فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

     مۆته‌كه‌

 

       مۆته‌كه‌

 چیرۆكی: فروغی فەروخزاد

وه‌رگێڕانی: خالید فاتیحی/ نووسەر و وەرگێڕ / رانيە

 

 

كاتێك پەرویزی بچكۆلە نیوەشەو لەخەوڕابوو، تاریكی و بێدەنگی باڵیان بەسەر ژوورەكەدا كێشابوو. جگە لە هاشووهووشی دەریا كە لە دوورەوە هەڵدەستاو لە پەنجەرەوە دەهاتەژوور، دەنگێكی دیكە نەدەبیسترا.

یەكسه‌ر‌ هەستیكرد لەنێو جێوبانی خۆیدانییە. بەسەرنجه‌وە لەدەورووبەری خۆی ڕوانی، لەوكاتەدا قسەی باوكی وەبیرهاتەوە كە بەدرێژیی ڕێگا بەردەوام دەیگوت:

«خوابكا لەكاتی خۆیدا بگەینێ‌، كەناری دەریا لە هاویناندا زۆر قەرەباڵغە، ڕەنگە ژوورمان دەست نەكەوێ‌.»

لەوكاتەدا مژۆڵەكانی چەند جارێك لێكنان و بەپارێزەوە لە جێگاكەیدا تلاوتلی كرد، ئێستا ئیدی چاوەكانی بە تاریكی ڕاهاتبوون و هەموو هێڵەكانی دیوار و پەردەكانی لێك دەكردنەوە. كەمێك لەلای خۆیەوە و لەلای چەپی كەسێك نووست بوو. سەری بردەپێش و بەسەرنجەوە لێی ڕاما: ئاهای، ئەوە خوشكە بچووكەكەی بوو. دەستی درێژ كرد تا وەخەبەری بێنێ‌ و لەگەڵیدا باسی دەری او هەتاو و ئەو گوێچكە ماسیانە بكا كە لەكەناری دەریا كۆیان دەكەنەوە، بەڵام دەستبەجێ‌ پەشیمان بۆوە، دڵی نەهات خەوە ئارامەكەی لێ تێك بدات. لەسەرخۆ وەكوو مار خزی و چووە سەر جێگاكەی، ئەوجار سەیری ئەو لایەی دیكەی ژوورەكەی كرد. لەلای ڕاستەوە، لەسەر قەرەوێڵەیەكی بچووكی یەك كەسی دایكی و باوكی بەتەنیشت یەكەوە خەوتبوون. لەبەرخۆیەوە گوتی:

«نازانم ئەمشەو لەبەرچی دایكم ڕێگای داوە لە ژوورەكەیاندا بخه‌وین؟»

لەوكاتەدا وەك كەسێك كە بیەوێ‌ خۆی لەدەست بیرێكی به‌ئازار ڕزگار بكا، دەستی كرد بە ژماردنی پەنجەكانی: یەك… دوو… سێ… چوار…

لە دیوارەكەی بەرامبەری تابلۆیەك هەڵواسرا بوو. وێنەی پیاوێكی ڕیش درێژ بوو بە  عەبایەكی ئاودامانەوە. لە تاریكیدا نەیدەتوانی بە باشی تابلۆكە ببینێ‌، بەڵام هەمان تارمایی كەم ڕەنگی ڕووخساری پیاوەكە، هەمان شەڕ و هەرای وەبیر هێنایەوە كە لە یەكێك لە چایخانەكانی سەر ڕێگادا دیت بووی. دەستەكانی هێنانەخوار و لە تاریكیدا كەوتەبیركردنەوە:

«بنیادەمێكی چەندە سەیر بوو، دەبێ زۆر خراپ بێ، لەناو جانتاكەیدا هەموو شتێكی چاو بەستنی پێ بوو.»

دوایی قەڵافەتی داپیرەی هاتەوە بەرچاو كە زستانان لەپشت كورسی دادەنیشت و چیرۆكی پڕ لە نهێنی بۆ دەگێڕایەوە. دووبارە لەبەرخۆیەوە بیریكردەوە:

«حەتمەن ئەو پیاوەی داپیرەم باسی دەكرد دوعا دەخوێنێ‌ و فوو لەخۆی دەكا، مرۆڤ دەبێتە شتێكی دیكە هەروەك ئەوەی لە ڕێگا دیتمان. كە چووینەوە تاران بۆی دەگێڕمەوە. ئەرێ‌ چەندە شكڵ و شێوەیەكی سەیری هەبوو. حەتمەن لەگەڵ جنۆكە و پەری و فریشتەكان سەروكاری هەیە دەنا چۆن شتی وادەبێ.»

