کاڵێ کاوڵی و وون بوون …..
【 23】
ئەمير پاشا نامدار/ نووسەر / هەڵەبجە
من بۆ سۆراخی ئاوا هەواڵێ ڕۆشتم ، ووتیان تەنها کەسێ کوچەوکۆڵانی ئەم شارە شارەزابێ ئەوە سەید سامانی کوردی یە ، ئەگەر تواناو خوڵکی هەبێ بۆ قسەکردن لەوانەیە شتێکت پێ بڵێ. شەو چوومە سەرەوە بۆلای لە ژوورێکی بچکۆلەی تەریک و تاریکدا بوو ، تەنها مۆمێکی لەبەردەم خۆیی و دوو بخوردی داگیرساندبوو ئاوای بۆ گێڕامەوە پێ بزانم دوای ئەنفال تاکە سەربازی کورد بووم لەنێو ڕیزەکانی سوپای عێراقدا مابوومەوە ، من و ڕەحمان و گەرمیان کە ئەوانیش وەک من نە کەسێک نەخۆشەویستێکیان نەمابوو ، لەم کۆنە وتێلە ئەم ژوورەمان گرتبوو بەکرێ . گەرمیان تەنها بۆیەک جار و درێژترین چیرۆکی ژیانی خۆی بۆ خوێندمەوە کە لە چەند دێڕێ زیاتر نەبوو. کاتی خۆی سەرباز بووە ، بە ڕێکەوت لە کاتی ئەنفال لەسەربازخانەیەک دەستگیرانەکەی دەبینێ، داوا دەکات دەسگیرانەکەی بۆ بەردەن ، ئەوانیش دەیگرن ، نایکوژن ، بەڵام بە جەستەو بەدەنێکی شێواوی لەرزۆکەوە دوای چەند ساڵ لە زیندان فڕێی دەدەنە دەرەوە ،هەر ئەوەندەو بەس. هەرچەند تێک شکێنرابوو چاوێکی لەدەست دابوو، بەڵام بەو ڕەنگ و ڕوخسارەشەوە هەر حەزت دەکرد سەیری سەرووسیماو باڵای بکەی ، لەوانەیە بڵێم زیاتر خەم و خەفەت و شەرمنی لە ڕادە بەدەر هێندەی کە جوانی و سەنگینی پێ بەخشی بوو ، لە بیرم ناچێ هەرگیز بیرم ناچێ بۆیەک جار ووتی : خۆشەویستێکم هەبوو ، دڵدارێکم هەبوو ناوی (کاڵێ )بوو . ئەم ناوە بۆمن ئاشنا بوو ،چوون چەند جار لە ناو سەربازەکان بەرگوێم کەوتبوو… گەرمیان بەیانیان تەختەی جگەرە فرۆشتنەکەی دەکردەملی و ئێوارە ماندو ماندوو دەگەڕایەوە . ڕەحمان کەڕوولاڵ بوو ،نازانم کەسی هەوبوو یانا ، ئەویش شاگرد بوو ،هەر بە شەرواڵە کوردیەکانەوە بەیانیان دەچووە چایخانەی کەڕوولاڵەکان و ئێواران بەچەند سەمونێکی کۆنی پەزێرە و هەندێ ماست و پەنیری بەرماوە دەهاتەوە. ڕەحمان هێندە ماندوو بوو هەر ئێوارە خۆی دەکرد بەژێر بەتانی یەکەوەو دەخەوت . ئێمەش دوو بە دوو جاری وا هەبوو شەوگاری درێژ دوو قسەمان پێکەوەوە نەدەکرد تەنها جگەرەمان دەکێشاو بەچاوی مۆلەقەوە هەریەک لە گۆشەیەکی سەقفی ژوورەکەمان دەڕوانی و بیرمان لە چارەنوس و ڕەوتی ڕۆزگار دەکردەوە . ئێمە لە ڕەحمان کەڕوولاڵ ترو ژوورەکەش لە هەرسێکمان کەڕوولاڵ تر بوو. هیچ وەسوەسەو خوڵکی هاتنەوەی کوردستانمان نەبوو هەرسێ دڵ مردە ، هەستم دەکرد هەموومان حەزمان بە