فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەرد لەمە کوشندەتر، هەر نابێ!

دەرد لەمە کوشندەتر، هەر نابێ!

شنيا عەبدولمەجيد/ شاعير / هەولێر

 

بە نزیکراوەی دوو ساڵێک دەبێ کە خەریکی دەستنووسێکی ڕۆمانی دووەمم بووم، خودا باشی هێنابوو کە لە کۆتایی بەسەرهاتەکانی ئەو ڕۆمانەدابووم، ئەوەندەی لە دەوامی قوتابخانەکەم شاغرم هەبوایە، یەکسەر ڕووم دەکردە پەرتووکخانەی قوتابخانەکەم و…ڕۆ دەچوومەوە نێو ئەو ڕۆمانەی کە خەریکی نووسینەوەی بووم، کە کاتیش زیاتر مەودایی نەئەدا، پەرتووکی دەستنووسەکەم دادەخستەوەو… دەمخستە نێو دۆڵابی تایبەت بە کەل و پەلی خۆم وەک مامۆستایێ لە قوتابخانە، پڕۆسەی خوێندن بەرەو کۆتایی دەچوو، تاقی کردنەوەکانی وەرزی دووەم بەکۆتا هات و… ئەمنی سەرقاڵیش بە مەشغەڵەتی ژیان و… جەنجاڵیەکەی، هەر بیرم چوو کە ئەو دەستنووسە ڕۆمانەم بهێنمەوە ماڵ، زەین شۆریم درێژەی کێشاو… تا ئەوێ ڕۆژێ کە مووچە هات و بەندەیش وەک هەر فەرمانبەرێکی حکومی، ڕووم کردە خوێندنگاو… لەوێ بە قسەیێکی بەڕێوەبەر، وەک شەڕاڕەیێک کە لە ناو ڕۆحتی بدا، ڕاچڵەکام و… بە هەناسە ساردی مووچەکەم دانایەوە سەر مێزی بەڕێوەبەرەکەم و… بە واق وڕماییەوە پێم گوت:-

+ چی چی؟؟؟ ئەوە تۆ دەڵێی چی ئوستاد؟

– هیچ نیە مامۆستا، تەنها کەل و پەلە زیادەکانی مامۆستایان هی ناو دۆڵابەکانمان هەموویی سوتاند، هەرچی پەڕو کاغەزێک هەیە.

+ بە تەتەڵەیێکەوە و… بە هەناسە سواری، گوتم تەنانەت پەراوگەکانیش؟؟

– ست شنیا، هەرچی پەراوو کاغەزێکن، گوتمان با پاکی کەینەوە بۆ ساڵی داهاتوو.

ئیتر لە شوێنی خۆم لەسەر کورسیەکەی نزیک بەڕێوەبەر دانیشتم و.. گوتم دەزانی منت کوشت ئوستاد؟ لە وەرامدا گوتی بۆچی؟ خۆ هیچ نەبووە مامۆستا؟

گوتم مودیر، ڕەنجی نووسینی دوو ساڵانت لێ بەبادام! بریا بمردمایە، بەس ئەو چەقۆ ژەهراویەم وەدڵ نەکەوتایە!

ئیدی بە دڵتەنگی و.. خەمینیەوە یاغر یاغر بەرەو ماڵ شۆڕ بومەوەو… لە ناخەوەش لە گەڵ خۆم دەجەنگام و… هەزارو یەک پرسیارم لەخۆ دەکرد!

بۆچی نەم بردەوە ماڵ؟

بۆ لە بیرم کرد؟

بۆچی سوتاندیان؟

چۆن دووبارە ئەو هەمووە خەیاڵ و… واقیعە داڕێژمەوە؟

ئیدی بۆ ئەوانەی جێدێڵم، کە لەو ژانەم تێدەگەن و… دەستی نووسینیان هەیە، ئەوان لێم تێدەگەن کە چەندە سەختە کاتێک نووسینێکت لێ زەڕ دەبێ، چ جایی دەستنووسی ڕۆمانێک، کە ڕەنجی دوو ساڵانتە! دەی مەگەر کوشندەتر لەم دەردە هەیە؟