وشەی (جنۆكە) تەزوویەكی ترسناكی بە لەشیدا هێنا. هەستی كرد كالانەی چاوەكانی گەورەتردەبن. بەترسەوە لە تاریكیيەكە ڕاما وای هاتە خەیاڵ لە گۆشەیەكی ژوورەكە بوونەوەری كورتەباڵا، بەوشێوەیەی داپیرەی وەسفی كرد بوو، خەریكن دێنە پێش. داپیرەی هەمیشە دەیگوت:

«بسمیللایەكی بڵێ و نەجاتت دەبێ.»

لەوكاتەداو لەكاتێكدا بەدەستی لەرزۆكەوە بەتانییەكەی بەسەر سەری خۆیدا هەڵدەكێشا، لەبن لێوانەوە دووبارەیكردەوە:

« بسمیللا… بسمیللا… بسمیللا….»

هاشوهووشی دەریا،  ئاوازی ڕێبوارێكی سەرلێشێواوی لەڕەشاییدا باڵا پێدەگرت و لە پەنجەرەی ژوورەكەوە دەهاتەژوور. لە كوونێكی بچووكەوە كە لە بەتانیيەكەوە درووستی كردبوو چاوێكی هێنابووە دەر و سەیری ئاسمانی دەكرد كە لە دوورەوە وەكوو شووشەیەكی ڕوون دەهاتە بەرچاو. ئەستێرەكان دەدرەوشانەوە، ئەویش لەكاتێكدا بەپارێزەوە لەدەورووبەری و بەتایبەتیش لە گۆشەی ژوورەكەی دەڕوانی، بیریكردەوە:

«چەندە بەو دە شاییانە دەچن كە باوكم هەندێجار دەمداتێ‌ بیانخەمە داخلیيەكەم و منیش ئەوان بەسەر فەڕشەكەدا دێنم تا بریسكەیان لێهەستێ‌.»

ئەوكاتە دەستیكرد بە ناولێنان و ژماردنی ئەستێرەكان، كە گەیشتە سەدەمین، لە ناكاو ڕاوەستا و گوێی قوڵاخ كرد. لەو لایەی ژوورەكە، ئەو جێیەی باوكی و دایكی لێی نووستبوون، ورتە ورتێك دەهات. وەك ئەوە وابوو یەكێك خەریك بوو بخنكێ‌: دەنگی هەناسەی سوارو قورس.

«یانی چی؟»

وەرسووڕایە لای ڕاستی و دووبارە لەهەمان كونەوە، سەیرێكی گۆشەی ژوورەكەی كردەوە. ئای لەوێ‌، لەسەر قەرەوێڵەی دایكی و باوكی جووڵە جووڵێكی كەم و دەنگی هەناسان، بیریكردەوە:

«حەتمەن دایكم یان باوكم خەویان بەدێوەوە بینیووە، واباشە هەستم و بانگیان بكەم.»

بەڵام دەنگی هانكە هانكێكی كپ كە دوای هەناسەبڕكێ‌ لەولایەوە دەهاتە بەرگوێی، ئەوی لە جێی خۆی وشك كرد. وەك ئەوە وابوو بەیەكەوە قسەبكەن، دەستی باوكی دیت كە لەژێر سەرچەفەكەوە هاتەدرەێ‌، بەرزبوونەوە و بەرەولای گەردن و شانەكانی دایكی دەچوون و وای هاتە خەیاڵ دایكی دەپاڕێتەوە. دایكی دەیەوێ‌ نەهێڵێ باوكی كارێك بكات. بە هەژانەوە بەتانيیەكەی بۆلایەك هەڵدا، ئێستا تەواوی ڕووخساری و شانەكانی لەژێر بەتانییەكە هاتبوونەدەر. دەمی كردەوە تا بانگی دایكی بكات بەڵام هەروا كپ و بێدەنگ لە شوێنی خۆی مایەوە.

هێشتا بابەتەكە لەلای لێڵ و نادیاربوو. سەرەنجام غیرەتی وەبەرخۆینا و بەدەنگێكی نووساوەوە گوتی:

«دایە… دایە…»

«دایە… دایە….»

بەڵام ئەوان گوێیان لێنەبوو، دەنگیان نەبیست.

