژراو

ئەها چ گاڵتەبازییەکە جەنگ!

پڕ هەناویەتی لە دوکەڵ،

کەچی لەژێرسەریدا نۆبڵی ئاشتی وەردەگیرێت!

 

خوێن لوولەی ئەم شیعرەی گرتم و خستییە ناو تەپ‌وتۆزی جەنگەوە

ئاخر ئەگەر دڵ ئاسن بایە،

ئێستا ژەنگ گرتبووی

باسی دوکەڵ و بارووت دەکەم، باسی کوشتن و خوێن، بزمار و تابووت باسی فیشەک و تفەنگ، ئاسن و ژەنگ قڕکردنی هەموو جوانییەکان نابووت

باسی ئەو قەڵایە دەکەم کە دایکم بوو، جەنگ خاپووری کرد و بوو بە کەلاوە

 

دایکم ناوی نیشتیمان بوو باوکیشم سەربازێکی عاشق

بەهۆی دایکمەوە نیشتیمانیشی خۆشویست

ئەو دەیگوت: خۆشەویستی ئێوە من دەکوژێت

بە دایکمی گوت: یان بۆ تۆ.. یان بۆ نیشتیمان دەمرم

دواتر نیشتیمانێ خەمی بۆ دایکم جێهێشت!

باوکم بۆ بەدەستهێنانی دڵی نیشتیمان

دڵی دایکمی کردە قوربانیی

 

بەیانییەک جەنگ دەستی خستەناو دەستی باوکم و ڕۆشت

ئێواران دایکم چاوی لەسەر دەرگای حەوشەکە هەڵدەخست و ترپەی دڵیشی لە تەقەی کیلیۆنی دەرگاکە ئەچوو

لە دەرگاکە درا…

باوەشی بۆ گوڵ و ماچ کردبووەوە

زەرفێک لە بەرەکانی جەنگ هاتەوە

پۆستاڵەکانی باوکم و مەدالیاکەی تێدابوو

هیچ وشەیەک لەو ناوە نەهاتە گۆ

نامەبەرەکە سەرێکی ڕێزی دانەواند و ڕۆشت

دایکم بوو بە پەیکەر!

 

لە یادی هاوسەرگیریی دایکمدا

باوکم جلێکی ڕەشی بۆ دایکم هێنابوو بە دیاریی

دوای کوژرانی باوکم دایکم ڕۆژانە جوانییەکانی هەڵدەوەری

خەندەکانی؛ جانتای فرمێسکیان لەشان دەکرد و

بە دەشتی گۆنایدا وێڵ وێڵ ملی ڕێگایان دەگرت و

ڕۆدەچووە نێو تەنیاییەکی شکاو

نێوچاوانی بە ئازار دەبەست و کەمەریشی بە مەراق

گوڵی سەر کراسەکەی کەوتە خوارەوە

لاسکی ستیانەکەی پچڕا و مەمکی بێناز کەوتن

هەمووی لەبەرچاوی بوو بە پووشی دەم بــا

جگە لە مانەوەی خۆڵەمێشی کوانوویەکی سارد و دەستێ جلی ڕەش.

 

جاران باوکم کە دەهاتەوە من ئەمبینی گوڵی بۆ دایکم دەهێنا

ئەوکات ژیان بە عەرەبانەیە دڵخۆشییەوە خۆی دەکردە کۆڵانەکەمان و ئێمەش خەندەمان ئەچنییەوە دایکیشم بە نازێکەوە باوەشی بۆ دەکردەوە و پەپوولەی ماچی دەکەوتە شنەشن.

دواین جار چاوی ڕوا بۆ گوڵ

پەپوولەی ماچی لەسەر گۆڕێک نیشتەوە

ئێستا دایکم پێنجشەممان بۆ شینبوونی تاقە گوڵێک، گۆڕەکەی باوکم ئاو ئەدات و کێلێکی بێگیان لە باوەش دەگرێ!

شەوانە بۆ هێور کردنەوەی دڵەخورپەکانی،

مەدالیاکەی باوکم لە مل دەکا

بە نیازی ئەوەی دەستی باوکمە و لەناو سنگیا جۆلانە دەکا و مەمکەکانی ڕادەژنێ

لێوی هەڵدەسووێ لە وێنەکەی

چ کارەساتێکە مەدالیایەک بتلاوێنێتەوە و کاغەزێکی بێگیان ماچ بکەی!

