نیتالیا، کە بوونمی لەرزاند
موراد عەلی/ شاعیر/ ھەولێر
وەک کۆتا کۆپلەی گۆرانییەکی بەد،
تنۆک، تنۆک، ڕژامە ناو ژیان،
سەرەتای بوونم،
کۆتایی دنیایەکی سپی بوو.
تۆیش وەک خەونێکی بەهەڵم بوو،
هاتی و بە ئەسپایی ڕۆیشتیت،
باسکردنی پەپولە و باڵندە
ئیشی شاعیرانی ترن،
بۆ نووسینەوەی شکست لێرەم.
خەیاڵە جوانەکانم فڕیون،
بۆ گۆڕستانی میللەتە بەدبەختەکان.
باسی لەرزینی عەرش دەکەم، کە تۆیت.
باسی دوو پیاوکوژ دەکەم، کە برۆکانتن.
باسی ڕووگەی ئایینی ئەڤین دەکەم، کە تۆیت.
ئەڤین، کە وەک قاوەخانەیەکی کۆن،
لەسەر ڕێگای هەستەکانم تووشی بووم.
یەکەم فینجانم ناوی تۆ بوو،
دووەم تەمەنت، سێیەم سێبەرت،
چوارەم نازانم چی؟
تەنیا دەزانم تۆ بوویت.
ژەهر دوای ژەهر لەتۆدا تێپەڕین،
بوێری گرتنەوەی فاڵی کەسیترم نەبوو.
نیتالیا، دەمەوێت ڕاستییەک ئاشکرا بکەم،
هێندێک شاعیر جار جارێ خەون بە خوداوە دەبینن،
درۆمکرد، کە گوتم، دەڵێن، گوتویەتی: “بۆیەک دەبن!”
دەڵێن، گۆڕ غەریب، لەباوەشێکی تر دەمرم نیتالیا.
شاعیرەکان پیاوی بەیەکگەیشتن نین، نا.
ئەوان، تا بەکەسێک بڵێن: “خۆشمدەوێیت”
دەبێت ساڵێک، وزە لە خۆیان بدزن و بیدەن بە وشە.
بە من مەڵێ: “کام شاعیر؟”
هەموویان، هەموویان…
نیتالیا، وەک کچانی تر مەبە،
پەنجەی باڵابەرزەت بەرزکەوە و
بەدەم خواردنەوەی شەرابی سور
لە کۆڵانەکان هاواربکە: “تف لەتۆ ئەی کچێتی”
یان هەموو بەیانییەک بەر لە گزنگ لەخەو ڕابە و
بۆ دەنگی وردبوونی دڵەکان، سوجدە بەرە! بڵێ: “هەر ئێوە نا، هەموومان،
هەناسەمان توایەوە هەموومان”
تۆ ئەوە لەبری من بکە و بڵێ:
”ئەوەندە تاریکی تەنگی پێ چنیووین،
چاوەکانمان بە گڵۆپ ژاندەکات،
ئەو میللەتە پیس گوناحە.”
نیتالیا،
دەترسم بمرم و
بەیانییەک نەتوانم وشەیەک بخوێنمەوە،
ترسم نییە لەوەی ئیتر بۆ هەمیشە شاعیر نیم،
دەترسم هیچ کەس نەتوانێت وەک خۆم
ژیانم یادداشت بکات.
دەترسم کەس نەتوانێت،
ئەو ڕۆژە بنووسێتەوە، کە لە باخی گشتی
ڕێک بەرامبەر مەحوی جێتهێشتم.
هەمان شەو خەونێکم بینی
لە خەوەکەدا شیعرم دەنووسی و خەو بردمییەوە،
لەوێدا مەحوی لێت زویربوو،
ئەی کافرترین شیعری من.
بیرمە، دواتریش من و خەیاڵ یاریمان دەکرد،
من سەریم دەخوراند،
سەرمی دەخوارد، ئەویش!
بیرمان دەکردەوە بیرت نەکەین
ئیتر، لەپڕ پیاسەیەکی زووترت هات وو
هەردووکمانی لەکەدار کرد.
ئاخر نیتالیا، کە باجی لەسەر بێت
خەیاڵ، دەبێت بە نۆتەیەکی بێزارکەر.
، یاخی بوون، درۆیەکی شاخدارە.
لەپێناو نەمانی سۆز،
درووستیانکرد، ئاخر تۆیان نەدەناسی!
تۆ تاکە مرۆڤی عەقڵ دەخەیتە ژێر پرسیار.
عەشق تاکە هەبوونە
ناکەوێتە ژێر هیچ پرسیارێکی عەقڵەوە،
لەو مرۆڤانە مەبە، کە من لێیان دەترسم.
ناوی تۆ کتێبێکی بێکۆتایە لای من،
تا مردن دەتخوێنمەوە.
بەڵێ ترس لە مرۆڤ
لە ئاو و ئاگر و ژیان و مردنیش،
پیشەی منن، نیتالیا،
کە وتم لە بەرزی دەترسم
تێگەیشتم من مرۆڤی ئەمڕۆ نیم،
کە بەدوای ڕابردوو وێڵ بووم
ئەوکات زانیم چ دڕندەیەکە
ژ
یا
ن
ی
پارچە پارچەبووی گەنجیم.
من چۆن گلەیی لە گەورەبوون نەکەم،
کە خەونەکانی منداڵیمی دزی،
گلەیی لە چارەنووس نەکەم،
کە نیوەشەوێک تەمی دووریت،
لە کۆڵانەکەماندا ڕوا،
لە کۆپلەیەکی قەرەباڵغدا ون بووم،
ژیان چیتر بەدوامدا ڕاناکات.
چیتر سپێدە باوەشم بۆ ناکاتەوە،
نیتالیا،
چیتر بەدەم خۆمەوە گۆرانی ناڵێم.
ئەو گۆرانیەیی تەنیا من و تۆ
ئاوازەکەیمان دەزانی!
ئەمێستا جلەکانم تەسکبوبوون لەبەرما،
چونکە دڵم بەرگەی شوێنی خۆی ناگرێ،
زیاتر لەوە برینم هەڵمەکۆڵە
لە ناوی تۆ زیاتری تێدا نییە.
ئەو بیرکردنەوانەم بەسەردامەهێنە،
ڕۆژانێک سەرمیان دەخوارد،
پیربوونم تەمەنم نەبوو، دووریم بوو لەتۆ،
ئەو شەوەم بیرمەخەوە؛
”بەتەنیا لەژوورێک من و تۆ و شەیتان بووین، بیرتە؟ لەبری ڕێگەی ماچ ئەو ترسنۆکە ڕێگەی دابڕانی بۆ ڕووناک کردینەوە، ئەوبوو وایکرد نەتوانم سەربخەمە سەر ڕانت، نەیوێرا وەسوەسەی مەمکەکانت لێوم بکرۆژێت، وا مەکە خەیاڵ چیتر ئازارم بدا”
هاوینی 2024