«شەوانی دی كە بانگی دایكم دەكرد زوو وڵامی دەدایەوە، ئەگەرچی  لە ژوورێكی دیكەيش بوو، ئەو شەو چی بووە؟ بۆ گوێی لە دەنگی من نییە؟»

تاریكی ڕووخسای داگرتبوو، لە تاریكیدا چاوەكانی بەترس و لەرزەوە دەدرەوشانەوە. هەستا سەری هەڵێنا، لەیەك چركەدا هەستیكرد نیگای دایكی لەگەڵ نیگای ئەودا تێك ئاڵقان. لە خۆڕا و بێ ئەوەی بزانێ‌ بۆچی، بەخۆدا شكایەوە. دوو جاران خۆی بەسەر جێگاكەیدا كێشا و لە تووڕەییان مشتە بچكۆلەكانی بەملاولای خۆیدا كێشان. لەوكاتەدا دەنگی چپەچپێكی هاتەبەرگوێ‌. یەك لەحزە بێدەنگی، ئای یەكێك بەرەولای دێت. هەستوخووستی لەخۆی بڕی و گوێی هەڵخست: باوكی بوو مەلافەیەكی سپی لەخۆی هاڵاندبوو. پێڵوەكانی لێك نان و لەتاریكیدا بیری كردەوە:

« ئای لەوە! باوكم لەبیری چووە ئەمشەو بیجامە لەبەربكا.»

بەڵام لەوكاتەدا هەستێكی نادیار وای لێكرد خۆی دەخەو بكا. باوكی هەنگاوێكی مابوو بیگاتێ‌. ڕاوەستا ماوەیەك لەتاریكیدا لێی ڕاما.

«پەرویز، پەرویز…»

بەڵام چووكترین جوڵەی نەكرد. وەك ئەو كەسەی كەوتبێتە خەوێكی قوڵەوە بە ئارامی هەناسەی دەدا. باوكیشی هەستاو لێی دووركەوتەوە پەرویز گوێی لێ بوو كە بە دایكی دەڵێ:

«نا، بەستەزمانە نووستووە.»

كاتێك ئەوان لەسەر قەرەوێڵەكە لەپەنایەك درێژبوون، پەرویزیش لە كونی بەتانییەكەوە سەیری دەكردن. ئەوجار دەنگەكە بەرزتروو ئاشكراتر لەجاری پێشووبوون. دووبارە دەنگی ناڵەناڵی دایكی دەهات. بەسەرسووڕمانەوە لەبەرخۆیەوە گوتی:

«بۆچی دایكم چی كردووە…؟ ئەرێ‌ بۆچی دایكم هاوار ناكا؟ ڕەنگە دەمی بەست بێ. ڕەنگە بە دەستماڵ دەمی بەست بێ.»

ناڵەناڵەكان وەك ئەوە وابوو كە بەزەحمەت لەو دەنگانەی كە بەدەست گیرابن دەهاتنەدەر. ئارەقەیەكی سارد سەرتاپای لەشی داگرت. ده‌می وشك ببوو. دەیویست هاوار بكا بەڵام دەنگی دەرنەدەهات. بەزەحمەت لەناو جێگاكەیدا وەرسووڕا و لەناكاو گوێی لە دەنگی باوكی بوو كە وشەیەكی لێكدا لێكدا دووبارە دەكردەوە:

«دەنگێ‌ مەكە… دەنگێ‌ مەكە… ئەگەر دەنگ بكەی…»

تەنیا وشەیەك بوو كە توانی بووی لەسەرەتاوە تا ئێستا لەنێوان ئەو هەموو ورتەورتەدا بە ڕوونی تێی بگا. بە ڕقەوە ددانی چیڕكردن.

« ناهێڵێ، ناهێڵێ دایكم هاوار بكا.»

سەرتاپای لە ترس و لەرزدا دەلەرزی. جارێك دەستی هێناپێش تا خوشكەكەی وەخەبەربێنێ، بەڵام زوو پەشیمان بوەوە.

«هیچی پێناكرێ‌، هەڵدەستێ‌ دەستدەكا بە گریان و هاتوهاوار، ئەوكات هیچ شتێك ناكرێ‌. باوكم هەموومان بەیەكەوە داركاری دەكا.»

بیری كردەوە:

«دەبێ هەر چۆنێكبێ خۆم بگەیەنمە پەنجەرەكە، لەوێوە خۆم فڕێدەمە خواری و خەڵكی ئاگاداربكەمەوە كە دەیانەوێ دایكم بكوژن.»

بەبێ دەسەڵاتییەوە دووبارەی كردەوە:

«دایكم دەكوژن.»

