فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سینۆگرافیای هۆنراوەیەکی بێ کۆتا

((سینۆگرافیای هۆنراوەیەکی بێ کۆتا))

سروەی بەیان/ شاعیر / ھەولێر

لەگەڵ شیعرا
پێش کازیوە لەخەو ڕابێ
گەشتێکمان کرد
تا قووڵایی شینی ئاسمان
بینیمان مێگەلێ نووستوو
گەلێکی چەند ساڵە پەرتبوو
لە سەر ئاخوڕی
دەسەڵاتێکی ویژدان مردوو
لێرە و لەوێ دەلەوەڕان.

لەزامستانی کیمیاباران،
شیعر نەبوو بەفریادڕەس،
تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ
لەهەڵەبجەو قەڵاسێوکەو بالیسان.
هەموو ساڵێ برینەکان دەکولێنەوە و
لەسەر لاشەی هەڵپڕوکاو
تاجە گوڵینە دادەنرێ
لەبەرزایی تەلارەکان
ئاڵای بێچارەیی هەڵدەکرێ
بەدەیان نازناوی بێ ناوەڕۆک
لەسەر ڕستی تەمەنی قوربانیان هەڵدەخرێ
شاری زل و ماڵی وێران،
لە زۆربەیان بووە ناونیشان.

هەر شیعر بوو بردمییەوە
ساڵانی تاڵی ئەنفاڵ و
گۆڕی بەکۆمەڵ کۆمەڵ و
ڕەشە کوژی و
چیرۆکە ژان تێزاوەکانی
هەزاران زارۆی گەرمیانی
نیگام تێکەڵی سەرابە و
پەنجەکانم لمی بیابان ونیکردوون
روانینەکانم تەڵخ تەڵخن
گوێڕادێری بەستەی سۆزێکی غەمگینم
پڕاوپڕە لە دابڕان،
سیمای هەزاران لادێی چۆڵ،
رەشبگیری و سوتماکی خاک
لە ترۆپکی بێویژدانی
لەم گەشتە تراژیدیە بینی.

لەگەڵ شیعرا
چوینە کەرنەڤاڵی بەفر
لە شەختەبەندی نزیک هەور
لە لووتکەی سەرکەشی چیا
هەستم بۆ پەیڤێک دەبزوا
چەندی کردم
لەسوێی خەم و بێچارەیی
هەژاران و کوڵبەرانیی
سەر سنووری سەرمابردە
دەستەکانم خوێنی تێزا
چی لەهەگبەی خەیاڵدانبوو
مانیگرت و هەڵفڕی بەبێ پەروا.

شیعر لەشەنگار
بێ بڵند گۆ و بەبێ مینبەر
بێ تیژكردنەوەی تیغ و شیری باوەڕ
بێ نەڕە نەڕ، هاتە سەنگەر
پەڕۆی سووری
پاكییزەیی كچانی ئێزیدی
كردە ئاڵای شەرەف و
لەسەر بارەگای un ا هەڵیكرد
بێ بەخشینەوەی بڕوانامەی
دۆزەخ و بەهەشت
شیعر وەك خوێن
بە شا دەمارمانا ڕەتبوو
پەیامی پێكەوە ژیانی پێبوو.

لەگەڵ شیعرا
بەدوو باڵی ڕەنگینەوە
چوینە ئەو بنارەی قەندیل
لەوێ کچان و کوڕانی
فێرگەکەی ئاپۆی نێو زیندان
بە لووتکەدا هەڵدەگەڕان،
فێریانکردین
کە ژیان تەنێ دروشم نییە و
بێوچان قوربانیدانە،
دیمەنی لووتکەی سەرکەش و
بێگەردیی بەفرو گەریلا
پێیانگوتین
کە ژیان هەردەم بەرخودانە.

منی بێچارەش …
منی بێچارەش …
لەخەمی نەبڕاوەی گەل و
لەحەژمەتی دەردو زیللەت
خامەکەمم گرتە دەست
لە دارو پەردووی ماڵە ڕماوەکان
هێزی نوێبوونەوەم وەرگرت
هەناسەکانی ژنێتی و
تاسەکانی عیشقی خۆم و
خەونە نەزۆکەکانی گەلم
بەخوێنی دڵ نووسیییەوە
بەسەدان تابلۆی شیعری جوانم
لە کۆتاییەکی ڕزیو،
کرد بە دەسپێک و سەرەتا
لە سینۆگرافیای هۆنراوەیەکی بێ کۆتا.