فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەو پاکیزەتر لە شەونمەکانی سەر گەڵای دڵم

ئەی پاکیزەتر لە شەونمەکانی سەر گەڵای دڵم

مەسعود عوسمان/ شاعیر /  ھەولێر

ئێستا نۆتەی چ مۆسیقارێك لە گۆرانیيەکانی تەمەنت دەژەنی؟

تۆ کە تا ئێستاش ریشاڵەکانی دڵمت کردووە بە ژێی کەمانچەکەت
بۆ ئاوازێك ناژەنی؛
تاكو فرمێسکەکانم ببێ بە تابلۆیەك لەسەر گۆنام و
هەڵیواسم بەبن میچی رۆحمەوە.

کەمانچەکەت بژەنە؛
منی تێ نوو بە ژیان و خۆتی غەمگین تر
لە کوکوختیەکانی بەردەم باران
بخەرە دیوی دووەمی ژیان،
پاکیزەتر لە مەریەم و پاکتر لە یوسف؛ خۆم و تۆین.

دەستەکانتم پێ بدە تا ڕۆژانی بێ تۆیيم بۆ هەژمار بکرێ
دەستێك بەسە و سێ پەنجەشت زیاد.

دوێنێ بوو فرمێسکەکانم بە پەنجەیەکی ترت وشک بوون
ئەمڕۆش پەنجەکەی ترت دەبێتە پێنوسی شیعرێکم و
دەیکەین بە گۆرانیيەك
بۆ پاساریيە دەلالەکانی حەز و شەوەت.

لە بێ تۆیی بیری خۆم دەکەم
کەی دێیت بەخۆمم شاد بکەیتەوە،
تکایە کەمانچەکەت بژەنە
بۆ خۆتی پڕ لە من و منی ڕێك خۆت.

تێکەڵم بکە لەگەڵ نەسیمێك و
بە گوێچكەكانیان بچرپێنە:
بۆ یەکتر نە بووین دەلالەکانی حەز، بۆ یەکتر نەبووین، ئاسوودەبن.

کێ دەڵێ من هەر ئەم پەپوولەم
ئێستاش لە ناو باخچەکانی چاوی “یوسف” بە دەمی پڕ لەنزا و
دەڵێم: ئەی خودای سەبر، سەبرم پێ ببەخشە.

ئەمڕۆژانەی ژیان هاوچەشنی حەزە پاکیزەکانی من بوون
هەرگیز نابنەوە میوانی دڵی مردووم.
چۆن جارێکی ديكه بەم هەموو مردنەمەوە شەتلێک بڕوێنم
بەهیوای سەرخەوێکی ئاسودەیی لە ژێريدا ؟!

کەمانچەکەت بژەنە؛
من دەزانم ئێوارەیەك لە ناو پێخەفی تەنیاییم سارد دەبمەوە
تۆ بەیانی بە ئاگادێیت و سەرینەت تەڕ تەڕ بووە
چەند درەنگ بووە ئازیزی من درەنگ بووە بۆ لێدانی زەنگی هیوا،
نۆتەکانت مەوەستێنە بە بیانۆی سڕینی فرمێسکی چاوت
ئاخر من بە مردوویيش بیری کەمانچەکەت دەکەم
ئەی ژێی کەمانچەکەت ڕیشاڵی دڵم نەبوو؟
کەمانچەکەت بژەنە و با دڵم لە لێدان نەکەوێت.