ئێستا ئیدی دەترسا سەیری ئەولایەی ژوورەكە بكات، یەكجێ ئەوەی وەبیرهاتەوە كە ساڵی پار داپیرەی كتێبێكی بۆ خوێندبۆوە. لەسەربەرگی كتێبەكە وێنەی پیاوێكی لەسەربوو كەڕیش و سمێڵێكی درێژی هەبوون و لەسەرسنگی دێوێك دانیشت بوو، بە دەستێكی شاخێكی دێوەكە بوو بە دەستەكەی دیكەيشی كێردێكی گەورەی بەرەولای دەبردەپێش. كاتێك بیری لەو پیاوە دەكردەوە وای بە خەیاڵداهات كە باوكی زۆر وەك ئەو پیاوە دەچێ. هەوڵیدا ئەو پەیوەندیەی لەنێوان ئەو پیاو ەو باوكیدا هەبوو وەبینێ، بەڵام ئاقڵی بەهیچ جێگایەك نەگەیشت. لەوكاتەدا بەوپەڕی ماندوویەتیيەوە لەبن لێوانەوە پرتەپرتێكی كرد.

«بابەگیان، تۆ لەگەڵ دایكمدا زۆر باشبووی. ئێستا بۆ دەتەوێ بیكوژی.»

دەنگی ناڵەیەكی درێژ و بەرز كە وەك قیژە دەچوو تەواوی ژوورەكەی داگرت، ئەویش بەترسەوە گەڕایەوە لای قەرەوێڵەكەی باوك و دایكی و چاوی تێوەبڕین، بەڵام قەرەوێڵەكە لەهەرچەشنە جوڵەو تەكانێك كەوت بوو. داهاتەوە و بە شڵەژاوی سەیری ئەولایەی كرد و وای بەبیرداهات كە دایكی لە جوڵەكەوتووە و خوێن لە گەردنییەوە هەڵدەڕژێ و دڵۆپ دڵۆپ دەڕژێتە سەر فەڕشەكە، باوكیشی كەمێك ئەولاتر لە هیلاكیان كەوتووە و لەهۆش خۆی چووە.

دەنگی هاوارێكی كپ لەلێوەكانی هەستا:

«سەرەنجام دایكمی كوشت.»

دەمی خستە سەر باڵنجەكە. دەترسا. بیریكردەوە ئەگەر باوكی گوێی لە دەنگی بێت ڕەنگە ئەویش بكوژێ‌. شانەكانی تووند دەلەرزین و ڕوومەتەكانی پڕ ببوون لە فرمێسك و شتێك چنگی لە سینەی گیردەكرد. لەوكاتەدا وای هەستكرد كە بەزوویی دەخنكێ‌.

كاتێك یەكەمین تیشكی خۆر لە پەنجەرەوە هاتەژوور دیوارەكەی ڕووناك كردەوە. بێ ئومێد و ماندوو لە قەرەوێڵەكەی هاتەخوار. تەنیا سەیری ژێر پێی خۆی دەكرد. بەلارەلار بەرەولای دەرگاكە دەڕۆیشت. حەزی نەدەكرد ئیدی باوكی ببینێ‌. ڕقی لێ دەبووەوە بڕیاریدا ڕابكات. لە پەنادەرگاكە یەكێك بانگی كرد:

«پەرویز، پەرویز.»

سەرتاپای دەلەرزی. ئەوە دەنگی دایكی بوو. گەڕایەوە و بەسەرسووڕمانەوە سەیری كرد. نا، ئەوە دایكی بوو. بەهەڵە نەچوو بوو. دەستی كە بە دەستگیرەی دەرگاكەوە بوو سست بوون. ماوەیەك لە چاوەكانی دایكیيەوە ڕاما، كەوەك دوو ئەڵماسی ڕەش بە ڕووخسارییەوە دەدرەوشانه‌وه‌، خەندە تەڕ و گەشەكەی دیت كە لەسەر لێوەكانی سەمایان دەكرد. لەوكاتەدا سەری وەدیوارەكە كرد و لەخۆشیان گریا و وای هاتە خەیاڵ كە تەواوی شەوی ڕابردوو لە مۆته‌كه‌ و ترسێكی تۆقێنەردا بووە.

***

 

 

سەرچاوە:

له‌ كتێبی (شناخت نامە فروغ فرخزاد- نشرە قطرە- گرد اوەرندە، شهناز مراد كوچی، چاپ دوم تهران 1382) وەرگیراوە.