فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بۆ دنیا وا واڵایە؟

بۆ دنیا وا واڵایە؟

کاروان سۆفی/ شاعیر / سلێمانی

شەو هەبووە هەزار تلم داوە
خۆم خواردۆتەوەو هەناسە سوار بیرم كردۆتەوە
تا تێگەیشتووم بۆ باوكم هەندێك شەو تا بەرە بەیان
لەناو دووكەڵی جگەرە و داڵغەی قوڵا
بە بێ‌ جوڵە دانیشتووە
ئێستا تێگەیشتووم بۆ باوكم خەمی ئەوەی بوو كە دڵتەنگ نەبم
ئەیزانی دڵتەنگی سەرەتانی خۆشبەختیە
هەر كە هاتە ناو سنگتەوە
ڕۆژانێكی زۆر ،شەوانێكی درێژ ئەمێنێتەوە
تا كەتنێك نەنێتەوە ناڕوات
تا شتێك نەشكێنێت دەستت بەر نادات
تا پیرۆزیەكت لێ‌ نەڕفێنێت ڕا ناكات
تا شەكەت و ماندوت نەكات كۆڵ نادات
دواجار
ئەتدا بە دیوارێكی زبراو نیوە مردوو
بەجێت ئەهێلێت

شەو هەبووە تا خۆر هەڵاتووە من بێدار بووم
شەوانێكی درێژ
بێ‌ ئەستێرە .. بێ‌ مانگ ..
کپ و سامناک
هەر خۆم و سێبەری خۆم
لەسەر چۆک بێ جوڵە دانیشتووم
لە بەختی من سیسركەكانیش بێدەنگیان هەڵئەبژارد
چیتر با لقی درەختەكانی نەئەشەكاندەوە
دڵم بە میاوی پشیلەیەك خۆش بوو نەبوو
بەدەنگی كەوتنێك، هیچ نەئەكەوت
بە شەقەی باڵێك … دڵۆپە ئاوێك
گریەی منداڵێك .. ناڵەی عەوداڵێك
نەبوو
ئەمویست هیچ نەبێت گوێم لە دەنگێك بێت
لەو شەڕەی بێدەنگیەی ناخم ڕزگارم كات
بەڵام نەبوو
ئێستا تێئەگەم .. باوكم بۆ ڕادیۆكەی هەمیشە ئیشی ئەكرد
تەنانەت ئەو كاتانەشی گوێ‌ ی لێ‌ نەئەگرت

شەو هەبووە تا گەرووم هاتووە غەمگینی
دەم دەمە گریاوم و هەر خۆشم دڵی خۆم داوەتەوە
قەفەزی سنگم هێند تەنگ بووە جێگای هەناسەیەكی
قوڵی تیا نەبۆتەوە
دڵە كوتە و هەناسە كورت و سوار
بە ناو شەقامەكانی شارا گەڕاوم ..
تەماشای هەر شتێکم کردوە ڕەش
دەستم بۆ هەر شتێک بردووە ژاکاو و هەڵقرچاو
سەدان جار ئێڵنجم داوە
نازانم بۆ هەموو ئەوەی ئەمبینی هەر وەك من
غەمگین و دڵ مردوو هاو خەم بووین
ئێستا تێگەیشتم بۆ باوكم
مەراق و غەمگینیەكانی لە پشتی بزەیەكەوە ئەشاردەوە
تا خوانەخواستە ئێمەش شەوان بێدار نەبین
نەچینە ژێر بەتانی تەنهاییمانەوە
لەسێبەری هەڵپروزاوماندا نامۆییمان نەبینین
تل نەدەین و شەوێكی درێژ
گوێ‌ هەڵنەخەین بۆ دەنگێك كە نیە ..
بەختی وەریومان کۆنەکەینەوە..

شەو هەبووە دڵتەنگی تا گەروم هاتووە
شەکەتی ئەژنۆی شکاندووم
بیری هەموو ئەوانەم کردووە کەڕۆیشتوون
بۆ سێبەری بەجێماویان گەڕاوم
بەدوای بۆنی پەرشبویانا ڕۆیشتووم
ئاوڕم داوەتەوە و تێگەیشتووم
من چەند تەنهام
چەند چۆڵە دڵم
تێگەیشتووم دەنگی من
چەند بە ئاسانی ئەچێتە بۆشاییەوەو
نابیسترێت
غەمی من چۆن وەکو تۆزێکی بەباچوو
لەسەر ڕەفە فەرامۆشکراوەکان ئەنیشێت و
نابینرێت
تێگەیشتووم
بۆ باوکم دەرگای لە میوانەکان دا ئەخست
تا نەڕۆنەوە
بۆ سفرەی ماڵی ئێمە هەمیشە
پڕ خوان و زرینگەی پەرداخ و
جێ ئاشتی و جێ شەڕی خزمان بوو
بۆ ماڵمان هەموو کات
پڕ ڕاز و نهێنی پارێزی دۆستان بوو

شەو هەبوە گەڕاوم بۆجێیەکی چۆڵ
کونجێکی توناو تون
زیندانێکی تەنگتر لە ژیان
تا بێشەرم و بە ئیسراحەت
دانیشم و پڕ بەگەرووم بگریم
سنگ بکوتم و ئەو سوێیەی لە دڵمایە
هەڵی ڕێژم
وەک مریشکێکی سەربڕاو خۆم بگەوزێنم لەخۆڵدا
خۆم بتەکێنم لەم هەموو غەمانە
هاوارکەم … بناڵێم
تێگەیشتم بۆ باوکم هەندێک کات
بەدەم خۆیەوە ئەیووت :
بۆ دنیا وا واڵایە ؟
بۆ جێیەک نیە خۆمانی تیا بشارینەوە
نهێنیەکانمانی تیا بنێژین
ئەم دەرگای ژیانە بۆ هەردەم
ئەم سەر بۆ ئەوسەری
هەر وەکو کاروان سەرا وەهایە