وون بوون بوو . ئەو بەیانی یەی بەمۆڵەت لە بەصرەوە دەهاتمەوە بۆ ئێرە لە ناوەڕاست و لەنێو فارگۆنێکی شەق وشڕ دانیشتبووم . کچێک هاتە بەرانبەرم زۆر جوان بوو . باڵایەکی باریکی بەرز زوڵفێکی قەترانی قەرەچی و جووتێ چاوی ڕەش و ڕوخسارێکی خەماوی هەبوو ، زیاتر لەکاوڵیەکان دەچوو. هەرکە بەرانبەرم دانیشت سڵاوێکی لێ کردم سڵاوم سەندەوە . ئەو خێرا ووتی: تۆ کوردی ووتم : بەڵێ ئەی تۆ ئەو هیچ وەڵامێکی بۆ پرسیارەکەی من نەبوو وەک بڵێم زیاتر خۆی دا لە گێلی . تەنها ئەو دەست و پەنجانەی بە ڕەنگی خەنە نەخشێنرابوون لەیەکی دەئاڵاندن و جار بەجارێ پەنجەکانی دەهێنا بە زوڵفەکانی داو بە زمان لێوەکانی تەڕ دەکردن ، تیشکی ڕۆژ لە جامی قیتارەکەوە دەیدا لە زووڵف و لێوی بە ڕەنگی قاوەیی تۆخ بریقەیان دەهات. منیش بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامی پرسیارەکەی خۆم بم هەر سەیرم دەکرد. لەناکاو بە عارەب ی یەکی تێک شکاو لەمن خراپ تر ووتی: نەخشی دەستەکانم جوانن؟ ئەی لێوەکانم تەڕو ئاوین ؟ئەی ڕەنگی زووڵفەکانم چۆنن وەک شەوی تار دەنوێنن . دەستەکانی گرتم بەرزی کردنەوە ، هەڵی ساندمە سەرپێ ،گیانم دەلەرزی دەم ویست قسە بکەم بەڵام ئەو بەردەوام بوو ووتی :بۆنی دەستم بکە بزانە بۆنی چی دەدەن بزانە بەو بۆنە ئاشنا نیت ، بزانم دەزانی لەکوێوە هاتووە . ووتم : بە زمانێکی عەرەبی شکاو شکاوتر لەخۆم ووتم تۆ جوانی خۆتە ئەو نەخشانەت جوان کردووە. سەری داخستەوە و یاری بە دەستەکانم دەکرد ووتی : بەهەشتێک و دۆزەخێ هەیە بەهەشتێ بۆ پیاو چاکان و دۆزەخ بۆ کەسانێکی زۆرینەی وەک من. ئێستا هەست دەکەم ئەم دۆزەخ و بەهەشتە هاتونەتە سەر ئەم زەوی یە ، من لەم دۆزەخەی سەر زەوی زۆر دەترسم دەمێکە بە فێڵ و فڕ خۆم دەپارێزم بەڵام پێ بزانم ئیتر ناتوانم خۆمی لێ لادەم ، بەڵام ئێستا کە بۆنی تۆ دەکەم بۆنی بەهەشتێ دەکەم تەنها بۆنی دەکەم ، بەردەوام باسی جوانی دەکرد ، بەزمانێک باسی چاو دەم و دەست و باڵامی دەکرد وام دەزانی ڕوخساری ڕەنگینی سلەیمان بە منەوەیە، بەڵام خۆم شەرمم پێ دەهات چوون خۆم دەمزانی ئەوە من نیم کە شیاوی ئەم شانامە پیا هەڵدانە بم . لەناو خەیاڵدا بووم دواجار ووتی : هەر بەڕاست ، ڕاستە ئێستا کوردستان بەهەشتە تۆ خەڵکی ئەوێی ؟ وەک ووتم من کەتبوومە ناو خەیاڵێکی ناخۆش کە ڕۆژانێک و چەند جارێ لە هاوڕێکانم بیستووە کچێکمان بینیوە بەناوی کاڵێ کاوڵی جوانترین ئافەریدەی سەر زەوی یە، بەقسەکانی دا وام هەست دەکرد ئەم کچە کچێکی سادە نی یە ، لەوانەیە گەورەترین ساحیر یا شاعیر بێ ، بڕوام نەبوو ئەوزمانە هی مرۆڤ بێت کە وشەکانی لەسەر زمانی دەپژان. لەوە خراپتر گومانم لەعەرەب بوونی بوو. دووبارە دەستەکانی گرتمەوە بەچاوە خەمبارەکانی یەوە لێی دەڕوانیم ئەم جار پڕ بە سیەکانی بۆنی دەستەکانی هەڵمژیم ئەو جار من دەستەکانم خستە سەر شانی ، ملم نا بەلا ملیەوە ،بۆنێکی زۆر ئاشنا هاتە ناو هەموو جەستەمەوە بۆنێک زۆر پێی ئاشنا بووم ،بۆنێکی ژنانەی زۆر خۆش ،زۆر جار بۆنی ئەو بۆنانەم کردوە بەڵام نازانم لەکوێ چوون تەواو مەست بووبووم . لە ناوخەیاڵی خۆمدا وا هەستم دەکرد کەمن ساردم ڕووبەڕوو کەوتمە سەیر کردنی ویستم دەم لەسەر لێوی دانێم ،ئەو بە هێواشی پەنجەی لەسەر لێوم دانا بەچپە ووتی: تۆ ناتوانی دەست لەمن بدەی ،زۆر بەخەمباری یەوە سەیری چاوەکانمی دەکرد ، ویستی زیاتر قسە بکات. بەڵام شوتی قیتارەکە لێی دا، ئەو خۆی کۆکردەوەو جانتا گەورەکەی کردە کۆڵی و لەگەڵ وەستانی قیتارەکە خواحافیزی کردوو داپەڕی یە خوارەوە ، تەنها ئەوەندە توانیم بڵێم بۆ کوێ دەڕۆی ؟ ئەوەندەم بیست دەڕۆم لەم جەهەنەمەی ئێوە دەڕۆم ئیتر ناگەڕێمەوە، کە دانیشتمەوە نامەیەکی هەڵپچڕاو لەجێگاکەی بەجێ مابوو ، خێرا هەڵم گرتەوەو دوای کەوتم پێی بدەمەوە بەڵام نەمزانی چۆن وون بوو گەشتمەوە ناو ئوتێلەکە شەو لە سەرچەرپاکە خۆم ئامادە دەکرد بۆ خەو نامەکە لەناو پانتۆڵەکەم خشەی هات ،کەوتەوە بیرم دەرم هێنا . گەرمیان ووتی : نامەت بۆ هاتووە؟ ووتم : نا دۆزیومەتەوە با بێخوێنمەوە . کە کەوتمە خوێندنەوەی نائاگا یەکەم وشە لە دەمم دەرچوو کاڵێ سڵاو هەر وەک دڕکێ بڕوا بەچاوم دا ، وەک بەپێی پەتی بەناو پشکۆو سکڵی گەرمدا بڕۆم وام لێهات ، چاوم نوقاند کەوتمە خەیاڵ دەمزانی بە ناو هێنانی کاڵێ گەرمیانم کوشتووە ، ئاگام لێ بوو لەگەڵ کرچەی چەرخی جگەرەکەی ووتی: هاوڕێ بەردەوام بە . چاوم کردەوە گەرمیان کە لەسەر پشت ڕاکشابوو هەرچاوی لەسەر سەقفی ژوورەکەبوو ، لەو دووکەڵی جگەرەی دەستی ڕۆحی گەرمیانم دەبینی کە دەیکێشن و ڕاست بەرەو ئاسمان دەچێ . ئیتر من لە شەرمان شەڵاڵی ئارەقە بووبووم ، تەنها ووتم هاوڕێ بمبورە ئەم شەو ناتوانم بەیانی دەیخوێنمەوە. نامەکەم لەسەر جانتاکەم دانا. بەیانی هەستام گەرمیان لەوێ نەمابوو ، نامەکەم لەناو سندوق جگەرەکە دیتەوە ، هەڵم گرت تەڕ بوو ، نازانم گەرمیان چەند جار خوێندبوویەوەو چەندە فرمێسکی بەسەردا ڕشتووە . ئەو ڕۆژە هەتا دواین ڕۆژی مۆڵەتم دیار نەبوو ،نیوەڕۆیەک ئێوارەیە شەوێک نەهاتەوە. هەمووشەوێکیش کە ڕەحمان دەهاتەوە پێش ئەوەی من پرسیار بکەم ئەو هەر بە ئیشارەت پی دەووتم کوا گەرمیان؟ منیش دەمگوت نازانم. ئەویش هەر بە چاوی پڕ فرمێسکەوە دەچووە ناو جێگاکەی و دەخەوت ، دوای مانگێ کە مۆڵەتم وەرگرت و هاتمەوە ، دەرگای ژوورەکەم کردەوە ،تا درەنگانێ شەو چاوەڕوانی ڕەحمان بووم، بەڵام هەر نەهاتەوە ،خۆم پێ ڕا نەگیرا چوومە خوارەوە لەشاگردی وتێلەکەم پرسی ڕەحمان لەکوێ یە؟ ووتی :نازانین چەند شەوێ دوای ئەوەی تۆ ڕۆشتیتەوە ڕەحمانیش ڕۆشتووە . لە چاخانەکانیش هەواڵێکیان لێی نی یە ….. بێدەنگ بوو چاوەڕێم کرد شتێ بڵێ بەڵام هیچی تری نەووت. ئیتر من ووتم بێ خەم بە من دەیان دۆزمەوە بەڵام تۆ نامەکەت لا ماوە؟ دەستی بردە نێو جانتا شڕەکەی لەنێوان دەفتەرە کۆنەیەکی پەڕپووت دەری هێناو دایە دەستم … کاڵێ سڵاو . ئەمە خەنەی هندستان نی یە ، خەنەی هیچ ووڵاتێ لەم خەنەیە ناچێ ، ئەمە خۆم بەتایبەتی دروستم کردووە بۆت . لە درەختی بەهەشتێکەوە بۆم هێناوی ( خەنەی توێکڵی دارگوێز)ە ئەم توێکڵی دار گوێزە وەک چۆن پێستی کەروێشک لەجستەی دادەماڵی ، ئێمەش ئاوەها بە چەقۆ و نوکی نێزەی تفەنگەکانمان بەرگی دار گوێزەکان لەسەر تا بەخوار دادەماڵین ، ئەم خەنەیە بۆیەک جارە ، چوون ئیتر دارەکەی وشک دەبێ. من گوێم لێ نیە چۆن دارەکان وشک دەبن کەی وشک دەبن، بەڵام گومانم نی یە جگە لەتۆ هیچ کچێک لەم جیهانە نازانێ ئاوا خۆی پێ جوان بکا ، خۆش بەختم کە ئەم شەو لای منی مەترسە بێخەم بە هەرگیز ئاشکرات ناکەم ، چۆن خۆت ناساندوە ،بمبورە ئەوجار بانگم کردی کاڵێ کوردی ئیتر لەمەولا منیش هەربەزمانی خۆت و خەڵک بانگت دەکەم ( کاڵێ کاوڵی). کەلە نامەکە بوومەوە سەید سامان لەسەر چەرپاکە ڕاکشاو چاوەکانی خستنە سەریەک وات دەزانی دەمێکە خەوتووە ،دەمزانی ڕۆحی بە ئاگایە ، چوومە ڕاسەری ووتم: دەچم بەرەو جنووب هاتمەوە دەتبەمەوە بۆ کوردستان دوای مانگێک و گەڕانێکی وێڵ هاتمەوە بۆ وتێلەکە ووتیان سەید سامان ڕۆشتووە. ئەوە چەندان ساڵە بەناو نیشان یان بەوێڵی من بە دوای کاڵێی خوشکم و گەرمیان و سامان و ڕەحماندا دەگەڕێم … بەڵام نەک هەر نەمدیتنەوە ، بەڵکو وا ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکە خۆشم بەدوای ئەواندا وون دەبم
………. [ پێشکە بەو پاکیزەو مەردانەی لەبەر شەرم و شکۆیان ڕۆشتن و نەگەڕانەوە]