فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆما

ڕۆما

هیوا قادر/ شاعير / سلێمانی

 

ئاگری جوانی بەربۆتە ڕۆما،

ئاگرەکەی نیرۆنیش

لەناو یادەوەریدا

ڕۆما دەسووتێنێت و ناکوژێتەوە؛

زریانێک نییە

ئاگری یادەوەری بکوژێنێتەوە.

 

من وەک دوکەڵێک بە دوو پێی خۆمەوە

سووکوسۆڵ

بەناو کۆڵانی ملوانکە لە ملدا

پیاسەدەکەم،

ئەو هەموو جۆگەلەی شەرابە دەبینم

بەدەم قریوەقریوەوە

گەرووی مرۆڤەکان تەڕ دەکات.

 

ڕۆما

هەزاران بەلەمی خەیاڵاوی دەخاتە سەر پشتی خۆی و

بە ناو

کێڵگەی شمشێری خوێن لێ تکاو و

پایەی بیرازکراو بە دەمی چەکوشدا دەڕوات،

دەستی ئەو پەیکەرانە دەگرێت

کە سێبەر لەسەر ڕووخساریان ناکەوێت.

 

ڕۆما

سەرابێک لە تەلیسمی جوانی

چاوێک دەتوانێت بیبینێت،

کە وەک ماسییەک بتوانێت لە ئاگریشدا مەلە بکات.

چاوێک پێکەنینی بە بینینی ڕووت بێت و

لەناو بینینی هەزار ڕەنگدا ببریسکێتەوە،

سوێند دەخۆم لە ناو ئەم هەموو جوانییەدا

ئەو هیچانە نابینم کە هیچن و

ئەو هیچانە دەبینم کە شتن و نابینرێن.

من سیحرێک لە گیرفانمدایە

بینین وەک بەچکە کەروێشک بە گوی دەگرێت.

 

ڕووبارەکان دەڕۆن و ڕووخساری مرۆڤەکان و

گەرمی جەستەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن،

ئەو نەوتراوانەيش کە وەک ئۆفیلیا

سەیری تریفە دەکەن و

قاچیان دەخزێت و دەکەونە ڕووبارێکەوە و

دەخنکێن،

کەس نییە ڕزگاریان بکات، جوانی نەبێت،

ئاوی گوناهبار هەموومان لەگەڵ خۆی دەبات و

وێنەمان لە جێگایەکی تر خەلق دەکاتەوە.

 

نەفرەتلێکراوەکە منم

کە دەبێت ئەو نەبینراو و

نەبیستراو و

نەبووانە بدۆزمەوە،

کە ڕۆما لەخۆیدا هەڵیگرتوون.

 

نیگام وەک تەونی جاڵجاڵۆکە لە قەوسی کڵێسایەکدا گیردەبێت،

لە ژێر قورسایی پایەکان و

جوانی پەیکەرەکاندا واقی وڕدەمێنێت.

کاتێک بینین دەخەمە سەر ئەلفوبێی زمان، بەشێکی دەمرێت؛

کاتێکیش بیستن دەخەمە سەر لەرەی مۆسیقا، بەشێکی دەمرێت؛

من وارسی ئەو بەشە مردووانەم،

کە دەبێت زیندوویان بکەمەوە و

نەهێڵم بریقەی جوانیان کوێرم کات.

بەسەر ئەو پلیکانانەدا سەردەکەوم،

کە هەزاران هەزاری وەک من

هەزاران ساڵە بەسەریدا سەردەکەون

بۆ ناو قوڵایی خەرەندێک

کە ژیانە.

 

با شەستە باران ببارێت لە ڕۆما

با لەگەڵ دڵۆپەکاندا ڕووناکیش بڕژێت،

با لرفە لرفی ئاگری جوانی بمسووتێنێت.

ئاگری جوانی

بەربۆتە من،

لە ڕۆما.

٢٦/٢/٢٠٢٣