پیاوێ سووخۆرم
(٢٠ هایکو)
-سەردار نۆڕێ/ شاعیر و هایکونووس و هونەرمەندی شێوەکار./ گەرمیان
(١)
پیاوێ خاکییم؛
بە سەرما دەگرییت،
بۆنی یەکەم بارانی پاییز!
(٢)
کەروێشکەکانی سینگت؛
خۆش سەریان لەناو-
قەسیلی سینەمە!
(٣)
خاولییەکی تینووم،
دەیانخۆمەوە-
تکەی ئاوی سەر جەستەت!
(٤)
شەوێ چاڵی گەردنت-
پڕ شەراب دەکەم،
زمانم مەلەوانە!
(٥)
دەمت ناوەستێ،
ڕۆژێ زمانم-
قفڵی لێ دەدات!
(٦)
تا پەژموردە نەبی،
دەمەوێ ئاو بم-
بۆ گوڵی ڕووحت!
(٧)
خاچێکی لە دارچار،
بە ناز دەمدەی لە خۆت؛
دەبیتە هێمای نازی!
(٨)
زامم بە ئاو-
ساڕێژ دەبێ،
هەڵمژەن لە خۆت!
(٩)
دەستم لە ڕیش بەرداوە،
با تا سینەم بێ-
لەجێی پرچی تۆ!
(١٠)
گەردنت لاڵەیە،
لاڵ دەبم کە زمانم
دەسووم لە بلوور!
(١١)
بیستنم بریندارە،
دە بۆم بدوێ-
دەنگت هەتوانە!
(١٢)
سەگی هەوشارن-
لە بناری چیا،
دڵ هەڵدەدڕن چاوانت!
(١٣)
ملوانەکەی زنجیر نییە-
بە دەوری ملتا،
جێی زنجیرە-گازمە!
(١٤)
پیاسەی ناو دارستان،
نەرمەهەنگاوی پەنجەت-
ناو قژی درێژم!
(١٥)
ڕۆژی دوو جار ناز دەکەی،
بتخەمە ئینجانەوە-
دەبیتە نازناز!
(١٦)
لە بۆتەی دڵما-
دەمێکە هەڵمگرتووی؛
بووی بە مرەبای گوڵ!
(١٧)
بە نەرمایی گوێتەوە
هەڵواسراوە-
شەمشەمەکوێرەی لێوم!
(١٨)
هەوای هاوینی گەرمیانە
قژم وشک دەکاتەوە،
هەناسەی گەرمت!
(١٩)
پیاوێ سووخۆرم،
دەیگۆڕمەوە لەگەڵت-
ماچێ بە دوو ماچ!
(٢٠)
بە مزگێنیی هاتنت،
لەجیاتیی جل-
کۆتا هایکووم لەبەر کە!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