 

کە درەختی ماڵەکەمان سێبەرەکەی شکا

دایکم بۆ پاروویەک نان لەگەڵ قووقەی کەڵەشێر هەڵدەستا، کە مریشک ئەچووە کولانە؛ ئەگەڕایەوە

لە شەقامەکاندا کلێنسی دەفرۆشت

جوانییەکەی دەڕژایە بەرپێی چاوچنۆکی هەوەسبازان

تا پاکەتێکی ئەفرۆشت،

دوو پاکەتی لە فرمێسک ئەخووسان!

ئێستا مەرگ دەبارێ و ژیان بە عەرەبانەیەکی شکاو لێرەوە دەڕوا.. ئەرێ نۆبڵ ئەمجارە خەڵاتی ئاشتی ئەدا بە کێ؟

کاتێ باسی جەنگ دەکرێ دایکم دڵی دەلەرزێ

کۆلارەی دەستی مناڵانی لێ دەبێ بە فڕۆکە و ئەژنۆی دەشکێ

ئاگر بەر دەبێتە ماڵی دڵی تەنیا کەوتووی

ئەو خەتمی گریانی کردووە، لە مانای تلانەوە دەزانێ

شەوان کە دەخەوێ،

دوو جێگە ڕادەخات

دەست دەخاتە ناودەستی ئازار و یادەکۆنەکانی ماچ دەکا و لە باوەشی تەنیاییدا دەنوێ

جێگایەکی بەتاڵی کردووە بە ڕۆمان

ڕۆمانێک وەک ( سەد ساڵ تەنیایی).

تەنیایی باوەشێنی ئازارەکانی دایکم دەکات

پشکۆی خەمەکانی گەش دەکاتەوە

هەموو هیواکانی بوون بە دووکەڵ

ئەوەی لە باوکم بۆی بەجێما

مشتێ یادگاریی هەڵبڕوسکاو و باوەشێ تەنیایی بوو

 

ئەها سەیرکە جەنگ چ کارەساتێکە!

فیشەکێک ئەتوانێ وڵاتی دڵێک خامۆشکا

پیاڵەی ئێوارەی پێ فڕکا و دەزوولەی تاریکی پێ داگیرسێنێ

زەمەن جوانییەکانی دایکمی لە توێی چرچ‌ولۆچیا ناشت و ڕەنگی وەرزەکانی لێ سەوزبوون

کانیی چاوەکانی هەمیشە بەهارن،

پرچیشی بەفری زستان

دڵی وەکوو کوورەی هاوین دەسووتێ و

باڵای هەمیشە وشک و پاییز

ئا ئەمەیە دیاریی جەنگ؛

کفنێکی بۆ باوکم و جلێکی ڕەشی بۆ دایکم دروو.

جەنگ دایکمی کرد بە خۆڵەمێش.

 

ئەپرسم کێ لە جەنگا براوە بووە؟

ئەی کێیە جەنگی نەدۆڕاندووە؟

کەلاوەکانی نیشتیمان وەڵامەکەیان خستە ڕستەوە

دایکم لەبری وەڵام،

فرمێسکەکانی هاتنەگۆ

خاڵێک کەوتە نێوان (دایک . باوکم)

منیش کەوتمە ناو کەوانەی ( بێنازیی)ـەوە

جەنگاوەرێکی لاقپەڕیوو قاچەدەستکردەکەی خستەسەر ئەو دێڕەپرسیارە و کردی بە نیشانەی وەڵام(؟ )!

سەر گۆڕەکەی باوکم بە قریوەی پێکی سەرکردەکان دەخزا

 

زمانم لەناو دێڕی ئەم نامەیە گڕمۆڵەیە

مرۆڤ بە ئەوین دەبێتە براوە، نەک بە ئاسن!

 

جیهان تەنیا لە نەخشەدا ئارامە

جەنگ لەم نامەیە بێدار

هەتیوێک ئەم نامە شکاوەی بە ئاوی سپیی چاوی دایکی نووسی و کردی بە کۆلارە و ناردی بۆ بارەگای نۆبڵ و ڕەتکرایەوە خەڵاتی ئاشتی پێبدەن!